پەیمانی شایەتحاڵی ئەنفال: هەرکات وشەى ئەنفال دەبیستم بەسەدان چیرۆکم دێتە بەرچاو کە خۆم بینیومە

"یادەوەرییەکانى کچە کوردێکى ئەنفالکراو" ناونیشانى رۆمانێکە لە لایەن تاڤگە حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى شەهید و ئەنفالکراوانى کۆیە ناساندنی بۆ کرا، پەیمان عەبدولڕەزاق، نووسەرو شایەتحاڵی ئەنفال دەڵێت: هەرکات وشەى ئەنفال دەبیستم بەسەدان چیرۆکم دێتە بەرچاو.

شیا کۆیی

 

کۆیە- ئەنفال ئەو تاوانەی کە بە هەزاران پەرتوک و شانۆو فیلم هێشتا پێویستی بە گێڕانەوەیە، شایەتحاڵانی ئەو تاوانە کە بەدەستی ڕژێمی بەعس بەرامبەر کورد کرا هەمیشە لە یادەوەرییاندا ماوە، نوێترین پەرتووک لەسەر تاوانە بەناوی "یادەوەرییەکانى کچە کوردێکى ئەنفالکراو" لە ٧ی ئەیلوول بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەدیب و نووسەر و ڕووناکبیرانی کۆیە لەلایەن  تاڤگە حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى شەهید و ئەنفالکراوانى کۆیە لە "ناوەندی ئەدەبی و ڕووناکبیریی کۆیە" ناساندنی بۆ کرا.

 

تاڤگە حەمە ساڵح، وەکو چالاکوان و شارەزا و بەئاگا لە کاروباری ئەنفالکراوان، زۆر بە جوانی چووە ناو بڕگە و بابەتەکانی پەرتوکەکە و بە ئامادەبووانی ناساند، لەبارەى هەڵبژاردنى ئەم بەروارە بۆ ناساندنکە وتى: بۆیە ئەمرۆمان هەڵبژاردن چونکە لە ٦ى ئەیلوول کۆتا رۆژى شاڵاوی ئەنفالى کوردە کە بە ٨ قۆناغ تیپەڕێووە و سەرجەم کوردستانى گرتەوە، هەوڵمدا ئەمڕۆ لە ناساندنى رۆمانەکە ئەو تراژیدیاو ڕووداوە ناخۆشەکانى بەسەر ژن و منداڵە کچە کوردەکان هاتووە لە کارەساتى ئەنفال لەو شوێنانەى زیندانى کراون و زیندەبەچاڵ کراون وچیرۆکەکانیان بخەینە ڕوو.

 

وتیشی: هاوکات خۆشحاڵین کە لە ئێستادا جەلادى ئەنفال لە نوگرە سەلمان بەناوى "حەجاج" دەستگیرکراوە لە هەوڵداین زۆرترین شایەدحاڵ بێنینە سەرخەت تا بەسزاى یاسایی خۆى بگات، وببێتە پەندێک بۆ هەموو ئەوکەسانەى کوردیان زیندەبەچاڵ کردووە یان جینۆسایدیان کردوون.

 

سەبارەت بەناوەرۆکى رۆمانەکە کە لەنووسینی "سەدرەدین محێدین کەڵوڕی"یە، تاڤگە ئاماژەى بەوەکرد کە نووسەر هەوڵى داوە ئەو کارەساتە گەورەیەی بەسەر ژنان و منداڵانی کچی کورد هاتووە بخاتە ڕوو و کۆمەڵێک ڕووداوى تێدایە بەسەرهاتى ئەوکچانەیە کە لە گرتووخانەکان بوون ئەویش کۆى کردوونەتەوە و بەخۆشەویستى و عەشقى کوردستان دەستى پێکردووە تا لەکۆتایی بە ئەنفالکردن و بەندکردنیان لە زیندانەکان و فرۆشتنى ژنانى ئەنفالکراو بە وڵاتانى دراوسێ وەک کۆیلەو جاریە سەیرکراون، لەگەڵ چەندین کورتە چیرۆکى دیکە لەو ڕۆمانە کۆکراوەتەوە.

 

پەیمان؛ شایەتحاڵی ئەنفال

پەیمان عەبدولرەزاق، نووسەر دانیشتووى شارى کۆیەیە سەبارەت بە کارەساتى ئەنفال لەمڕۆژەدا وتى: هەرکات وشەى ئەنفال دەبیستم بەسەدان چیرۆکم دێتە بەرچاو کە خۆم بینیومە، ئەنفال ئەو شانۆ و فلیمانەیە لەناو خوێنماندایە لەگەڵ ژیانمان تێکەڵبووە، من وەک خۆم شەوى ئەنفالەکە بیرمە کۆمەڵە ژنێک دانیشتبووین لەناوچەیەکى دەشتى کۆیە شوێنەکەمان تۆزێک چۆڵ بوو، دوایی کاتژمێر یەکى شەوبوو گوێمان لەدەنگى تەراکتۆر بوو هەریەکەو بەلایەکدا ڕۆشت هەریەکەو بەلایەک دارۆشتن چونکە ئێمە پیاومان لانەبوو، بەڵام رۆژانە پێشمەرگە دەهاتن و وامزانى هەرئەوانن دێن، دواى کەهەموو رۆشتن تەنیا من و ژنێک ماینەوە کەدایکى شێخ فەتاح بوو وتم با ئێمەش بڕۆین سەرێک لە کۆیە دەدەین و دێینەوە، تا گەیشتمە کۆیە کاتژمێر پێنجى بەیانى بوو بینیمان هەبوو جەیش و جاش بوو، فرۆکەو هەلىکۆپتەر دەرۆشت بۆ دەشتى کۆیە هەر ئەو رۆژە دەشتى کۆیە ئەنفالکرا، من دەربازم بوو بەڵام ئەوەى شەو نەڕۆشت ئەنفالکرا, زۆر شتمان بینی، دواى سێ مانگ هاوژینەکەمم دۆزییەوە.

 

"هەرچى بکەین ئەو برینە سارێژ نابێت"

پەیمان وتیشى: بۆ کارەساتى ئەنفال و قوربانیان هەرچى بکەین هەرکەمە هەرچى بکەین ئەو برینە سارێژ نابێت، کاتێک ببینى لەبەر چاوت منداڵت بمرێت لەبرسان ولەتوێنان یان بەزیندویی زیندە بەچاڵ بکرێن ئەوە قەت لەبیرناکرێت بۆکورد ناسنامەیکە لەبیرکردنە ئەستەمە. ئەنفال وەک سەڵیبێکە بەناوچەوانمان.