کوشتنی ژنان لە گەرمیان؛ تاوانێک کە لە کۆڵانەکاندا دەستپێدەکات و لە سوڵحی عەشایەریدا پەردەپۆش دەکرێت

ڤیان سابیر، چالاکوان هۆشداری دەدات کە بارودۆخی ژنان لە گەرمیان لە ئاستێکی مەترسیداردایەو باڵادەستیی بیرکردنەوەی پیاوسالار، کاریگەریی هەندێک نەریت و کولتوور، کەموکوڕییەکانی یاساو پەردەپۆشکردنی کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە سوڵحی عەشایەری توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

کوشتنی ژنان لە گەرمیان؛ تاوانێک کە لە کۆڵانەکاندا دەستپێدەکات و لە سوڵحی عەشایەریدا پەردەپۆش دەکرێت

هێلین ئەحمەد

 

کەلار_ دیاردەی کوشتن و هاندان بۆ خۆکوژیی ژنان لە گەرمیان و دەوروبەریدا بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا چالاکوانانی مافی ژنان هۆشداری لە مەترسیی بەردەوامبوونی توندوتیژی دژی ژنان دەدەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە باڵادەستیی بیرکردنەوەی پیاوسالار، هەژموونی هەندێک و داب و نەریت، لاوازیی میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان و کەموکوڕییەکانی جێبەجێکردنی یاسا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامی و زیادبوونی ئەم دیاردە مەترسیدارەدان، لە هەمانکاتدا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی گەرمیان و نزیکی لە ناوچە عەرەبییەکان، هەندێک لە نەریت و کولتوورە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر بارودۆخی ژنان هەبووە؛ بە تایبەتی ئەو بیرکردنەوەو نەریتانەی کە مافی ژنان سنووردار دەکەن و توندوتیژی دژیان ئاسایی دەکەنەوە، هەروەها کەموکوڕی و لاوازیی هەندێک لە ماددە و ڕێکارە یاساییەکانی عێراق، بە پێی هەڵسەنگاندنی چالاکوانان، لەگەڵ هەندێک نەریتی پیاوسالاردا، بوونەتە هۆی زیاتر لە مەترسیداکەوتنی ژنان و لاوازیی پاراستنی مافەکانیان.

 

لە لایەکی دیکەوە، پەردەپۆشکردنی کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەرییەوە، نەک هەر دەبێتە هۆی لەدەستچوونی مافی قوربانییەکان و خۆبواردن لە جێبەجێکردنی دادپەروەری، بەڵکوو بە شێوەیەکی تر توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە و ژنانی دیکەش دەخاتە بەر مەترسیی پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانیان، لەم بارودۆخەدا، پێویستییەکی زۆر بە دەستێوەردانی جددیی دامەزراوە حکومییەکان، جێبەجێکردنی یاسا بەبێ هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی عەشایەری و بەهێزکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی ژنان هەیە.

 

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی بوارەکە هەڵمەتێکیان بە ناونیشانی "هەڵمەتی دژ بە خۆکوشتن و خۆسوتاندنی ژنان" دەستپێکردووە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاریی ژنان بەرامبەر مافەکانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی بیرکردنەوەی پیاوسالار و گۆڕینی کەیسەکانی کوشتنی ژنان لە پرسێکی تاکەکەسییەوە بۆ پرسێکی گشتی و کۆمەڵایەتی، چالاکوانان هەروەها جەخت لە گرنگیی هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دامەزراوە حکومییەکان و میدیا دەکەنەوە و پێیان وایە بێ ئەو هاوکارییە و بەبێ دابینکردنی پشتگیریی دارایی و یاسایی، هەوڵەکان بۆ پاراستنی ژنان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژیی دژیان بە تەواوی سەرکەوتوو نابن. لەو پێناوەشدا، پێویستە کوشتنی ژنان وەک تاوانێکی جدی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و هیچ سوڵح و ڕێککەوتنێکی عەشایەری نەبێتە بەربەست لە بەردەم دادپەروەری و گەیشتنی تاوانباران بە سزای شیاو.

 

بە گوێرەی ئەو ئامارانەی دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ تا ١٦ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، زیاتر لە ١٤ ژن لە گەرمیان و سنوورەکانی دەوروبەری کوژراون و بو گوماناوی گیانیان لەدەستداوە:

 

_ کانوونی دووەم

لە شارۆچکەی کەلار دوو خووشک لە ماڵێکدا غاز لێی داون و یەکێکیان گیانی لەدەستدا.

 

_ شوبات

لە خەبات، ژنێک تەرمەکەی لە ئاوی زێی گەورەدا دۆزرایەوە، کە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستداوە.

لە شارۆچکەی خەبات، لەسەر پردی کۆن ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی کەوتە خوارەوەو گیانی لەدەستدا.

 

_مانگی ئادار

هیچ کوشتنێک لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە.

