کۆمیتەی پەروەردەی خۆبەڕێوەبەری حەوتەمین کۆنفرانسی خۆی ئەنجامدا
حەوتەمین کۆنفرانسی کۆمیتەی پەروەردەی خۆبەڕێوەبەری لە کامپی پەنابەرانی مەخموور بە دروشمی "لەگەڵ ژنانی خوێندەوار بەرەو ژیانی کۆمەڵایەتی" بەڕێوەچوو.

مەخموور
حەوتەمین کۆنفرانسی کۆمیتەی پەروەردەی خۆبەڕێوەبەری مەخموور لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی "مەخموور" بە دروشمی "لەگەڵ ژنانی خوێندەوار بەرەو ژیانی کۆمەڵایەتی" بەڕێوەچوو، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە ناوەندی کۆمەڵایەتی بەردەوام بوو.
لە سەرەتادا خولەکێک وەستان بۆ هەموو شەهیدانی تەڤگەری ئازادی کوردستان گیرا، دوای ڕێزگرتن کۆنفرانسەکە بە خوێندنەوەی دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد، پاشان ڕاپۆرتی دوو ساڵ خوێندرایەوە، و بارودۆخی سیاسی و هەڵسەنگاندنی ئەو کار و هەوڵانەی لەو دوو ساڵەدا ئەنجامدراون، جگە لەوەش پەیڕەو و ڕەشنووسی بڕیارنامەکان خوێندرایەوە و پێشکەش کران بۆ پەسەندکردن لە کۆنفرانسەکەدا، لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەشدا دەستەی دیسپلین هەڵبژێردرا و پەسەند کرا.
وتار لەلایەن هێلین کارا، هاو وتەبێژی کەرتی پەروەردە، پێشکەشکرا.
"ئەو بۆچوونانەی لە کۆنفرانسەکەدا دەربڕدراون بۆ داهاتوو ڕۆشنکەرەوەن"
هێلین کارا کۆنفرانسەکەی تەرخان کرد بۆ هەموو شەهیدانی ئازادی کوردستان، لەوانە کەسایەتی شەهید تێکۆشین دڵگەش و وتی: بە بەراورد لەگەڵ کۆنفرانسەکانی پێشوو، ئەم کۆنفرانسە لە ئاستێکی جیاوازدا بوو، لەگەڵ ئەو دیدگا و ڕاپۆرتانەی کە درابوون، هەروەها ئەو بۆچوونانەی کە بۆ داهاتو دەربڕدرابوون، بە دڵنیایەوە ڕووناکیەک هەبوو، سەرەڕای هەموو سەختی و گرفتەکانی ئێستا، هیوا و باوەڕمان لە پەروەردەی کامپەکەدا دەبینرێت، ئەو هێز و وزەیەی ئەمڕۆ هەیەتی، دەبێتە داهاتویەکی گەش لە شوێنە جیاوازەکاندا لە کاتی پێویستیدا، واتە ئەم هێز و ئیرادەیەی هەیە، دەستخۆشی لە سەرجەم مامۆستایان دەکەین بۆ ئەو کارانەی کردویانە و هیوای سەرکەوتن بۆ هەموویان دەخوازین.
کۆنفرانسەکە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.