ناوەندی هەواڵ
کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە"، لە راگەیەندراوێکدا کۆمەڵکووژی سەر عەلەوییەکانی لەلایەن دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)وە بە ڕاگەیەندراوێکی نووسراو شەرمەزار کرد.
ڕاگەیەندراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەم جۆرەیە:
دیسانەوە سووریا بەرەو شەڕێکی خوێناویی و کۆمەڵکووژیی نێوان گەلان و مەزهەبەکان پەلکێش دەکرێت، عەلەوییەکانی سووریا، چەند هەفتەیەکە لە هەرێمەکانی وەک لازقیە و حومس و تەرتوس لە کەناراوەکانی سووریا ڕووبەڕووی سوکایەتی نامرۆڤانە و ئەشکەنجە و کۆمەڵکووژی دەبنەوە.
ژنانی عەلەوی ڕووبەڕووی هەموو جۆرە فشار و دەستدرێژییەکی تیرۆریستی و چەتە ئایینپەرست_مەزهەبییەکانی داعش دەبنەوە کە زۆرینەیان خەڵکی سووریا نین، ئەم کۆمەڵکووژییانە بەرامبەر گەل و ژنانی عەلەوی بەتوندی شەرمەزار دەکەین.
هێزە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن لە سووریا شەرعییەت بە هەتەشە بدەن و هەرێمەکە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دابڕێژنەوە، بۆیە هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر ئەو هەموو کۆمەڵکووژی و ستەمە نامرۆڤانەیە بێدەنگن، ئەم دەسەڵاتە پاشڤەڕۆ و دژە ژنە کە ئیرادەی گەلانی سوریا پشتگوێ دەخات و بەگوێرەی دەوڵەمەندییە کۆمەڵایەتی_کەلتوورییەکەی سووریا مامەڵە ناکات، بە سیاسەتی کۆمەڵکووژی و چەوساندنەوە ناتوانێت ئایندەیەکی گەش پێشکەشی گەلانی سووریا و بەتایبەت ژنان بکات.
ئەو ڕووخان و ئاوارەیی و فشارەی ئەمە ١٠ ساڵە گەلی سووریا دەیچێژێت، وا دەکات لەم قۆناغەدا پێویستی بنیاتنانی دیموکراتیک بێتەپێش، جوگرافیای سووریا کە جیاوازی ئایینی و کەلتووری و مەزهەبی تێدایە و گەلانی عەرەب، سریانی، کورد، دورزی، تورکمان، سونی، عەلەوی و مەسیحی تێیدا دەژین، زەمینەی پێکەوەژیانێکی ئازادە.
لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا ئەمە ١٠ ساڵە گەلانی کورد و عەرەب و سریان پێکەوە بە ئاشتی دەژین، وە ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێوەیەکی ئازاد و یەکسان بەشداری لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن، ئەمە دەرخەری گرنگیی مۆدێل و دەسکەوتەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە، ئیدی پێویستە ئیرادە و هێز چارەسەر بۆ دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان نیشان بدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا بانگەواز لە بزووتنەوە جیهانییەکانی ژنان و ڕۆشنبیران و هێزە دیموکراسیەکان دەکەین لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی عەلەوییەکان بێدەنگ نەبن، ئێمە پشتگیری لە گەل و ژنانی عەلەوی دەکەین، پێویستە هەموو دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان و تورکیا و بەتایبەت لە سووریا بە هەستیارییەوە مامەڵە بکەن، ئەم هێرشانە شەرمەزار بکەن.
ئەنجامدانی ئەم کۆمەڵکووژییە، لە ٨ـی ئادار ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرێکاردا، پێویستیی ژنان بە ڕێکخستنی هاوبەش و مەزنکردنی تێکۆشان زیاتر دەردەخات، بەرپرسیار و هۆکاری هەموو کۆمەڵکووژی و شەڕ و نایەکسانییەک، زیهنیەتی پیاوسالارە.
بۆیە ئازادی و تێکۆشانی ژنان، دژە ژەهری هەموو جۆرە کەلتوورێکی توندوتیژی و زاڵبوونە. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژی تێکۆشانی ژنانی عەلەوی و هەموو ژنان پیرۆز دەکەین”.