 

_ نیسان

لە ڕووباری زێی گەورەدا، ژنێکی کوژراو بە شێوەیەکی گوماناوی دۆزرایەوە.

 

_ئایار و حوزەیران

ڕاگەیاندن تۆماری کوشتنی کەلاری تێدا نییە.

 

_ تەمووز

لە ٢٨ی تەمووز، نێزیکەی کاتژمێر ١١:٣٠ی شەوی پێشتر، ڕووداوێکی کوشتن لە گوندی تازەدێی سەر بە شارۆچکەی کەلار ڕووی دا، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ژنێک بە چەقۆ کوژراوە.

 

_ ئاب 

١١ی ئاب، تەرمی ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ لە ماڵەکەی خۆی لە شارەدێی پێبازی سەربە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دۆزرایەوە.

١٢ی ئاب، لە گوندی مەعدانەکانی سەر بە شارۆچکەی خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە شەڕ و گرژیی لە نێوان دوو خانەوادە ڕوویدا و بەو هۆیەوە دوو کەس کوژران و کەسێکی دیکەش بریندار بوو، لە ناویدا کچێکی ١٥ ساڵ کوژرا.

١٣ی ئاب، تەرمی ژنێک بەناوی ئەمینە ئەحمەد تەمەن ٩٣ ساڵ بردراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە شارۆچکەی کەلار سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، کە بەهۆی خنکانەوە گیانی لەدەستداوە، گوایە لە ماڵەکەی خۆی بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.

 

١٤ی ئاب، ژنێک بە ناوی سیڤان مەڕوان، کە تەمەنی ٢٢ ساڵە، لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی گومانوی گیانی لەدەستدا.

 

_ ئەیلوول

ە ١ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی کفری ژنێک بە فیشک گوژرا.

لە ٩ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی کەلار ژنێک بەناوی ( ب . م . خ ) لەدایکبووی ١٩٧٠ بە فیشک کوژرا.

لە ١٤ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی کەلار ژنێک بە ناوی سیڤان مەڕوان تەمەن ٢٢ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.

لە ١٤ـی ئەیلوولی ئەمساڵدا، لە شارۆچکەی خانەقین لە ڕووداوێکی تەقەکردندا، ژنێکی تەمەن ٢٩ ساڵ لە لایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا.

 

_ تشرینی یەکەم ، هیچ کوشتنیکی ژنان تۆمار نەکراوە.

 

_ تشرینی دووەم

٧ی تشرینی دووەم، لە شارۆچکەی کەلار ژنێکی تەمەن ١٨ ساڵ بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە.

 

" کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە سوڵحی عەشایەری پەردەپۆش دەکرێت "

ڤیان سابیر، چالاکوان و بەرپرسی کارو چالاکییەکانی ڕێکخراوی پیدی ئۆ لە شاری کەلار، ئاماژەی بە بارودۆخی ژنان لە گەرمیاندا کردو وتی: بارودۆخی گەرمیان لە ئاستێکی مەترسیداردایە، بەهۆی کاریگەری جیاوازی کولتوورەکان و دابونەریتە جیاوازەکان توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە ئاستێکی مەترسیداردایە، هەروەها بە هۆی نزیکی ناوچەکە لە عەرەب نسینانەوە، کە کولتوور و دابونەریتیان کاریگەری لەسەر کوشتنەکانی ژنان لە گەرمیاندا زیاتر کردووە، پاشان یاسا و ماددە عێراقییەکان هۆکاری سەرەکی توندوتیژییەکانن لە گەرمیان و دەورووبەریدا، کوشتن و خۆکوژییەکانی ژنان لە گەرمیان و دەوروبەریدا لە ئاستێکی بەرزدایە، هەر ڕۆژ بە هەواڵی کوشتنی ژنێک بە ئاگادێینەوە، هاتنە ناوەوەی ئەو کولتوور و یاسا عەرەبیانەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە بۆتە هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکانی ژنان، کوشتنەکان ڕەنگدانەوەی لە خێزانەکانەوە نەماوە، لە خێزانەکانەوە هاتووەتە ناو گەڕەک و کۆڵانەکان، کوشتنەکانی ژنان تاکەکەسیی نییە، کاریگەری لەسەر تاک و کۆمەڵ بەجێدەهێڵێت، کاریگەرییەکانی بۆسەر کولتوور و دابونەریتەکان بەجێدەهێڵێت.

