لە هەولێر هێرشکرایە سەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان بڵاویکردەوە، لە هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هێرشکرایە سەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن.

لە هەولێر هێرشکرایە سەر پێنج دەزگای ڕاگەیاندن

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی باشووری کوردستان بەهۆی کەمی خزمەتگووزاری و پێنەدانی مووچەوە بۆ ماوەی ٧٤ ڕۆژ خۆپیشاندان دەستیپێکرد و لە شاری هەولێر لە لایەن هێزە ئەمنییەکان هێرشکرایە سەر پەیامنێران و ڕۆژنامەنووسانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن.

 

ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان لەبارەی پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان لە شاری هەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ لە کاتی ڕووماڵکردنی کێشەی هاوڵاتییان لە کەمی خزمەتگووزاری و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی پەیوەست بەو بابەتە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شارەکەوە هێرشکرایە سەر ڕۆژنامەنووسان و دەستیان بەسەر کامێرا و ئامێری پەخشی ڕاستەوخۆکانیان گرت و ڕێگرییان لێکردن.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئێمە ئەو توندوتیژییەی بەرانبەر بە پەیامنێر و وێنەگرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراوە شەرمەزار دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین دەست لە پێشێلکارییەکان هەڵگرن و ڕێز لە کاری ڕۆژنامەنووسان بگرن، هەروەها داوا لە دەزگاکانی جێبەجێکار دەکەین سنووری ئەرکەکانیان نەبەزێنن و لە چوارچێوەی ئەركەكانیان رێز لە یاسای كاری رۆژنامەنووسی بگرن.