وریشە مورادی: “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ژیانێکی ئازادە

وریشە مورادی لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا: ئەمە تەنیا درووشمێک نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی بەردەوامە بۆ وەرگرتنەوەی ژیان و شکاندنی سیستەمی دەسەڵاتدار.

ناوەندی هەواڵ 

 

لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”ـدا، وریشە مورادی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەم شۆڕشە تەنیا خۆپیشاندانێکی مێژوویی نییە، بەڵکو پڕۆژەیەکی بەردەوامە بۆ گەیشتن بە ئازادی، یەکسانی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە، کە ژنان تێیدا هێزی سەرەکیی گۆڕانکاری و بەشداربووی ئاستی ڕێبەرایەتین.

 

لە چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی”ژن ژیان ئازادی”ـدا، کەمپەینی “ئازادی وریشە مورادی” کورتەیەک لە دیدگا و نووسینی وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ئەوین بڵاوکردەوە.

 

‘ژن ژیان ئازادی’ داواکارییەکی قووڵترە بۆ وەرگرتنەوەی ژیان

 

لە دیدگای وریشە مورادی، “ژن ژیان ئازادی” تەنیا ناوی خۆپیشاندانێک یان درووشمێکی ناڕەزایی نییە، بەڵکو دەربڕینی داواکارییەکی قووڵترە بۆ وەرگرتنەوەی ژیان، ئازادی، شکۆ و ئیرادەی مرۆڤ، و شکاندنی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەی لەسەر دەسەڵات، توندوتیژی، جیاوازی و بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی دامەزراون.

 

هەروەها “ژن ژیان ئازادی” بە ڕووداوێکی کۆتایی‌هاتوو ناژمێرێت، پێیوایە ئامانج و بەهاکانی ئەم شۆڕشە دەتوانن لە شێوازی بیرکردنەوە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەرخودان لەبەرامبەر دەسەڵات و هەوڵدان بۆ درووستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازادتر و یەکسانتر بەردەوام بن.

 

“هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک بەبێ ئامادەبوونی ژنان سەرکەوتوو نابێت”

یەکێک لە بەشە گرنگەکانی نووسینەکەی وریشە مورادی پەیوەندی بە ڕۆڵی ژنانەوە هەیە، ئەو ژنان تەنیا بە قوربانیی ساختارەکانی سەرکوت ناساندن ناکات، بەڵکو بە بەرەوپێشچوونی گۆڕان و هێزی گۆڕانکارییان دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هیچ گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک بەبێ ئامادەبوون و خاوەن‌ ئیرادەبوونی ژنان ناتوانێت سەرکەوتوو بێت.

 

لە هەمان کاتدا، ئازادی ژنان بە ئازادی کۆی کۆمەڵگەوە دەبەستێتەوە و بەرخودانی ژنان لە شەقام، کۆمەڵگە و زیندان بە بەشێک لە خەباتێکی یەکگرتوو دژی پیاوسالاری و سیستەمی دەسەڵاتدار دادەنێت، هەروەها باس لە مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ چالاکوانانی ژن، زیندانیانی سیاسی و سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەواندا دەکات و سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازی بە هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بزووتنەوەیەک دەزانێت کەبنەماکانی ڕێکخستنی ئێستای دەسەڵات و کۆمەڵگەی خستووەتە ژێر پرسیار.

 

“دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە داواکارییەکانی شۆڕشەکەیە”

لە دیدگای وریشە مورادییەوە، زیندان کۆتایی خەبات نییە، نووسینی نامە، ناڕەزایی، خۆڕاگری و قسەکردن لە زیندان و دادگا بەردەوامی هەمان هەڵبژاردەی ژیانی ئازادە، بەشداری لە دادگا تەنیا بابەتێکی کەسی نییە، بەڵکو دەتوانێت دەنگدانەوەی داواکارییە گشتییەکان بۆ ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بێت، ژیان تەنیا مانەوەی زیندوو نییە، بەڵکو مافی ژیانێکی ئازاد و بە شکۆیە، ژیانێک کە تێیدا ئیرادە، جەستە و هەڵبژاردەی مرۆڤ لە زۆرەملێ و دەسەڵات ڕزگار بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، داواکارییەکانی “ژن ژیان ئازادی” تەنیا بە داواکارییەکی دیاریکراو سنووردار نابن، بەڵکو ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، مافی دیاریکردنی چارەنووس، مافە نەتەوەیی و زمانەوانییەکان، دادپەروەریی کەلتووری، یەکسانی ڕەگەزی و دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و فرەدەنگ بەشێکن لەو ئاسۆیە.

”بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەریی کۆمەڵایەتی پێویستیەکی جدییە”

جەختی لەوە کردووەتەوە، ساڵیادی “ژن ژیان ئازادی” نابێت تەنیا بە بیرکردنەوەی قوربانیان و دووبارەکردنەوەی ڕابردوو کۆتایی پێ بێت، بەڵکو ئەم یادکردنەوەیە کاتێک مانادار دەبێت کە بە ڕێکخستن، پەروەردەکردنی نەوە نوێکان، بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە ڕێبەریی کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ درووستکردنی دامەزراوە دیموکراتیکەکان پەیوەست بکرێت.

 

لە کۆتاییدا، وریشە مرادی “ژن ژیان ئازادی” تەنیا وەک یادەوەرییەکی شۆڕشێک ناگرێتەبەر، بەڵکو وەک یادەوەریی ئەگەری ژیانێکی تر دەیبینێت، ئەگەرییەک کە بە بۆچوونی ئەو دەبێت لە ئێستاوە بۆ بەدیهێنانی هەوڵ بدرێت.