 

"لە بەرامبەر کوشتنی ژنێکدا، ژنێکی دیکە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەکەنەوە"

ئاژەی بەوەشکرد، لە گەرمیان و دەوروبەریدا کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە سوڵحی عەشایەری پەردەپۆش دەکرێت، وتی: ڕەنگدانەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و هەبوونی سوڵحی عەشایەری لە ناو شارەکەدا، بوەتە هۆکاریک بۆ سەپاندنی سوڵحی عەشایەری لە بەرامبەر کوشتنی ژناندا، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان کوشتنەکان لە ڕێگەی پیاوان و سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکەن، ناگەڕێنەوە بۆ یاسا، پێش گەیشتنی کەیسەکە بە دادگا خۆیان لە ڕێگەی سوڵحی عەشایەری و بۆ بەرژەوەندی پیاوان دادگایەکە کۆتای پێدەهێنن، زۆر جار سەرەڕای ئەوەی خانەوادەی کوژرا و بە مافی ڕەوای خۆیان ناگەن، هەر لەناو سوڵحەکەدا جارێکی دیکە ژنێکی دیکە بێ ماف دەهێڵنەوە، واتە وەک خۆین دەڵێن: "ژنێک کە لە خانەوادەی تۆمەتبارە دەدەن بە خانەوادەی کوژرا، تا خوێنێک بکوژێننەوە"، واتە هەر لە ڕێگەی توندوتیژی بەرامبەر ژن سوڵحی عەشایەری کۆ توندوتیژییەکی دیکە دەکەن، لەم ڕێگەیەوە توندوتیژییەکان بەردەوام لە زیاندووندایە، لە کاتیکدا پێویستە یاسا دەستوەردان لە کەیسەکانی کوشتن بکات، تا سەروەرانە بڕیار لەسەر کوشتنەکان بدرێت و تاوانبار بە سزای ڕاستەقینەی بگات.

 

"دەمانەوێت میکانیزمێکی باش بۆ پاراستنی ژنان هەبێت"

لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لە هەڵمەتی دژ بە خۆکوشتن و خۆ سووتاندنی ژنان کردەوە، وتی: بەهۆی لاوازی میکانیزمی پاراستنی ژنان لە گەرمیاندا، هەروەها شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بریاری بڵاوکردنەوەی هەڵمەتێکماندا بە دروشمی "هەڵمەتی دژ بە خۆکوشتن و خۆسووتاندنی ژنان"، بە هۆکاری ئەوەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خێڵەکی لە ناوچەکەدا زۆر بەربڵاوە، کوشتنەکانیش بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات، نەبوونی پشتگیری و هۆشیاری ژنان بەرامبەر مافەکانیان هۆکاری زیادبوونی کوشتنەکانی ژنانە، بۆیە هەبوونی ئەم هەڵمەتانە کوشتنەکانی ژنان دەکاتە پرسێکی کۆمەڵایەتی، بۆیە چالاکوانان و پارێزەران و ڕاگەیاندکاران لەڕێگەی ئەم هەڵمەتەوە ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی ژنان لە بارەی مافەکانیانەوەیە، پاشان پێکەوە پرسەکانی کوشتنەکان بکەنە پرسێکی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەت لە گەرمیان و دەوروبەری دەمانەوێت میکانیزمێکی باش بۆ پاراستنی ژنان هەبێت، با چیتر ژنان لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە ڕوبەڕووی کوشتن و توندوتیژیی نەبنەوە.

 

"پێویستە میدیا ڕۆڵی سەرەکی لە هۆشیاری ژنان ببینێت"

ڤیان سابیر لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: سەرەڕای ئەوەی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان بە هانای ژنانی ناوچەکەوە دەچن، لە پێشووتردا ڕێکخراوەکان و دامەزراوە حکومییەکان پەیوەندییەکی پتەویان لە نێواندا هەبوو تا بتوانن پێکەوە کارو خەبات بۆ پاراستنەکانی ژنان بکەن، هەروەها لەسەر کەیسەکان ڕاوەستە بکەن و پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام کێشەی دیکە بۆ ڕێکخراوە حکومی و ئەهلییەکان دروست بووە، کە نەبوونی هاوکاری دارایی بە هۆکاری قەیرانە داراییەکانەوە دروست بووە، بۆیە کەمێک لە ئیشەکانیان بەرەو لاوازی دەچێت، هەروەها پێویستە چالاکوانانی ژن ژنانی دیکە لە بەرامبەر مافەکانیان هۆشیار بکەنەوە، لەسەر ماف و یاساکان شارەزایی باش بڵاو بکەنەوە، تا جیدیکە پیاوان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری حکوم لە گەرمیان و دەوروبەری نەکات، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان و میدیاکاران خەبات و تێکۆشان بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە شار و شارۆچکەکاندا بکەن، واتە میدیا ڕۆڵی سەرەکی ببینێت، سەرەڕای هەبوونی ئەمانە یاسا سەروەرانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی کوشتنی ژناندا نەکات، میکانیزمێکی گرنگ بۆ پاراستنی مافی ژننا بدۆزنەوە، نەک لەنێو کۆڵانەکاندا ژنان بکوژرێن و هەر لەناو کۆڵانەکانی شاری کەلارو دەوروبەریدا سوڵحی عەشایەری بکرێت. 

ڤیدیۆی زیاتر ببینەهەموو ڤیدیۆکانی هەواڵەکانمان لە یەک شوێن.