کەمپەینی هاوپشتیی لەگەڵ ژنانی ئێزدی بەردەوامە و تاژێ جەخت لە بەردەوامیی تێکۆشان دەکاتەوە

لە چوارچێوەی کەمپەینی "لەپێناو دادپەروەری و ئازادیدا، تۆش ببە دەنگی ڕفێندراوانی فەرمان"، تاژێ چەندین نامەی ئاراستەی دەوڵەتان، دامەزراوەکان و کەسایەتییەکان کردووەو تێیدا داوای پێکهێنانی گروپێکی تایبەتی کردووە بۆ کارکردن لەسەر ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان.

کەمپەینی هاوپشتیی لەگەڵ ژنانی ئێزدی بەردەوامە و تاژێ جەخت لە بەردەوامیی تێکۆشان دەکاتەوە

شنگال

 

ڕیهام حجۆ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو یەک کچی ئێزدیی ڕفێندراو مابێت، تێکۆشان ناوەستێت.

 

بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) و ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی (SMJÊ)، لە چوارچێوەی کەمپەینی "لەپێناو دادپەروەری و ئازادیدا، تۆش ببە دەنگی ڕفێندراوانی فەرمان"، دەیان نامەیان ئاراستەی دەوڵەتان، دامەزراوەکان و کەسایەتییەکان کردووە، لە پێش هەمووشیانەوە عێراق و ئەو دەوڵەتانەی دانیان بەو کۆمەڵکوژییەدا ناوە کە لە سێی ئابی ٢٠١٤دا بەسەر ئێزدییەکاندا هات.

 

نامەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە نزیکەی ٦ هەزار کەسی ئێزدی کەوتنە دەستی داعش و ڕووبەڕووی ڕفاندن و بەدیلگرتن بوونەوە، تا ئێستاش چارەنووسی نزیکەی سێ هەزار ئێزدی، بەتایبەتی ژنان و منداڵان، نادیارە و لە ڕیزی بێسەروشوێناندان، داواش کراوە گروپێکی تایبەت پێکبهێنرێت بۆ کارکردن لەسەر ڕزگارکردنی ڕفێندراوان، دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی.

 

نامەکان داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ بێسەروشوێنان و ئەنجامدانی پشکنینی دی ئێن ئەییان کردووە، جەختیان لەوە کردەوە، کە داننان بە کۆمەڵکوژیدا تەنها هەڵوێستێکی سیاسی و ڕەوشتی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتیی گرنگیشی لێ دەکەوێتەوە لە بواری پاراستنی مافی قوربانییان، گەڕان بەدوای بێسەروشوێناندا، ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و بەدیهێنانی دادپەروەریدا.

 

هەروەها نامەکان دووپاتیان کردەوە، کە ڕفێندراوان مافی ئازادییان هەیە، هەموو خێزانێک کە ئەندامێکی ون بووە مافی زانینی ڕاستیی هەیە، جەختیشیان کردەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی دەوڵەتان، دامەزراوەکان و کەسایەتییە پەیوەندیدارەکان هەنگاوی کردەیی و بەرچاو بنێن، لەبری ئەوەی تەنها بە لێدوان دانەوە بوەستن.

 

لە نامەکاندا هاتووە: لە دوای ئەو هێرشانەی لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵدا ڕوویاندا، کامپی هۆل داخرا، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندان، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئێزدیی ڕفێندراو لەناو کامپەکەدا بوون، بەهۆی ترس و هەڕەشەوە نەیانتوانیوە ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن، تا ئێستاش چارەنووسی ئەم ژنانە نادیارە و نازانرێت بۆ کوێ گواستراونەتەوە یان لە چ بارودۆخێکدا دەژین، ئەم کێشەیەش تەنها لە سووریادا قەتیس نەماوە، بەڵکو هێشتا ڕفێندراوانی ئێزدی لە وڵاتانی دیکەشدا هەن، بەتایبەتی عێراق و تورکیا، پێویستە چارەنووسیان ئاشکرا بکرێت.

 

"تێکۆشان بەردەوام دەبێت"

لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم بابەتە، ڕیهام حجۆ، وتەبێژی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ)، ڕایگەیاند، کە کەمپەینەکە کە چەندین چالاکی و بۆنەی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، لە ١٧ی تەمموزی ڕابردوودا دەستی پێکردووە، بڕیارە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کۆتایی پێبێت.

 

هەروەها ڕوونیکردەوە، کە لە چوارچێوەی کەمپینەکەدا، چەندین چالاکی و بۆنەمان لە شنگال و ئەوروپا ڕێکخست، لەم ڕوانگەیەوە، چەندین سیمینار سازکران و سەردانی ئەو ژنە ڕفێندراوانە و خێزانەکانیانمان کرد کە ڕزگارکراون، هەروەها دیدارمان لەگەڵ ئەو خێزانانەش ئەنجامدا کە هێشتا کوڕ و کچەکانیان لە دەستی داعشدان.

 

سەبارەت بەو چالاکی و بۆنانەی لە چوارچێوەی کومپینەکەدا جێبەجێ کراون، وتی: لە ماوەی ڕابردوودا کۆبوونەوەمان لەگەڵ خێزانەکان و ئەو ڕفێندراوانەدا ئەنجام دا کە ڕزگارکراون، تێیدا چەندین بۆچوون و هەڵوێستی گرنگ خرانە ڕوو، هەروەها کۆنگرەیەکمان لە چوارچێوەی ئەم کەمینەدا بەست بۆ گفتوگۆکردنی بارودۆخی ڕفێندراوان لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، گفتوگۆکردن لەسەر ئەو سیاسەتانەی بەرامبەریان پەیڕەو دەکرێن، لایەنە دەروونییەکانی ڕفێندراوان بە شێوەیەکی فراوان، هەروەها دانانی پلانێکی کارکردن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پلانە تەنها لە ماوەی کومپینەکەدا قەتیس نامێنێت، چونکە پرسی ڕفێندراوان بە لای ئێمەوە ئامانجێکی درێژخایەنە، ڕەنگە کەمپەینەکە کۆتایی پێبێت، بەڵام تێکۆشانمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی چارەنووسی سەرجەم ڕفێندراوان ئاشکرا دەکرێت.

 

لە چوارچێوەی کەمپینەکەدا چەندین نامە ئاراستەی دەوڵەتان، دامەزراوەکان و کەسایەتییەکان کراون، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی دانیان بە کۆمەڵکوژیی دژی ئێزدییەکاندا ناوە، ڕیهام حجۆ وتی: ئەو نامانە چەندین داواکارییان لەخۆگرتووە، وەک پرسی ڕفێندراوان چیتر تەنها لە عێراق، سووریا و تورکیادا قەتیس نەماوە، بەڵکو ئەمڕۆ ڕفێندراوان بە چەندین شوێنی جیاوازدا بڵاوبوونەتەوە، بۆیە پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پلانێکی هاوبەش بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق، کۆمەڵگەی ئێزدی و ئەو ڕفێندراوانەی ڕزگارکراون دابنێن، لەپێناو ڕزگارکردنی ئەو ڕفێندراوانەی کە ماون، هەروەها تاوەکو یەک کچی ئێزدیی ڕفێندراو مابێت، تێکۆشان ناوەستێت.