سلێمانی
پاشنیوەڕۆی ٢٤ی حوزەیران، لە ڕێکخراوی ئازادبوون، لە شاری سلێمانی، لە لایەن ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوەو پەرتوکخانەی ژنی کورد، بە بەشداری کردنی ژنانی چالاکوان، نووسەران و گەنجان، دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهید "ناگیهان ئاکارسەل" و ژنانی ڕێگای ئازادی بەرز ڕاگیرا، پاشان پێشکەشکردنی سینەفزیۆنێک لە بارەی دامەزراندنی ناوەندەکە و لەسەر ژیان و خەباتی ناگیهان ئاکارسەل نمایشکرا، لە کۆتاییدا چەندین پارچە میوزیک و گۆرانی لە لایەن " بانوو بەهزاد"ەوە پێشکەشکرا.
سەیوان ڕۆستەم، چالاکوانی بواری ژنان، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا وتی: ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە لە مێژووی ڕۆشنبیری ژنی کورددا، ناوەندی ئەرشیف و پەرتوکخانەی ژنی کورد، ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کولتوور و دابو نەریتی کوردەواری بۆ ژنانی هەربەشێک لە بەشەکانی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوەو پەرتوکخانەی ژنی کورد، ئەگەرچی چەند ساڵێکە دامەزراوە بەڵام لەبەر بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و کەمی دارایی نەیتوانیوە بەشەکان هەمووی کارا بکات، لە کۆتایشدا شەهید ناگیهانی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و وتی: لەم یادەدا پێویستە ڕۆڵی شەهید ناگیهان ئاکارسەل لەبیر نەکەین کە خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم ناوەندە بوو لەو پێناوەشدا دەستی تیرۆری دووژمن شەهیدی کرد.
" ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوەو پەرتوکخانەی ژنی کورد، هەوڵ بۆ ئەرشیفکردنی مێژووی ژن دەدات"
تریفە حەمە ڕەشید، بەڕێوەبەری ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوەو پەرتوکخانەی ژنی کورد وتی: لە ۲٤ی حوزەیرانی ۲٠۲٥، دووەمین ساڵیادی ناوەندەکەمان کردەوە، بۆ بیرهێنانەوەی تواناکانی ژنان و هەوڵ و ماندوبوونی ژنانی دامەزرێنەرو شەهیدان یادەکەمان ئەنجامدا، بە بەشداری بەشێک لە دامەزراوان یادەکە پێشکەش دەکرێت، پاشان سینەفزیۆنێک بۆ بەبیرهێنانەوەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل و بیری دامەزراندنەکەی ئەنجامدەدەین، ڕۆڵ و گرنگی پەرتوکخانەکە بۆسەر ژنانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسکرا.
لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: ئێمەی ژنان هەوڵ بۆ بەرز ڕاگرتنی مێژووی خۆمان و نووسینەوەی ئەو ئاستەنگی و هێرشانەی بۆسەر ژنان ئەنجامدراوە کە ئەرشیفی بکەین دەدەین، بۆیە پێویستە ژنان لە ڕێگەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوەو پەرتوکخانەی ژنی کوردەوە بەردەوام هەوڵ بۆ مێژووی ژن بدەن.









