ژنانی کورد هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی چوار پارچەی کورستان کرد

پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد بە بەشداریی نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لە سلێمانی بەڕێوە بردو جەختیان لە یەکڕیزی گەلی کورد کردەوە.

ژنانی کورد هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی چوار پارچەی کورستان کرد

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد و پلاتفۆرمی گشتی، بە بەشداریی نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکوانان و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانیان بەڕێوە برد. لە تەوەرەی یەکەمی ئەم پلاتفۆرمەدا، دۆخی سیاسی و نەتەوەیی کوردستان، ئاستەنگەکانی بەردەم دۆزی کورد و پێگە و مافەکانی ژنان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر گرنگی یەکێتیی نەتەوەیی و ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان لە پاراستنی دەستکەوتەکان و ناسنامەی کوردی کرایەوە.

 

لە بەشی یەکەمی گفتوگۆکاندا، بەشداربووان خوێندنەوەیەکی سیاسییان بۆ گۆڕانکارییەکانی کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد و ئاماژەیان بەوە دا کە دۆزی کورد لە قۆناغێکی هەستیاردا دایە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، پێویستی بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی هاوبەش و یەکگرتوویی زیاتر هەیە.

 

پێشەنگایەتی ژنان؛ لە سەرووی سنوورە حزبییەکانەوە

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ژنانی کورد لە ئاستی جیهانیدا بە ناسنامەیەکی نەتەوەیی هاوبەش دەناسرێن و نابێت بە جیاوازیی جوگرافیایی و سیاسی لە یەکتر داببڕێن. بەشداربووان یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کوردیان بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ پاراستنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی دانا و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێشەنگایەتی ژنان دەبێت لە سەرووی بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت،هەروەها ئاگادارییان دا کە ئەگەر ژنان بە توانای خۆیانەوە نەبنە پێشەنگی بڕیار و گۆڕانکارییەکان، ئەوا بەردەوامیی ئەقڵیەتی پیاوساڵار لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و بڕیارداندا دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان.

 

پاراستنی قەوارەی هەرێم و ڕووبەڕووبوونەوەی دابەشکاری

سەبارەت بە دۆخی باشووری کوردستان، بەشداربووان دژی هەر جۆرە هەوڵێکی پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستان بوون و جەختیان لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومڕانی کردەوە، لەو پێوەندییەدا ئاماژەیان بەوە دا کە دابەشکردنی ستاتۆی هەرێم دەتوانێت بەرژەوەندیی هەندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە دابین بکات و چارەنووسی گەلی کورد بخاتە ژێر مەترسییەوە،لە هەمان کاتدا، داوا لە پارتی و یەکێتی کرا کە لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی دابەشبوونی هەرێم خۆبپارێزن و بەرژەوەندیی گشتیی گەل بخەنە پێش بەرژەوەندییە حزبییەکان. هەروەها ئازادی، دیموکراسی و یەکێتیی گەل وەک بنەمای پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردستان و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان باس کران،لەو چوارچێوەیەدا، پەیامی ڕێبەر ئۆجالان بۆ باشوور و پێویستیی پێکهێنانی حکومەتێکی دیموکرات و بەشداریی کاریگەری ژنان لە بڕیارداندا خرایە ڕوو. هەروەها پەراوێزخستنی ژنان لە کایەی سیاسی باس کرا و پێشنیاری پێکهێنانی وەفدێکی ژنانیش کرا بۆ دیدار لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەشداریی ڕاستەقینەی ژنان لە بڕیارە سیاسییەکاندا.

 

ڕۆژئاوای کوردستان؛ پرۆسەی ئینتیگراسیۆن و مافی کورد

لە تەوەری تایبەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیشدا، پرسی ئینتیگراسیۆن و دۆخی ئیدارە و بەڕێوەبردن لە سوریا تاوتوێ کرا. بەشداربووان ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم پرۆسەیە هەستیار و ئاڵۆزە و پێویستی بە تێکۆشان و هەوڵی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی بوونی کورد وەک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی لە سوریا بە فەرمی بناسرێت و مافەکانی لە داهاتووی سیاسیی وڵاتدا مسۆگەر بکرێن.

 

هەروەها جەخت کرایەوە کە دەستوورێکی کۆمەڵایەتی کە داهاتووی سوریا دیاری دەکات، دەبێت ماف و پێگەی کورد بپارێزێت و کوردیش لە ناوەندی بڕیارداندا شوێنی شایستەی خۆی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بەشداربووان ئاماژەیان بەوە دا کە هەنگاوەکانی ئێستا هێشتا وەڵامی تەواوی خواست و ئامانجەکانی کورد نادەنەوە، بۆیە پێویستە بەردەوامی بە هەوڵە دیموکراتییەکان و پرۆسەی ئینتیگراسیۆن بدرێت.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ سەرکوت و هەڕەشە لەسەر ماف و ئازادییەکان

لە بەشی کۆتاییی گفتوگۆکاندا، دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، لەگەڵ سەرکوتی بەردەوام دژی کورد، بوونە تەوەری باس. بەشداربووان ئاماژەیان بە ئاماری لەسێدارەدانی ٦٩١ کەس لە نەتەوە جیاوازەکان و دەرچوونی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ژمارەیەک ژنی کورد کرد و ئەم هەنگاوانەیان بە نیشانەی ترس لە دەنگی ئازادیخوازان و ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پێناسە کرد.

