ناوەندی هەواڵ
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە بۆنەی ١ی ئەیلوول، ڕۆژی جیهانی ئاشتی پەیامێکی ئاراستەی گەل کرد.
پەیامەکە لە گردبوونەوەیەکدا بە ناوی "دیموکراسی و ئاشتی لە دژی شەڕ و ئیستغلالکردن" خوێندرایەوە کە لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە بانگەوازی ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی "هەنگاوێکی سیاسی ئاسایی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژی و خاڵێکی مێژووییە" و ئەم هەنگاوە دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ هەم لە تورکیا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە.
دەقی تەواوی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و چارەسەری دیموکراسی تەنیا هەنگاوێکی سیاسی ئاسایی نییە؛ ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژییە و بڕگەیەکی مێژووییە. بەم بانگەوازە، لە تورکیا و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگاکانی سەردەمێکی نوێ بەڕووی ژیانێکی دیموکراسی و ئاشتیانەدا کراوەتەوە، کە شەڕ و وێرانکارییەکان ڕێگە بە ژیانێک دەدەن کە لەسەر بنەمای ئاشتییە.
ئەمە تەنها ئاواتێک نییە؛ دەرفەتێکی بەهێزە کە دەبێت بە هەنگاوی پراکتیکی و جددی بەدی بهێنرێت. چونکە ئاشتی ڕاستەقینە تەنها بێدەنگی چەک یان کۆتایی هاتنی ململانێکان نییە؛ ئاشتی ڕاستەقینە کاتێک بەدەست دێت کە ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بڕژێن.
ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە تەنیا مافێک نییە بۆ گەلەکەمان؛ هەروەها ئەرکی بنەڕەتی سەردەمی نوێی پێشەوەیە، بە تێکۆشانی گەلەکەمان بەهاکانی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادی ڕەگ داکوتێت و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕەنگ دەداتەوە.
ئێستا ئەم خاکە دەبێتە ماڵی ئەو کەسانەی کە ئاشتی و ژیانی دیموکراسی هەم بە مافی خۆیان و هەم بە ئەرکی خۆیان دەزانن.
بەبۆنەی یەکی ئەیلوولەوە بانگهێشتی خەڵک دەکەم بۆ ڕێزگرتن لەو ئەرکە مێژووییە و فراوانکردنی ڕێپێوانی ئاشتی و ئازادی.
بە باوەڕی ئەوەی کە هەمووان لە جددیەتی ئەم کاتە تێدەگەن و بە ڕۆحی ئاشتی مامەڵە دەکەن، بە خۆشەویستی و ڕێزێکی بێکۆتایی سڵاوتان لێدەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
دوورگەی ئیمرالی




