ناوەندی هەواڵ
وابڕیارە لە ٢٥ی شوبات ڕۆژی چوارشەممە، کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕۆژئاوا و سووریا لە ساڵۆنی سپنەلی 3H1ـی پەرلەمانی ئەوروپا لە نێوان کاتژمێر ١٦:٠٠ بۆ ١٧:٠٠ بەڕێوەبچێت.
هەروەها کۆبوونەوەیەک بە ناونیشان”Turkey and the Kurds in Dialogue: Peace, Reconciliation and Democracy” لە ٢٥ـی شوبات لە برۆکسل بە میوانداریی ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا ئەڤین ئینجیر ئەنجام دەدرێت، کۆبوونەوەکە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە کاتژمێر ١٧:٠٠-١٩:٠٠ بەڕێوەدەچێت.
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕۆهیلات عەفرین، فەرماندەی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" بەشداری کۆبوونەوەی تایبەت بە ڕۆژئاوا و سووریا لە برۆکسل دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا، پێداچوونەوە بە پڕۆسەی دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتیی سووریا و ڕێککەوتنی ٢٩ـی کانونی دووەم و بە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بۆ پاراستنی پشتیوانی نێودەوڵەتی دەکرێت.
هەروەها بەرنامەی کۆبوونەوەی دیالۆگ و ئاشتی و ڕێککەوتن و دیموکراسیی لەنێوان تورکیا و کورددا، لەلایەن ڕۆژنامەنووس ئەمەرین زەمانەوە بەڕێوەدەبرێت، لە کۆبوونەوەکەدا کە وتەکان بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، ئەڵمانی و ئیتاڵی وەدەگێڕدرێن، وتاردەرانی فراکسیۆنە سیاسییە جیاوازەکان، ئەکادیمیستەکان و سیاسەتمەداران بەشدار دەبن.
لەگەڵ ئەڤین ئینجیر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی ئەوروپا و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد’ "EUTCC" دەرسیم داگدەڤیرەن و ئەندرێس شیدەر، پەرلەمانتاری دەم پارتی مەدحەت سەنجەر، لیۆلوکا ئۆرلاندۆ، پێر کلاوسن، تیس ڕوتەن و د. ئایهان ئیشک بەشداردەبن.
پارێزەری مافەکانی مرۆڤ شیرین عەبدی کە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، نوێنەری نیازپاکی کۆنسەی ئەوروپا بلانکا جاگەر و براوەی خەڵاتی زاخارۆڤ لەیلا زانا، پاڵپشتی کۆبوونەوەکە دەکەن.
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد لە تورکیا، بنیاتنانەوەی پرۆسی ئاشتی و ڕۆڵی ئەوروپا لەم پرۆسەیەدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.




