سلێمانی
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سەکۆی ئازادی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بە دۆخی مەترسیداری باشوری کوردستان دا و ڕایگەیاند بۆ وەستانەوە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هەڵوەشاندنەوەی پیلانگێڕییەکانی سەر کورد پێویستە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین.
شۆڕش خدر ئەندامی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان بەیاننامەی کەمپەینەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: ڕێکخراوەکان و هێز و لایەنە سیاسیەکان گەلەکەمان بەقۆناخی هەرە هەستیار و چارەنوسسازی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. پیلانگێڕیەکی گشتگیری زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەسەر ئێستا و ئاییندەی گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت. پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لەکەسێتی ڕێبەر ئۆجەلاندا لەسەر تەواوی گەلی ئازادیخوازی کورد بەڕێوە برا، ئێستاش بەهەمان بەرفراوانی و خێرایی خۆیەوە بەرامبەر دۆزی ئازادی و ڕەوای گەلی کورد درێژەی پێ ئەدرێت و دەیانەوێت ئەنجامگیری بکەن.
هەروەها هاتووە: وەک چۆن زلهێزەکان لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا کوردستان و گەلەکەمانیان بێ قەوارە هێشتەوە و پارچە پارچەیان کردین و ڕووبەڕووی کارەسات و سیاسەتی نکولی و قڕکردن کراینەوە، ئێستاش لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا هەمان ئەو هێزانە مەرامی نامرۆڤانە لەسەر گەلی کورد پەیڕەو دەکەن و لەگەڵ داگیرکەری تورکیادا کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم گەلە بەش مەینەتە خۆری ئازادی نەبینێت و دیسان لەژێر چەپۆکی ڕەشی فاشیزم و شۆفێنیزم و دکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا ژیان بەسەر بەرێت. زلهێزەکان بەهەڵکردنی گڵۆپی سەوز و چاوپۆشی و پاڵپشتی بۆ ڕژێمە فاشیەکەی تورکیا دەلکەن.
دەربارەی دۆخی باشوری کوردستان کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان ڕایگەیاند"لە باشوری وڵاتمان سەرەڕای ئەو هەموو کێشە و قەیرانە کەڵەکەبووانەی لەسایەی دەسەڵاتی ملهووڕ و ستەمکار بەرۆکی گەلە ماندووەکەمانی گرتۆتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان بەدەست تێکەڵکردنی لەگەڵ فاشیزمی ئەرۆغاندا، وەک سەرکێشی لەنانەوەی شەڕی نەگریسی کورد بەکورد ئەکات. ڕۆژانە سەنگەر لەگەریلاکانی ئازادی دەگرێت و هێز دەجوڵێنێت و ئابڵوقەی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا دەدات. هەموو ئەمانەش بۆ ڕازیکردن و ڕزگارکردنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایە کە ڕووبەڕووی شکستی سیاسی و ئابووری و سەربازی گەورە بۆتەوە.
لە کۆتاییدا بانگەوازییان لە گەلی کورد کرد : پێویستە هەمووان دژ بەنانەوەی ئەم شەڕە نەخوازراوە هەڵوێست وەربگرین و ڕێگە نەدەین چیتر فاشیزمی تورکیا لەپێناو مەرامە گڵاوەکانی دۆزی ڕەوا و مافداری کورد بەرەو دواوە بەرێت. دەبێ هەر کەس و هێز و لایەنێک بەرپرسیارانە و هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات و ڕاشکاوانە هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و سەرەکۆنەی داگیرکەری تورکیا و لایەنی شەڕخواز بکرێت.
شاندی نێونەتەوەیی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان، پەیامی خۆیان نارد و ئێمیلیا مێرتێنس ئەندامی شاندەکە وتی: ئەم جەنگەی لە باشوری کوردستاندا هەیە، کاریگەرییەکەی لەسەر هەموومانە، هەموو دەسەڵاتدارانی جیهان کۆکن ئەوەی هاوڵاتیان ئاوارە بکەن و خەڵکی بکوژن، تورکیا لە ئیستادا بۆردومانی ناوچە شاخاوییەکان دەکات، بەهۆی ئەوەوە ئاگر لە ڕەزو باخ و دارستانەکان دەکەوێت، ئێمە ناتوانین جینۆسایدی سروشتی کوردستان قبوڵ بکەین، لەهەمان کاتدا جیهان ڕووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتەوە، ئێمە وەکو گەنجان لە مەترسییەکەی گەورە داین و ئەم هێرشانەش ئەم مەترسیانە قوڵتر دەکاتە.
ئێمیلیا ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت ئێمە هەڵبژێرین کە ئایا بەم کاولکارییە خۆمان بەدەستەوە بدەین، یاخود کۆدەبینەوە لە جیهاندا و شەڕ بۆ ئازادی بکەین، گەنجان لە جیهاندا ڕووبەرووی کاپیتالیست دەبنەوە و دەبێت ئێمە هەموومان دژی لەناوبردنی سروشت و جەنگ ببینەوە.
ت.پ