 

هەروەها جەخت کرایەوە کە فشارە دەرەکییەکان بە تەنها ناتوانن ببنە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕژێم و پشتگیریکردن لە دەسەڵاتیش دەتوانێت مەترسیی زیاتر بۆ سەر کورد دروست بکات، بۆیە پێویستە کورد پرۆژەیەکی ڕوون و سەربەخۆی هەبێت بۆ پاراستنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیی و گەیاندنی دەنگی گەلان و بە تایبەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاستی جیهان،لە کۆی ئەم گفتوگۆ و تاوتوێکردنانەدا، یەکێتیی نەتەوەیی، دیموکراسی، پاراستنی قەوارەی کوردستان و بەشداریی کاریگەری ژنان لە بڕیاردانی سیاسی، وەک بنەما سەرەکییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەم قۆناغە خرانە ڕوو.

 

سازگار عەبدوڵا، چالاکوانی ژنان وتی: ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە زیاتر تیشکی خستە سەر ڕەوش و بارودۆخی ژنان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە ڕووی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، هەروەها تاوتوێکردنی دۆزی نەتەوەیی کورد و ئەوەی لە ئێستادا لە کوێدایە و بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات. لە هەمان کاتدا، شەڕ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و ملمـلانێ جیهانییەکان و کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش لە بابەتە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە بوون، لە سەرەتای ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا، هیوادار بووین باشوور ببێتە چەقێکی بەهێز و کۆڵەکەیەکی پتەو بۆ پارچەکانی تری کوردستان، بەڵام بەداخەوە لە ماوەی حکمرانیی حزبەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە تێپەڕبوونی کات زیاتر دەردەکەوێت کە پابەندی بە ڕێککەوتنەکان و پرسە نەتەوەییەکان لە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە حزبی و تەسکەکاندا لاواز بووە و کێشە و ناکۆکییەکانیش لە نێوانیاندا زیاتر بوون، سەرەتا و کۆتایی ئەم ناکۆکی و ملمـلانێ سیاسییانە، خەڵکی هەرێمی کوردستانن کە باجەکەی دەدەن و دواتر بە شێوەیەکی قورس ڕووبەڕووی دەرئەنجامەکانی دەبنەوە. لەبەر ئەوە، لەم بارودۆخەدا پێمان باش نییە هیچ جۆرە کەرتبوون و دابەشکارییەک لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات. ئێمەش کار دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی خۆمان هەبێت لە پاراستنی یەکڕیزی و یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان و ڕێگە نەدەین دابەشکاری ڕووبدات.

 

فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، ئامانج لەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆی پلاتفۆڕمی یەکێتی نەتەوەیی ژنانی کورد، کە نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار بەشی کوردستان و ژنانی تاراوگەی تێدا بەشدارن، ئەوەیە کۆمەڵێک لە کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەکادیمییەکان، سەرۆک و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی ژنان، بە جیاوازیی بیروڕا و دیدگا، کۆبکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گیانی نەتەوەیی و دۆخی سیاسیی پارچەکانی کوردستان، لەو کۆبوونەوەیەدا هەوڵ دەدرێت ڕۆڵ و دەنگی ژنان لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بەهێز بکرێت، هەروەها بەشداربن لە پاراستنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و ئەو دەسکەوتانەی لەم بوارەدا بەدەستهاتوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتی سیاسی و چالاکییەکانی پلاتفۆڕمەکە و پێشنیار و بۆچوونی ژنانی باشوور و باکوور و پارچەکانی تری کوردستان تاوتوێ دەکرێن، بۆ ئەوەی هەماهەنگیی زیاتر دروست بکرێت و ڕێگەچارە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان و دیاریکردنی هەڵوێستی هاوبەش لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان بدۆزرێتەوە.

 

ئەوەشی ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەکەدا بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە بارودۆخی سیاسیی چەقبەستوو لە هەرێمی کوردستان و پێویستیی بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی هەرێم، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر نەهێشتنی ناعەدالەتی و نادادپەروەری و پەرەپێدانی شەفافیەت. هەرچەندە بیروڕا و دیدگا جیاوازەکان لەسەر ئەم بابەتانە هەن، بەڵام پێویستە وەک نەتەوەیەک هەڵوێستێکی هاوبەشمان هەبێت و بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بگەڕێینەوە بۆ مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەی کێشە و ناکۆکییان هەیە.

 

هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سیاسی و دەستوورییە کە هەزاران شەهید بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دراوە، بۆیە پێویستە ڕەهەندە سیاسی و دەستوورییەکانی ئەم قەوارەیە لەبیر نەکرێن و بە گرنگییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.