مامۆستایەک: حکومەتی هەرێم بێدەنگە لە داواکانی گەل

وەرزێکی خوێندن کۆتایی هاتووە و تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری خوێندن دەستی پێنەکردووە، مامۆستایان لە بایکۆتدان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نەهاتۆتە دەنگ و بەڵێنێکی فەرمی بە مامۆستایان نەداوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- وەرزی یەکەمی خوێندنی ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کۆتایی هات و تا ئێستا حکومەتی هەرێم داواکانی مامۆستایانی جێبەجێ نەکردووە، نەک تەنها داواکانیان جێبەجێ ناکات بەڵکو لە هەوڵدا نییە بۆ چارەسەرکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەڵێنی ناڕاست بە مامۆستایان و فەمانبەران دەدات، لەلایەکی دیکەوە کار دەکات بۆ یەکنەگرتووی گەل، تا گەل پاڵپشتی یەک نەکەن لەسەر مافەکانیان.

 

دوێنێش، ٢٠ی کانوونی دووەم بەشێک لە نوێنەرانی مامۆستایان و مامۆستایانی وانەبێژ بانگهێشتی ئاسایشی ناوچەکان کران و کار دەکرێت بۆ وەستاندنی بایکۆت و ناڕەزایەتی مامۆستایان.

 

داواکاری مامۆستایان لە مافەکانیان کەمترە

نەسرین حەمەئەمین، مامۆستا و ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی، دەربارەی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن و یەکگرتووی گەل ڕوونیکردەوە، لە سەرەتای دەستپێکی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ مامۆستایان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، چونکە مامۆستایان سێ مانگ بەر لە کردنەوەی خوێندنگە مووچەیان وەرنەگرتووە و لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە مووچەکانیان هەڵگیراوە، لە ئێستادا کە وەرزی یەکەمی خوێندن تەواو بووە، مامۆستایان لە بایکۆتدان.

 

جێی ئاماژەیە، داواکاری مامۆستایان لە پێنج داواکاریدا کۆبووەتەوە، گێڕانەوەی مووچە خوراوەکانیان، پلە بەرزکردنەوەیان کە چەندین ساڵە ڕاگیراوە، دامەزراندنی وانەبێژان و گێڕانەوەی مووچەی سێ مانگی ٢٠٢٣ و پێدانی مووچە بە سی ڕۆژ جارێک، ئەو مامۆستایە وتیشی: حکومەت بە مەبەست داواکاریەکانمان جێبەجێ ناکات.

 

"لایەنی پەیوەندیدار بەنیازە بە بەڵێنی ناڕاست مامۆستایان بخاتەوە هۆڵەکانی خوێندن"

مامۆستا نەسرین باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێم بە پلان داواکاری مامۆستایان جێبەجێ ناکات و دەیانەوێت بە بەڵێنی درۆ و ناڕاست مامۆستایان بگەڕێننەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان لە مێژە متمانەیان بە حکومەت و بەڵێنەکانی دەسەڵات نەماوە، هەر بۆیە بایکۆت ناشکێنن و ناچنە هۆڵەکانی خوێندن تا داوەکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت.

 

دەشڵێت: حکومەت هیچ بەڵێنێکی بە ئێمە نەداوە و تەنها کاغەزێکە بە بیروڕای خۆیان بەیاننامەیان دەرکردووە، ئەویش تەنها کاغەزێکە نەک بەیاننامە و تیایدا تەنها دان نراوە بە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و گرێبەستکردنی وانەبێژان، چونکە گرێبەست هیچ بۆ ئەوان ناگۆڕێت، وە ئەم بڕیارە بڕیارێکی وەزارەت نییە، چونکە نە نووسراوە دامەزراندن یاخود پلە بەرزکردنەوە، بەڵکو نوسراوە بابەت وەڵام و دەکرێت لە داهاتوودا بڵێن ناتوانین وەڵامی دیکە بدەینەوە.

 

"حکومەت تەنها ئامانجیەتی خوێندن بەڕێ بکات"

لە درێژەی قسەکانیدا مامۆستا نەسرین دەربارەی ئەو خوێندنگەیانەی دەستیان کردووە بە خوێندن و بایکۆتیان شکاندووە ڕوونیکردەوە، بەرپرسانی هەرێم لە هەوڵی ئەوەدان خوێندن بەڕێ بکرێت، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم نایەوێت منداڵ فێر ببێت، بەڵکو خوێندن بەڕێ دەکات و تەنها گرنگی بە بەڕێکردنی ساڵ دەدات، ئەو خوێندنگەیانەی چوونەتە هۆڵەکانی خوێندن تەنها بە ناو چوون، چونکە لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ دەوام ناکەن و وەرزێکیش فەوتاوە، کەواتە دەبێت خوێندکار فێری چی ببێت، هەر بۆیە ئەو دەستپێکردنەوەیە زەرەر بە خوێندکاران دەگەیەنێت.

 

نەسرین حەمەئەمین وتیشی: لە ساڵی ٢٠١٤وە دۆخی خەڵکی هەرێم بۆیە بەو جۆرەیە چونکە پەرتەوازەن و بە پەرتەوازەیی داوای مافی خۆیان دەکەن، ئەو دامودەزگایانەی حکومەتی هەرێم کە بایکۆت ناکەن بە سیاسەت و پلانی حکومەت وایان لێکراوە پشتگیری یەکتر نەکەن و دەوامی خۆیان بکەن، بەتایبەت فەرمانبەران بەو ڕێژە زۆرەیانەوە دەتوانن لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ دەوام بکەن و شوێنی یەک پڕکەنەوە بەڵام مامۆستایان ناتوانن وانەی یەکتر بڵێنەوە.

 

"دەسەڵات بە سیستم کار لەسەر پەرتەوازەیی گەل دەکات"

مامۆستا نەسرین باسی لەوەکرد، مافی هەموو تاکەکان وەک یەکن و کاتێک مووچە نییە کاریگەری لەسەر مووچەخۆران و کاسبکارانیش هەیە، بۆیە پێویستە هەمووان پاڵپشتی یەک بکەن نەک بکەونە ژێر ئەو سیستمەی دەسەڵات کە کار لەسەر پەرتەوازەیی گەل دەکەن و وایان کردووە گەل یەکگرتوو نەبێت، وتی: ئێمە چەند پێویستیمان بە یەکگرتووی گەل هەیە، ئەوەندەش دەسەڵات کار لەسەر پەرتەوازەیی گەل دەکات، تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش لە بەرەی گەل نییە.

 

لە کۆتایدا نەسرین حەمەئەمین، ئاماژەی بەوەکرد، نەک بە تەنها مامۆستایان، بەڵکو دەبێت وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە لە خەمی نەفەوتانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاراندا بن، چونکە مامۆستایان بیری وانە و هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، بەڵام داوای مافی خۆشیان دەکەن، دەڵێت: مامۆستایان بێزار بوون لەوەی بێدەنگ بن چونکە ٣٨ مووچەمان فەوتاوە، ٢٤ مووچەمان بە نیوە کەمتر وەرگرتووە و ١٢ مووچەشمان بە لێبڕینەوە وەرگرتووە و سێ مووچەی ساڵی ٢٠٢٣شمان وەرنەگرتووە، بۆیە پێویستە گەل و مووچەخۆران خۆیان لە خەمی مووچە و داهاتووی منداڵەکانیاندا بن.