ژنێک لە گەرمیان لەلایەن هاوژینی پێشووی کوژرا

شەوى ڕابردوو لە گوندى تازەدێی سنوورى شارۆچکەى کەلار ژنێک بە چەقۆ کوژرا، پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: بکوژەکە دەستگیرکراوە و لێکۆینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

ژنێک لە گەرمیان لەلایەن هاوژینی پێشووی کوژرا

ناوەندی هەواڵ

 

کوشتنی ژنان لە باشووری کوردستان بەردەوامی هەیەو لە نوێترین ڕووداودا ژنێک لە گەرمیان بە چەقۆ کوژرا.

 

لە راگەیاندراوی پۆلیسی گەرمیاندا هاتووە: نزیکەی کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکى شەوى ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاگادارکرانەوە لە ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی تازەدێی سەر بە شارۆچکەى کەلار، دواتر پۆلیس گەرمیان و بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بەخێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بکوژەکە بە فەرمانی دادوەر و بە مادەی ٤٠٦  دەستگیرکراوە، هەروەها پۆلیسی لەسەر هۆکار و چۆنییەتی ڕووداوەکە بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە.

 

بەپێی زانییارییەکان ژنەکە بە چەقۆ لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژراوە.