پەیامنێری ڕۆژنیوز بوو بە براوەی دووەمین خەڵاتی غوربەتلی ئەرسۆز

پەرێز ڕەمەزان پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژنیوز، بوو بە براوەی خەڵاتی باشترین بابەتی ڕۆژنامەوانیی بەشی کوردیی، لە دووەمین پێشبڕکێی خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز لە باکووری کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

بە دەستپێشخەری کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا "مەگەکە"، دووەمین پێشبڕکێی خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا باشترین بابەتی ڕۆژنامەوانیی کوردیی و تورکیی و باشترین وێنە و ڤیدیۆی ڕۆژنامەوانیی دیاری کرا.

 

ڕێکخەرانی پێشبڕکێکە لەبارەی ئەنجامی کۆتایی پێشبڕکێکە و ناوی براوەکانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە بەمجۆرە:

“وەک کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا، ناو و بەرهەمی براوەی خەڵاتی ئەمساڵی دووەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز  بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین.

 

پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دادوەرانی دووەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز  کۆتایی هات، دووەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز لە پێناو گەورەکردنی تێکۆشان و گەڕان بەدوای ڕاستیدا لە ڕۆژنامەوانیی ژناندا ڕێک دەخرێت.

 

لە دووەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز دا، کارە ڕۆژنامەوانییەکان، کە تێکۆشان و ماندووبونی ژنان دەخەنە ڕوو، دەبنە هۆی پێشکەوتنی ڕۆژنامەوانیی ژنان و گەڕان بەدوای حەقیقەتدا.

 

دووەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز  کە ئامانجییەتی میراتی غوربەتلی ئەرسوز کە بۆ ڕۆژنامەوانیی ژنانی جێهێشتووە بە زیندوویی بهێڵێتەوە و ئەم میراسە بە تێکۆشانی ڕۆژنامەوانیی ئەمڕۆوە ببەستێتەوە، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی دادوەراندا ئاشکرا بوو:

دادوەرەکانی بەشی هەواڵی کوردیی: سونا تونچ، خەدیجە کامەر و لەیلا ئایاز.

“وەک دادوەری کوردی بۆ دووەمین خەڵاتی ڕۆژنامەوانیی ژنانی غوربەتلی ئەرسوز، دوای هەڵسەنگاندنێکی گشتی لەناو ئەو بابەتانەی کە بەشدارییان کردووە، هەواڵی ڕۆژنامەنووس پەرێز ڕەمەزان بە ناوی (ئاسکە کەریم؛ چیرۆکی دایکێکی کورد لە ژێر چەپۆکی دڕندەیی عەجاجدا) بە شایستەی خەڵاتی یەکەم زانی.

 

لەبەر ئەوەی؛

هەواڵەکە بە زمانێکی ڕوون، ڕەوان و سادە نووسراوە.

لە هەواڵێکی ئاسایی دادگاوە، هەواڵێکی تایبەت دەرهێنراوە.

بووە بە پردی نێوان ئێستا و مێژوو بە شێوازێکی لێهاتووانە.

هەواڵەکە هەم شایەتی ڕووداوەکەیە و هەم شایەتیی مێژووش دەگێڕێتەوە.

لە ناو هەواڵەکەدا هەم ڕاستی ئەشکەنجەدان هەیە و هەم ئازایەتیش.

وردەکارییەکانی وەکو ناو، شوێن، ڕووداو و تەمەن، هەواڵەکە دەگۆڕن بۆ بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و یاسایی.

بەدواداچوونی دانیشتنەکە تاوەکو ئەمڕۆش، نیشانەی گەڕانی دەیان ساڵەیە بۆ دادپەروەری.

ئەم هەواڵە پێوەرەکانی وەکو بەڵگەکردن، بەهای مرۆیی، ڕاستی مێژوویی، ڕوونی و گەڕان بەدوای دادپەروەریدا لەخۆ دەگرێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەواڵی پەریز ڕەمەزانمان بە شایستەی خەڵاتی یەکەم زانی.”