تولای حاتمئۆغولاری: ئامادەین پێکەوە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد بنێین
تولای حاتمئۆغولاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی پاش ڕێپێوانەکەی ئامەد قسەی کردو ئاماژەی بەوەکرد، ئامادەن پێکەوە ئاشتی کۆمەڵایەتی بکەن و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد بنێن.

ناوەندی هەواڵ
تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" بەدروشمی "ژنان بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەری دیموکراتیک رێپێوان دەکەن" لە ئامەد ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدا.
دوای ڕێپێوانەکە، تولای حاتمئۆغولاری،هاوسەرۆکی دەم پارتی قسەی کردو وتی: ژنان لە چوار گۆشەی تورکیاوە هاتوونەتە ئامەد بۆ دەربڕینی داواکاریی خۆیان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک و وتی: "ئەمڕۆ ژنان نەک تەنها لە تورکیا و کوردستان، بەڵکو لە هەموو جیهانەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی بانگەوازەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالانیان دایەوە. شەڕ لەناوچوونە، ئێمەی ژنان زۆرترین ئازارمان لە شەڕەکاندا بینیوە، ئێمەی ژنان هەرگیز ئەم سیاسەتەمان قبوڵ نەکردووە و هەرگیز قبوڵی ناکەین. ئێمە ژنان بە دڵنیاییەوە ئاشتی لەم وڵاتەدا بنیات دەنێین.
دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت
پێویستە ژنان ببنە بناغەی ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە پەرلەمان دادەمەزرێت. ئێمە ئامادەین هێزی خۆمان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک کۆبکەینەوە. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە به باشی بڕوات، دەبێت بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد ببێت هەتا بتوانێت به ئازادنە لەسە پرۆسەکە بکات. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دوایین کۆبوونەوەیدا سڵاوی ئاراستەی هەموو ئەو کەسانە کرد کە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتێک تێدەکۆشن. لێرەوە لە ئامەدەوە سڵاوی خۆمانی بۆ دەنێرین. ئێمە دەمانەوێت لەم خاکەدا ژیانێکی بێ توندوتیژی، بێ کوشتنی ژنان و بۆ ئەوەی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراتیک چارەسەر بکرێت، ئاشتیمان دەوێت.
چالاکییەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.