شەهید ناگیهان دەربارەی ژنۆلۆژی چی دەڵێت؟

ناگیهان ئاکارسەل، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی دەربارەی ژنۆلۆژی دەڵێت: ژنۆلۆژی زانستی ژن و ژیانە.

 ناوەندی هەواڵ

 

ناگیهان ئاکارسەل، تێکۆشەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خەلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لەدایکبووە، تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گونددا بەسەربردووە، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاری و بەسەرهاتەکانی کردووە، لە وتەکانیدا ئازادیی و جوانییەکانی سروشت هەستی پێدەکرا، لەمنداڵیدا زۆر ئارەزووی لە چیرۆکەکانی ژنان کردووە، هەرچەندە ژیانی لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالارانەدا بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ باوکی هاوڕێیانە بووە.

 

بەهۆی فکر و بۆچوون و چالاکییەکانی لە سەردەمی ژیانی زانکۆیدا، ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٧ زیندانی دەکرێت، دوای ئازادکردنی لە زیندان، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٤ لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە "DIHA" وەک هەواڵساز و پەیامنێر کاردەکات، هەروەها بەمەستی قوڵبوونەوە و زیاتر ڕۆچوون لە پرسی ژن و گرنگی ئازادیی ژن  لەم پرۆسەیەدا کۆرسەکانی بەشی خوێندنی ژنان لە زانکۆی حاجەتەپە وەردەگرێت، هەروەها لە دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی ژنان "ژنها" جێدەگرێت و کاردەکات.

 

ساڵانێک لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا کاری کردووە

زانستی ژن-ژنۆلۆژی کە ڕێبەر ئاپۆ، لە ئاستی باڵادا، چ لە ڕووی ئەکادیمی و چ لە ڕووی دامەزراوەییەوە، گرنگییەکی زۆری پێدەدات، کاتێک پرۆسەی بە دامەزراوەییکردنی ژنۆلۆژی دەستپێدەکات، ناگیهان ئاکارسەل بەشداری لە خوێندنەکانی ئەکادیمیایاکەدا دەکات، لە کاتی پڕۆسەی دامەزراندنی گۆڤاری ژنۆلۆژیشدا زۆر هەوڵیداوە و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی سه‌رنووسه‌رانی گۆڤاره‌كه‌ بووە‌ و به‌رده‌وامیش به‌ بابه‌ته‌كانی گۆڤارەکەی دەوڵەمەندتر کردووە.

 

لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان خەباتی پەروەردەیی ژنانی ئەنجامداوە، بەهەزاران کەسی پەروەردە کردووە و نووسینەکانی لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لە ٤ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دەبێتە جێی ئامانجی دەستە ڕەشەکانی میتی تورک و هاوکارانی و بە ١١ فیشەک شەهید دەکرێت.

 

ناگیهان ئاکارسەل، لەو ماوەیەی خەباتی ژنۆلۆژی بەڕێوەدەبرد بێ ماندوو بوون هەوڵیدەدا، ئامانجی بوو لە بواری هونەری، ڕۆشنبیری، کولتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی پێشەنگایەتی ژنان بۆ ئازادی بکات و زانستی ژنۆلۆژی بڵاوبکاتەوە.

 

"ژنۆلۆژی زانستی هاوژیانی ئازادە"

شەهید ناگیهان ئاکارسەل لەبارەی ژنۆلۆژییەوە، لە تۆمارێکی دەنگیدا لەلایەن ژنۆلۆژییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: ئەگەر ژنۆلۆژی پێناسە بکەین، سەرەتا وتمان کە ژن تەنها وەک ڕەگەزێک سەیر ناکرێت، بۆیە دەڵێین ژنۆلۆژی پێش هەموو شتێک زانستی ژنە، زانستی کۆمەڵایەتییە، ژنۆلۆژی زانستی ژیان و سروشتە، هەروەها زانستی هاوژیانی ئازادە".

 

ناگیهان ئاکارسەل بەو بڕوایەی بە ئازادی ژن کە لە تەمەنێکی گەنجدا خستیە سەر ڕێی تێکۆشان، تا شەهیدبوونی سوورتر بوو لەسەر باوەڕییەکەی و ژن و ژیان و ئازادی گرێدراو بە یەک پێناسە دەکرد و هەمیشە دەیوت: "کەس ناتوانێت ئەوانە بێدەنگ بکات، کە هاواری ژن، ژیان، ئازادی  دەکەن".