ژنێک خنکا و گومان دەکرێت هاوژینەکەی تاوانەکەی ئەنجام دابێت
شەوی ڕابردوو لە قەزای کەلار تەرمی ژنێک بە خنکاوی گەیەندرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار، گومان دەکرێت لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێندرابێت.

ناوەندی هەواڵ
علی جەمال قدووری، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی حەی موەزەفینی قەزای کەلارەوە تەرمی ژنێک بەناوی ب. ا. م. لەدایکبووی ١٩٨٦ و بەڕەگەز عەرەب، بە خنکێنراوی گەیەدرایە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کە بەهۆی خنکان بەپەت گیانی لەدەستدابوو.
وتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشدا کە لە ئێستادا لەسەر سکاڵای دایک و باوکی ژنە کوژراوەکە، هاوژینی ژنەکە بە تۆمەتی خنکاندن بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٤٠٦ بەندکراوە.
هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە، دادوەر چاوەڕوانی ئەنجامی پزیشکییە دەربارەی ئەوەی خنکێندراوە یاخود خۆی خنکاندووە.
ت.پ