ژنانی ئێزدی: لە خەباتی خۆمان بۆ پاراستنی شنگال و کۆمەڵگەکەمان بەردەوام دەبین
ژنانی ئێزدی شنگال، پابەندبوونی خۆیان بە پاراستنی کۆمەڵگە و خاکەکەیان دووپاتکردەوە، جەختیان لە بەردەوامی خەباتیان بۆ پاراستنی ناسنامەو مافەکانیان کرد.
شنگال
لە نێو شەڕ و قەیرانە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلانی ستەملێکراو لە بەردەم فەرمان و نکۆڵی و پەراوێزخستن بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ پاراستنی ناسنامە و بوونیان، دوابەدوای فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤، پێکهاتەی ئێزدی خۆی ڕێکخستەوە، سیستمی پاراستن و خۆبەڕێوەبەری دامەزراند، ئێستاش هەوڵدەدات خۆی لەو ململانێیانەی هەن دوور بخاتەوە و چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی پێکهاتەی ئێزدی لە شنگال بە ڕێنمایی دیدگای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بە ئامانجی گەیشتن بە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک لەگەڵ حکومەتی عێراق دانوستان ئەنجام دەدەن، هەرچەندە لایەنی عێراقی لەم دیدارانەدا هەندێک بەڵێنی داوە، بەڵام هێشتا بە فەرمی نەکراون و پێکهاتەکانی داهاتووی شنگال و عێراق تا ئێستا ناڕوونن، لەبەر ڕۆشنایی ئەمەش ئەنجومەنی گەلی شنگال کۆبوونەوەیەکی بۆ ئاگادارکردنەوەی دانیشتووانی شنگال لە دوایین پێکهاتەکان ئەنجامدا.
“دەمانەوێت لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا وەک ئێزدی بناسرێن”
مامۆستا خالیدە ئیبراهیم ڕوونیشیکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێک کرا، کە گفتوگۆی لەخۆگرتبوو و چەندین خاڵیان ڕوونکردەوە، وتی: ئاوێتەبوونمان لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا پێویستە لەسەر بنەمای دانپێدانان بە هێزی سەربازی و دامەزراوە مەدەنییەکانمان بێت، ئێمە ئاواتەخوازین لەڕێگەی چوارچێوە یاساییەکانەوە ئەنتیگراسیۆنێکی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەت بەدەستبهێنین، بەو پێیەی ئەمە مافی ئێمەیە وەک ئێزدی، سەرەڕای جیاوازی نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕەکانمان، ئێمەش بەشێکین لە ناسنامەی عێراقی و پێکهاتەیەکی بنەڕەتی عێراق پێکدەهێنین، بۆیە دەمانەوێت وەک ئێزدیەکان بناسێنین لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا.
سەبارەت بە دامەزراندنی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شنگال (یەژەشە)، وتی: هێزە سەربازییەکەمان خۆی لە خۆڵەمێشی فەرمان ئاوەدان کردووەتەوە، ئیرادەیەکی بەهێز لە نێو کچان و کوڕانی ئێزدیدا هەیە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی و خاکی شنگال، ئێمە نامانەوێت ئەم هێزە شنگال بەجێبهێڵێت، چونکە پێویستییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و ژنان، منداڵان، شوێنە پیرۆزەکانمان، هەروەها کۆمەڵگەکەمان خاوەنی هێز و ئیرادەی بەرگریکردنە لە خۆی، پرۆسەیەک دەستیپێکردووە، کۆبوونەوەکانیش لەنێوان هێزەکانمان و هێزەکانی حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە، پێویستە ئەو لیژنانەی بۆ بەدیهێنانی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک پێکهێنراون کۆببنەوە و گفتوگۆی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێزدییەکان و شنگال ئەنجامبدەن.
مامۆستا خالیدە ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمەڵگەی ئێزدی بە درێژایی مێژووی خۆی بەرگەی چەندین فەرمان و کارەساتی گرتووە و ڕاستی ئەمڕۆی جیاوازە، وتی: ئەمڕۆ خاوەنی ئیرادەی خۆمانین، هیچ شتێک قبوڵ ناکەین کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی نەکات و یاسا پێشێل بکات، ئەگەر شتێکی دیکە بەسەرماندا بسەپێندرێت، ئەوا بەرەنگاری دەبینەوە. ئێمە کۆمەڵگەی ساڵی ٢٠٠٣، ٢٠٠٧، یان ٢٠١٤ نین، خۆمان لە خۆڵەمێشمان ئاوەدان کردووەتەوە، ئەمڕۆش خاوەنی باوەڕ و ئیرادە و هێزێکی گەورەین.
