هاوڵاتیان لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ڕیکلامەوە برسی دەکرێن

ڕیکلام و کۆمپانیا بازرگانییەکان کار لەسەر ئیرادەی تاکەکان دەکەن لە کۆمەڵگەدا، لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی ئابووریەوە دۆخی هاوڵاتیان خراپە، بەڵام لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی ڕیکلامەوە بەردەوام هزری خەڵک بەلای پرسە لاوەکییەکانەوە ڕادەکێشن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دۆخی ئابووری هاوڵاتیان لە باشووری کوردستان لە قەیران دایە و بەردەوام مووچە دوادەکەوێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش وایکردووە دۆخی هاوڵاتیان خراپتر بێت و نەتوانن پێداویستییەکانی ژیانێکی شایستە دابین بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکانی ڕیکلام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە سەرجەمیان سەر بە حکومەتن، بە شێوەیەک ڕیکلام دەکەن بۆ پێداویستییەکانی ژیان و خواردن و شوێنی نیشتەجێبوون کە هاوڵاتیان بۆ خۆیان ڕادەکێشن، لە کاتێکدا بەشی زۆری بازرگانانیش کەسانی خاوەن دەسەڵاتن و سەر بە حکومەتن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت دەسەڵات لەلایەکەوە گەلەکەی برسی دەکات و لەلایەکی دیکەوە ڕایدەکێشێت بۆ زیاتر بەهەدەردانی داهاتیان.

 

"سیستمی ئابووری جیهانی لە ڕێگەی ڕیکلامەوە کار لە تاک دەکات"

هەڵاڵە محەمەد، شارەزا لە بواری خێزانی، دەربارەی زیادبوونی خواستی خەڵک لەسەر شتومەک و ئەو خواردنانەی هەن لە دەوروبەریاندا، ڕوونیکردەوە، کە سیستمێکی ئابووری جیهانییە لە ڕێگای ڕیکلامکردنەوە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت، بە تایبەت ژنان و منداڵان، چونکە لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و دەرکەوتووە ئەو دوو چینە زۆرترین کاریگەریان لەسەرە، پاشان گەنجان و پیاوان، کۆمپانیاکانی ڕیکلام و بازرگانان بە شێوازێک ڕیکلام و بانگەشە بۆ بەرهەمەکانیان دەکەن خواست لەسەر زیاد دەکەن، کە لە ڕاستیدا بەو شێوازە نییە.

 

وتیشی: یەکێک لە ڕێگا هەرە باوەکانی ئێستا بازرگانیکردنە لە ڕێگای کۆمپانیاکانی ڕیکلامەوە، کەسانی بازرگان و خاوەن ئابووریەکی بەهێز بۆ زیادبوونی داهاتەکەیان گرنگی دەدەن بە ڕیکلام کردن، هەموو تۆڕی کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەکاردەهێنن بۆ ڕیکلام کردنی کاڵاکان، تا وا لە هاوڵاتیان دەکەن خواستنی کڕینی ئەو شتومەکە بکەن لە کاتێکدا پێویستیان پێی نییە.

 

"ڕیکلامەکان هۆکاری زیاد خەرجکردن و کەمی داهاتی خێزانین"

هەڵاڵە محەمەد باسی لەوەشکرد، ڕیکلامەکان وایانکردووە هاوڵاتیان بازاڕی بکەن بە بێ ئامانج، شتومەک بکڕن بێ ئەوەی پێویستیان پێی هەبێت، ئەمەش زیان دەگەیەنێت بە داهاتی مانگانەیان و دۆخیان بەرەو خراپتر دەبات، دەشڵێت: ڕیکلام کردن بەتایبەت بۆ خواردن کە یەکێکە لەو شتومەکانەی زیاترین خواستی لەسەرە، بووەتە کێشە لەناو خێزانەکاندا، وایکردووە منداڵان و خێزان ڕازی نەبن بەو بەشەی هەیە، هەمیشە خوازیاری خواردنەکانی دەرەوەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاگەیاندن و ڕیکلامەکان بە جۆرێک کار لەسەر ئیرادەی کەسەکان دەکەن نەتوانن کۆنتڕۆڵی خۆیان بکەن لە ئاست بەرهەمەکاندا بەتایبەت خواردن، هەر بۆیە گەنج و منداڵ هەن بێ ئاگاداری دایک و باوک خواردن لە دەرەوە داوا دەکەن، وتیشی: سەرجەم ئەو خواردن و شتومەکانەش شتانی بێ سوودن و هۆکارن بۆ قەڵەوبوون و زیادبوونی نەخۆشی، لە بەرامبەریشدا ڕیکلام دەکەن بۆ دەرمانی کێش دابەزاندن، تا کێش دابەزێنیت، واتە بە هەموو شێوەیەک کار لەسەر مرۆڤ دەکەن".

