ناوەندی هەواڵ
لە پاش ڕووداوەکەی ٢٣ی ئاب و بە ئامانج کردنی ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنووسانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی لە ڕێگەی شارۆچکەی سەیدسادق لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا و برینداربوونی ڕێبین بەکر، ناڕەزایەتی بەرفراوانی لەسەر ئاستی کوردستان و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
لە درێژەی کاردانەوەکان، ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژن "یەپەژە" ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هێزەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکانی تەڤگەری ئازادی لەگەڵ دەوڵەتی تورکی قڕکەری گەلی کورد، ئەم هێرشە تیرۆریستی و دژە مرۆڤانەیە ئەنجام دەدەن، گوڵستان و هێرۆ لە نزیکەوە ڕاستی هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان و هێزە خیانەتکارەکان و نۆکەرەکانیان، بە کامێرا و پێنووسەکانیان گەیاندە ڕای گشتی، بۆیە گوڵستان و هێرۆ لە ٢٣ی ئاب لە سلێمانی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەوڵەتی تورک بە بەرچاوی جیهانەوە لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە هێرش دەکات، پێشەنگانی گەل و سیاسەتمەدار و ئەکادیمی و شەڕڤان و ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، وەک هەمیشە ڕێکخراو و دەزگاکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بێدەنگن.




