نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێک لەسەر هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین ئامادە دەکات
کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە چاودێری هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین دەکەن و مانگی داهاتوو ڕاپۆرتێک لەسەر هێرشەکان ئامادە دەکەن.
ناوەندی هەواڵ
کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) خەریکی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکە لەسەر هێرشەکانی سەر بەنداوی تشرین، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بە توندی هێرش دەکەنە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق، بۆ پاراستنی بەنداوەکە لە داڕمانی و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکان، خەڵکی هەموو ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٨ی کانوونی دووەمەوە ئیشکگری بەنداوەکە دەکەن.
دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی، واتە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی کە لە ئەرکی ئێشکگریدان، بەپێی ئامارەکانی دەستەی تەندروستی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٢١ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداو ٢٠٣ هاوڵاتی مەدەنیش برینداربوون، هاوکات ئەو بەنداوەی کە کارەبا و ئاو بۆ هەرێم دابین دەکات، لە خزمەتگوزاری دەرچووە.
ئاژانسی ئانها سەبارەت بە تاوان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی دانیشتووان و ژێرخانی ناوچەکە، خۆی گەیاندە کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN).
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن کۆمیتەکەوە بە ئانها دراوە، چاودێری تاوان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات و ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕاپۆرتەی ئامادەی دەکەن سەبارەت بەو تاوانانە لە مانگی شوباتدا بڵاویدەکەنەوە.