ناوەندی هەواڵ
بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی گەلی کورد، تەڤگەری لاوانی شۆڕشگێڕ و ژنانی جیهانی لە بەریتانیا، کوردستانیان و ڕۆژنامەنووسانی لەندەن، لە دژی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ئۆتۆمبێلی کۆمپانیای چەتر و گیان لەدەستدانی ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین،گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم کەناڵی بی بی سی ئەنجامدا.
بەشداربووان وێنەی "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین"ـیان بەرز کردەوە و دروشمی "بی بی سی کۆتایی بە بێدەنگی بهێنە، مەبە بەشێک لە فاشیزم"ـیان وتەوە.
لە گردبوونەوەکەدا وتارێک لەسەر ناوی کارمەندانی ڕۆژنامەگەریی لە لەندەن پیشکەشکرا و ئیدانەی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد کرا، هەروەها جەختیش کرایەوە، خەونەکانی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بۆ ژیانێکی ئازاد بە زیندوویی بهێڵنەوە.
لە وتارەکەدا، ڕەخنە لە بی بی سی گیرا، بەهۆی پشتگوێخستنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە ڕۆژنامەنووسانی کردە ئامانج و ڕاگەیاندرا، شاردنەوەی ئەم هێرشە نامرۆڤانەی دەوڵەتی تورکیا لە خەڵک و پشتگوێخستنیان لە هیچ ئەخلاقێکدا جێ ناگرێت، شەرمەزاربە و فاشیزم ببینە.
دوای وتارەکان، بەشداربووان لە بەردەم باڵەخانەی بی بی سی ناڕەزایەتی دانیشتنیان ئەنجامدا، دروشمی "شەهید نامرێت، نا بۆ کوشتن و تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان، دەوڵەتی تورک تیرۆریستە" وتەوە و دوای دوو کاتژمێر کۆتایی بە چالاکییە هات .