"چیای شنگال پەناگەی کۆمەڵگەی ئێزدیمانە"
پاکیز جەلال، هاوسەرۆکی دەزگای خانەوادەی شەهیدانی شنگال ڕایگەیاند، ئەستەمە بۆ ئێمە ئەو داواکاریانە قبوڵ بکەین کە دەوڵەت دەیخاتەڕوو، لە پێش هەموویانەوە ڕادەستکردنی چەکەکانمان و چیاکانمانە، ئێمە ئەو داواکاریانە قبوڵ ناکەین، ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی، منداڵی ئەم شاخ و ئەم خاکەین، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە چیای شنگال، هەروەها ڕادەستکردنی شاخ و دۆڵەکانمان بە عێراق بۆ ئێمە لە فەرمان خراپترە، چیای شنگال نوێنەرایەتی پەناگەیەک بۆ کۆمەڵگەی ئێزدیمان دەکات، لە بەرامبەر ئەو فەرمانانەی کە بە درێژایی مێژوو تووشی بووە، کۆمەڵگەکەمان لە باوەش گرتووە و پاڵپشتی کردووە، ئەگەر چیاکانمان بکەونە دەستی کەسانی تر، پشتیوانی خۆمان لەدەست دەدەین.
تا ئێستاش هەزاران ئێزدی ناتوانن سەردانی لالش بکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشتر کۆمەڵگەی ئێزدی لە شاخەکاندا دەژیا. وتی:ڕژێمی بەعس هات و بە زۆر لە شاخەوە دایبەزاندنی، دەستی بەسەر چەکەکانماندا گرت، دواتر داوایان کرد ئێزدییەکان کوڕەکانیان بنێرن بۆ شەڕکردن لە شەڕەکانیاندا، هەزاران ڕۆڵەی ئێمە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو عێراقدا، تەنانەت ئەمڕۆش تەرمی زۆرێکیان وەرنەگیراونەتەوە، لەکاتێکدا برینەکانمان وەک ئێزدییەکان بە کراوەیی ماونەتەوە و بەردەوام دەکرێتەوە، بەڵام چیاکانمان و زێدی خۆمان و خاکەکەمان ئەو شتانەن کە دەتوانن برینەکانمان ساڕێژ بکەن، فەرمان و هێرشە دووبارەبووەکان کوڕەکانمانی بردووە، نزای ڕەحمەتی بۆ شەهیدەکانمان دەکەین کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو باوەڕەکەیاندا، داواکارین لە خودا و مەلیک تاوس ئاو بۆ ئەم ئاگرە بهێنن کە جیهان تێیدا دەژی، هیوادارین سەرکەوتن هاوپەیمانی کۆمەڵگەی ئێزدیمان و شەڕڤانانمان بێت.
وتیشی: ئەگەر ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک بەدیبهێنرێت، ڕەنگە منداڵەکانمان بتوانن بە ئاسوودەیی زیاتر بژین، بەهۆی بارودۆخی ئێستای عێراقەوە هەزاران ئێزدی هێشتا ناتوانن سەردانی لالش بکەن، ئەگەر پێگەی ئەوان بە فەرمی بناسرێت، ڕەنگە فشارەکان لەسەریان کەمببێتەوە، بتوانن بەردەوام بن لە پاراستنی خاک و زێدییان، پاراستنی دایک و خوشکەکانیان.
"دەست بە کارو تێکۆشان دەکەینەوە"
پاکیز جەلال جەختی لە گرنگی درێژەدان بە خەبات کردەوە، وتی: لەو ڕۆژەی ئەو هێزانە دامەزران، ئێمە بەڵێنمان بە شەهیدەکانمان دا، تەنانەت ئەگەر ئەنتیگراسیۆنیش بەدی بێت، ئێمە درێژە بە کار و تێکۆشانمان دەدەین، ئێمەی دایکانی شەهیدان، ئامادەین هەرچیمان هەیە بیکەین بە قوربانی، ئەگەر پێویست بکات، ئێمە تێدەگەین کە ئەم بابەتە بە یەک کۆبوونەوە چارەسەر ناکرێت، دروستکردنی خانوو لە ڕۆژێکدا ڕوونادات، بناغەکانی و سەقف و شوێنی نیشتەجێبوونی لە یەک ڕۆژدا تەواو نابێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی شنگال و کۆمەڵگەکەمان و منداڵەکانمان، سەرچاوەی هێز و پشتیوانی منداڵەکانمانین، دڵی هەموو دایکە ئێزدیەکان لەگەڵ منداڵەکانیان و لەگەڵ شنگالدایە، ئێمەش وەک جاران بەردەوام دەبین لە کارەکانمان، لە تەنیشت منداڵەکانمان دەمێنینەوە، تا دەژین وازیان لێ ناهێنین. گرنگ نییە سەر بە چ نەتەوەیەکن یان ئێزدی هەموویان منداڵی ئێمەن.