ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "مۆنیتۆر" سەبارەت بە دۆخی نالەباری نەتەوەی بەلوچ لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئێراندا ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: نەتەوەی بەلوچ لە ئێران، بەتایبەت لە پارێزگای بەلوچستان، لە پایزی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پێشێلکاریی پێکهاتەیی مافەکانی مرۆڤ بووەتەوە؛ لەوانە لەسێدارەدانی بەردەوام، هەژاریی، مامەڵەی ئەمنیی توند و بێبەشبوون لە بەڵگەی فەرمیی ناسنامە.
باس لەوەشکراوە، تەنها لە نێوان ئەیلوول تا تشرینی دووەمی ٢٠٢٦دا چەندین هاووڵاتیی بەلوچ لەسێدارە دراون، لەوانە عومەر دروستکاران و محەمەد عارف شەهبەخش و محەمەد ئەمین ئاتەشگەر و هەمزە مورای خاڵس.
ئاماژە بەوەش کراوە، بەلوچەکان بە ڕێژەیەک زیاتر لە قەبارەی دانیشتووانیان بەر سزای لەسێدارەدان دەکەون، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ لانیکەم ٧٦٦ هاووڵاتیی بەلوچ لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون و لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار بەندکراو لە پارێزگای بەلوچستان بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە مەترسیی لەسێدارەداندان.
هەروەها دۆخی گرتووخانەکانی زاهیدان، ئێرانشار و زابۆڵ بەهۆی قەرەباڵغی، کەمیی خزمەتگوزاریی تەندرووستیی و کاری زۆرەملێوە بە نالەبار وەسف کراوە؛ نزیکەی ١٥٠ بەندکراو لە بەشی زیندانی ناوەندیی زاهیدان، بێ هیچ مووچەیەک ناچار بە کاری زۆرەملێ و خزمەتگوزاریی شارەوانی دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، سەرەڕای دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە سامانی سروشتی، هەژاری و بێکاری وای کردووە کۆڵبەران وەک دوا بژاردەی بژێوی پەنا بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی ببەن، کە لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان دەبنەوە؛ وەک ڕووداوی ١٧ی تشرینی دووەم لە سەراوان کە بووە هۆی وەرگەڕانی لانیکەم سێ ئۆتۆمبێل کە سەرنشینەکانیان بە سەختی بریندار بوون.
هاوکات راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر دەیان هەزار کەس کە لە بەلوچستان بەبێ ناسنامە و بەڵگەی فەرمی دەژین و لە خوێندن، چارەسەری پزیشکی و دامەزراندنی فەرمی بێبەشن و هەندێک جار ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و دەرکردن دەبنەوە، وەک دەستبەسەرکردنی دە خێزانی بەلوچی بێناسنامە لە شارۆچکەی زارچی پارێزگای یەزد لە نێوان ٢١ی تشرینی یەکەم تا ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ کە پێنج خێزانیان بۆ ئەفغانستان دەرکراون و پێنج خێزانەکەی دیکە بۆ کەمپی زاهیدان گواستراونەتەوە.
جەختیش دەکاتەوە، ژنان و منداڵانی بەلوچ لەم دۆخەدا بەهۆی تێکەڵبوونی هەژاری، نەبوونی ناسنامە و جیاکاریی ڕەگەزی و نەتەوەیی، زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.