 

"تاک پەروەردەی تەندروستی نییە بۆیە کاریگەر دەبن بە ڕیکلامەکان"

هەڵاڵە محەمەد هۆکاری سەرەکی ئەم کێشانەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی پەروەردەی تاک، چونکە پەوەردەی تاکەکان نەیتوانیوە وا لە تاک بکات کۆنتڕۆڵی خۆی بکات، هەر بۆیە ئەو ڕیکلامانە بە پلان و سیاسەتی جۆراو جۆر کار لەسەر تاکی کۆمەڵگە دەکەن، نەفسیەتی کۆمەڵگە دەخوێننەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن دەتوانن کاریگەری بخەنە سەر تاکەکان.

 

ڕوونیکردەوە هەرچەندە ڕیکلامەکان بەشێکیان سود بەخشن و ئاسانکارین بۆ ژیانی مرۆڤ، بەڵام لایەنە خراپەکەی زیاترە و زیاتر بازرگانی دەکەن بە جەستە و ژیانی مرۆڤەوە، وا لە تاک دەکەن بە کڕینی باش و خراپ ڕانەگات، بەشێکیان هەڵخەڵەتاندنی هاوڵاتیانە، بەوەی کە ئەو بەرهەمەی لە ڕیکلامەکەدا هەیە تەواو دوورە لە بابەتە ڕاستییەکەوە، کارێکیان کردووە مرۆڤەکان ببنە ئالەت و هەمیشە بە دوای بەرهەمی ناو ڕیکلامەکانەوە بن.

 

دەسەڵات سیاسەت لەسەر برسیکردنی تاک بەڕێوە دەبات

بەشی زۆری کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن و ئەو دەزگایانەش کە ڕیکلامەکانی لێوە بڵاودەکرێتەوە سەر بە دەسەڵاتە، خودی دەسەڵات لەلایەکەوە هاوڵاتیان برسی دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە ڕیکلام دەخەنە بەردەم گەورە و منداڵ و ڕایاندەکێشن بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، هەڵاڵە محەمەد ڕوونیکردەوە، پێویستە دەسەڵات ئاشکرا بکرێت لەم مامەڵەیەی، چونکە دەسەڵاتێک خەمی گەلەکەی بێت ژیانیان پێدەبەخشێت و ئارامیان بۆ دابین دەکات، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێرە بوونەتە بازرگان و بە بازارگانییەکەیان خزمەتی خۆیان دەکەن، تەنانەت بەشێک لە خواردنگەکانیش سەر بە بازرگانی دەسەڵاتن ئەگەر پیسیش بن داناخرێن، بەڵکو چاوپۆشیان لێدەکرێت، تەنها زیانەکان بە فرۆشیار و خاوەن خواردنگە بچوکەکان دروست دەکات.

 

هەڵاڵە محەمەد باسی لەوەشکرد، ئەم ڕیکلامانە کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی ژنانیش، بەوەی ژن لەناو ڕیکلامەکاندا کراوەتە بوکەڵە، بەتایبەت بۆ ئەو بەرهەمانەی پەیوەندیدارن بە ژنانەوە وا لە پیاوان دەکەن فشار بخەنە سەر ژنەکانیان بەوەی هەمان بەرهەم بەکاربهێنن، یاخود وەک ئەو ژنانەی ناو ڕیکلامەکان بن لە کاتێکدا ژنانی کۆمەڵگەی کوردی خاوەن زۆرترین زەحمەتە و بەرپرسیارێتی لەسەرە، ناتوانێت ببێتە ژنێک تەنها کاری ڕیکلامە، ئەمەش وادەکات لایەنی ڕۆحی و جەستەیی ژنانیش بکەوێتە مەترسییەوە.

 

"پێویستە تاک خۆی پەروەردە بکات و نەکەوێتە ژێر کاریگەری هەڵای ڕیکلامەکان"

هەڵاڵە محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیاکانی ڕیکلام و ڕیکلام کردن بۆ بەرهەمی بێ سوود گرفتی کۆمەڵایەتی، سیاسی و خێزانی دروست کردووە، بەشی زۆریشی دەگەڕێتەوە بۆ خەم ساردی دەسەڵات، هەرچەند دەسەڵات نەیتوانیوە ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەو هەڵایەی ڕیکلامەکان و بازرگانان و خودی خۆشی هاوکارە بۆ زیادبوونیان، بەڵام تاکەکانیش بە جۆرێک کاریان لەسەر خۆیان نەکردووە کاریگەر نەبن بەو ڕیکلامانە، خۆیان پەروەردە نەکردووە تا بتوانن خۆیان بگرن لە ئاست نەفسیاندا.

 

لە کۆتاییدا وتی: گرنگە خێزانەکان پەروەردەی خۆیان بکەن، دایک و باوک ئاگاداری خۆیان و منداڵەکانیان بن، هەروەها تاک هێندەی لە خەمی تەندروستیدا بێت هێندە بە دوای بەرهەمە نادروستەکانەوە نەبێت، تاک خۆی هەوڵی ڕێکخستنی ئابووری خێزانەکەی بدات، ئەوەش لە ڕێگەی خۆڕۆشنبیرکردن و گرنگیدان بە تەندروستی و ئابووریەوە بەرهەم دێت، تا دەسەڵات و لایەنی پەیوەندیدار نەتوانن کار لە کۆمەڵگە بکەن.