زستانی سەخت بۆ ئەوروپا یان ئێران!

زستانی سارد لە وڵاتی ئێران دۆخی هاوڵاتیانی سەخت کردووە و بەهۆی نەبوونی غاز و سوتەمەنییەوە چەندین قوتابخانە و فەرمانگە داخراون.

هیما ڕاد

 

سنە- دوو ڕۆژ داخستنی نووسینگەکان بەهۆی نەبوونی غاز لە کاتێکدایە ئێران خاکەکەی دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی غاز، بەڵام خراپ بەڕێوەبردن و هەناردەکردنی سامانی وڵات تەنها بۆ پڕکردنەوەی گیرفانی بەرپرسان، بووەتە هۆی کەمی پێداویستییەکان و دۆخی ژیانی هاوڵاتیانی سەخت کردووە.

 

دەستپێکردنی داخستنی فەرمانگە و قوتابخانەکان لە مانگی یەکەمی وەرزی زستاندا، بەهۆی نەبوونی غاز لە وڵاتێکدا کە یەدەگی غازی زۆری تێدایە، تەنها لە وڵاتێکی وەکو ئێران و هاوشێوەکانی ڕوودەدات، ئەگەرچی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا میدیاکانی ئێران هۆشداریان داوەتە ئەوروپا کە زستانێکی سەختیان لەپێشدایە.

 

داخستنی قوتابخانەکان لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا کێشە بۆ هەردوو خوێندکار و مامۆستایان دەهێنێت، یەکێک لەو مامۆستایانەی بۆمان دوا باسی دۆخی خوێندنی کرد و وتی: ئەم دۆخە دەستپێکردنی وەرزی نوێ دوادەخات، قوتابخانەکان بە هۆی زۆر هۆکارەوە داخراون، لەوانەش ناڕەزایەتییەکان و بوونی قەیران، هیچ پێشکەوتنێک لە فێربوونیاندا نەهاتە ئاراوە، ئێستاش داخستنەکان تازە دەستیپێکردووە، بەهۆی نەبوونی غاز و ڕووبەڕووی کێشەی دیکە دەبینەوە لە خوێندندا.

 

کێشەکە تەنها لە قوتابخانەکاندا کۆتایی نایەت و داخستنی فەرمانگەکانیش کاری ئیداریی خەڵک دوادەخات، بە وتەی یەکێک لە فەرمانبەران: "سیستەمی ئیدارەی ئێران لە خۆیەوە خاو دەبێتەوە، هەروەها بەهۆی سستی ئینتەرنێت و داخستنی ماڵپەڕەکان، کاری خەڵک بە سوێند و قورئان ئەنجام دەدرێت، ئەم دۆخە خەڵک بێزار دەکات و دەبێت بەرگەی هاتووچۆی بێزارکەریش بگرن بۆ ئەنجامدانی کاری کارگێڕی، ئیدی پێویستە لە داواکاری خۆپیشاندەرانیشدا، داخستنی فەرمانگەکان زیاد بکرێت.

 

کۆمپانیای گازی نیشتیمانی پچڕانی غاز و گۆڕینی کەپسولەکانی ڕادەگەیەنێت و لوتکەی کاردانەوە و هەوڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غاز بە ڕاسپاردەکانی وەزیری نەوت دەکرێت، جەواد ئۆجی، ئامۆژگاری خەڵک دەکات کە پلەی گەرمی گەرمکەرەوەکانیان کەم بکەنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە شارەکانی وەک ئەردەبیل و ئازەربایجان کە ساردترین ناوچەکانی وڵاتن، پەستانی غاز گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی و لە شارەکانی مەشهەد، بیرجەند، تربەت جام، تربەت حەیدەرە، سەبزوار، غازی ناوخۆی لە پلەی گەرمی ١٥ پلە خوار سفر بچڕا، ناوچەکانی وەک سیستان و بەلوچستان هەمیشە لە بوونی غاز بێبەش بوون، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە سی ئێن جی و بەنزینخانەکانیش داخراون و لە شاری سنەش بەنزینخانەکانی سێ نۆزدە، چوار نۆزدە بەهاران، بلواری قودس، شەهرەک  داخراون و لە شارەکانی دیکەشدا دۆخەکە بە هەمان شێوەیە.

 

زستانی سەخت لە جیاتی ئەوروپا، کاریگەری گەورەی لەسەر ئێران کردووە، ئەمەش بەهۆی زیاد لە پێویست هەناردەکردن و تاڵانکردنی سامانی ئێران لەلایەن بەرپرسانی نابەرپرسەوە دروستبووە، دەکرێت هۆکارەکانی دیکەی بەڕێوەنەبردنی دروستی سەرچاوەکان، یان بەهۆی سزاکانەوە بێت، دەبێت بوترێت، ئایا دەرئەنجامەکانی ئەم قەیرانە جگە لە لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی کە لە لایەک توانای دابینکردنی سەرچاوەکانی وڵاتەکەی نییە و زەمینەی ناڕەزایەتی زیاتر دابین دەکات و لە لایەکی دیکەوە لە پێشووتر گۆشەگیرترە و خۆی کارلێککردن لەگەڵ وڵاتانی دیکە لەدەست دەچێت.