ژنانی سەرێکانی: هێرشەکان درێژەپێدەری داگیرکاری و پەراوێزخستنە
ژنانی ئاوارەی سەرێکانی لە کامپی واشۆکانی، ڕەتکردنەوەی هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەیان دووپاتکردەوە و بە درێژکراوەی سیاسەتەکانی داگیرکاری و گۆڕانی دیمۆگرافی پێناسەی دەکەن، داوای گفتوگۆی سیاسی و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار دەکەن.

ڕؤنیدا حاجی
حەسەکە- هاوکات لەگەڵ شەشەمین ساڵیادی داگیرکردنی شارەکانی سەرێکانی و گیرە سپی لەلایەن تورکیا و چەتەکانی، حکومەتی کاتی سووریا بە سەرۆکایەتی جیهادییەکانی هەتەشە هێرشێکی توندوتیژی بۆسەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب دەستپێکرد شەوی ٦ی تشرینی یەکەم، بە بەکارهێنانی جۆرەها چەک.
هەوڵی پەلاماردانی جیهادییەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب بە بەکارهێنانی تانک و زرێپۆش، گرژی و دڵەڕاوکێی لای خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە.
ژنانی پەنابەرانی سەرێکانی لە کامپی واشۆکانی ڕەتکردنەوەی خۆیان لەو هێرشانە دەربڕی و پابەندبوونیان بە مافی گەڕانەوە و ڕەتکردنەوەی سیاسەتە شەڕانگێزییەکانیان دووپاتکردەوە، کە خەڵکی مەدەنی و ناوچە ئارامەکان دەکەنە ئامانج.
"هێرشەکان درێژکراوەی سیناریۆی داگیرکاری و گۆڕانی دیمۆگرافییە"
گوڵستان حاجۆ جەختی لەوە کردەوە: کە هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب کە لەلایەن جیهادییەکانی هەتەشە ئەنجامدراون، تەنها بەرهەمهێنانەوەی سیناریۆی داگیرکاری و پێشێلکارییەکانە کە لە شاری سێرێکانی شایەتحاڵین، وتی: ئەوەی ئەمڕۆ لە شێخ مەقسوود دەگوزەرێت، درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەی داگیرکاری و پەراوێزخستنەیە کە لە سەرێکانی دا چەسپاوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوامان خواست ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا ببێتە هۆی چارەسەرێکی بنچینەی بۆ قەیرانی گەلی سووریا، بەڵام هێرش و پێشێلکارییەکان بەردەوامن، شەش ساڵ ئازارمان لە کامپەکاندا بەسەر بردووە، دەبێت ڕەنجی ئاوارەکان لەبەرچاو بگیرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچی شێخ مەقسوود دەکرێتە ئامانج؟ بۆچی پێشێلکاری بەرامبەر دانیشتوانەکەی دەکرێت؟ ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نین، بەڵکو بەشێکن لە پیلانێک کە ئامانج لێی داگیرکردنی ناوچەکە و گۆڕینی سیستماتیکی پێکهاتەی دیمۆگرافیایە.
"گفتوگۆ تاکە ڕێگایە بۆ بونیادنانی سوسریایەکی دیموکراسیک"
ئاسیا نەواف داوای لە حکومەتی کاتی سووریا کرد پابەندی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار بێت و لەبری ئەوەی خەڵکی مەدەنی بکاتە ئامانج، بەشداری گفتوگۆ بکات، دووپاتی کردەوە کە هێرشەکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بە تەواوی قبوڵکراو نین، ئێمە ئەم هێرشانە ڕەتدەکەینەوە، لەگەڵ گەلەکەمان لە هەردوو گەڕەکەکەدا وەستاوین، بەبوونی ئێمە لە کامپەکەدا ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئێمەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانمان، ئێمە خۆڕاگریمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بە ئازادی و شکۆمەوە بژین.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکانی حکومەتی کاتی سووریا ڕەتکردنەوەی چارەسەرە سیاسییەکان ئاشکرا دەکات، ئێمە داوای چارەسەر لە ڕێگەی گفتوگوە دەکەین، ئەگەر پەرەسەندنەکە بەردەوام بێت، ئەرکی ئێمەیە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی گەلەکەمان بکەین.
لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک بەبێ گفتوگۆ و جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار بەدی نایەت، هەروەها نەبوونی ئەو بناغانە قەیرانی سووریا بە چارەسەرنەکراوی دەهێڵێتەوە.