سودان
ڕێکخراوی ژینگە و گەشەپێدانی ژنانی گوندنشین، لە چوارچێوەی پڕۆژەکەیدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنانی گەنج لە دانوستانەکانی ئاشتی و پرۆسەی سیاسی لە سودان، گفتوگۆیەکی مێزییان ڕێکخست، لە چالاکییەکەدا ژنانی گەنجی چالاکوانی لە ڕێکخراو و دەستپێشخەرییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سودان کۆکردەوە.
لە مێزی بازنەیدا گفتوگۆی دەوڵەمەند پێشکەشکرا کە ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی ئەزموون و دیدگاکان بوون، تیشکی خستە سەر کەلێنی نێوان ئەو ڕۆڵە سەرکردایەتیانەی کە ژنانی گەنج لە ئاستی کۆمەڵگەدا دەیگێڕن لە نێوان ململانێکان و نوێنەرایەتی سنوورداریان لە پرۆسەکانی دانوستاندن و بڕیاردان، هەروەها گفتوگۆکان باسیان لە ئاڵەنگاری پەیوەست بە جەمسەرگیری سیاسی و دابەشکاری کۆمەڵایەتی کرد، جەختیان لەسەر گرنگی بونیادنانی کەشی گفتوگۆ کردەوە کە جیاوازییە ناوچەیی و نەتەوەییەکان تێپەڕێنێت بۆ پەرەپێدانی دیدگای هاوبەش بۆ داهاتووی سودان.

هەروەها لە بەرنامەکەدا، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان بەشداربووان و نووسینگەی نێردەی کەسیی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سودان، هەنگاوێکی کردەیی بوو بۆ بەستنەوەی دەنگی ژنانی گەنج بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی.
ڕێکخراوەکە جەختی لەوەکردەوە، کە بەشداری کاریگەرانەی ژنانی گەنج تەنها بە بەشداریکردن لە ڕاوێژکارییەکان بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو بە دڵنیابوون لەوەی کە پێشنیارەکانیان دەگەنە دەست بڕیاردەران و دەگۆڕدرێن بۆ دەرفەتی ڕاستەقینە بۆ کاریگەری، هەروەها جەختی لە گرنگی فراوانکردنی بەشداریکردن کردەوە بۆ ئەوەی ژنانی گەنجی ناوچە گوندنشینەکان و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکانی ململانێ بگرێتەوە، نوێنەرایەتیکردن بۆ ئەو نوخبانە سنووردار نەکات کە دەستڕاگەیشتنێکی زیاتریان بە کەشی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە، ژنانی گەنجی سودان هاوبەشی سەرەکین لە بونیادنانی ئاشتی و داڕشتنی داهاتووی، هەروەها ئاشتییەکی هەمەلایەنە و بەردەوام بەبێ بەشداریی ڕاستەقینە و هەمەچەشنیان بەدی نایەت.





