لە ئەفغانستان زیاتر لە ٢٠ کەس بەهۆی نەخۆشی سورێژە گیانیان لەدەستدا

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٢٠ کەسی تووشبوو بە نەخۆشی سورێژەی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٤ی تەمووز، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ڕاپۆرتی مانگانەی خۆیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی مانگی حوزەیراندا شەش هەزار و ٣٩٠ حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە لە ئەفغانستان دەستنیشانکراون، ٢٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پشتڕاستی کردەوە، ژمارەی توشبووانی سورێژە لە ئەفغانستان لەم مانگەدا بە بەراورد بە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو بە ڕێژەی ٥.٩% کەمیکردووە، تا ئێستا لەمساڵدا ٣٥ هەزار و ٢١ کەس تووشی نەخۆشی سورێژە بوون، لەو ژمارەیەش ١٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

پزیشکان نەبوونی کوتان و کۆچکردن و هۆشیاری نەبوونی خەڵک لە نەخۆشی سورێژە بە هۆکار بۆ زیادبوونی ئەم نەخۆشییە دەزانن.

 

هەروەها ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبێتەوە و لە زۆرێک لە پارێزگاکانی ئەفغانستانیش خەڵک دەستیان بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان ناگات و ئەمەش هۆکارە بۆ توندبوونەوەی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان و زیادبوونی تووشبوونیان و ڕێژەی مردن.