KCDP، لە ماوەی یەک مانگدا ١٨ ژن لە تورکیا کوژراون
تا دێت ڕێژەی کوشتنی ژنان لە تورکیا زیاد دەکات و بەتەنها لە ماوەی یەک مانگدا ١٨ ژن لە تورکیا کوژراون، بۆ ئەم دۆخەش حکومەتی تورکیا هیچ هەڵوێستێک نیشان نادات.

ناوەندی هەواڵ
بە پێی ڕاپۆرتێکی مانگانەی "KCDP"، ڕوونکراوەتەوە تەنها لە مانگی ڕابردوودا ١٨ ژن لە تورکیا لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، هەروەها ١٩ ژن بە گومانەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، لەو ١٨ ژنە ١٢یان هۆکاری کوشتنەکەیان تا ئێستا نەزانراوە بەڵام شەش ژنیان بەو هۆیەی ویستوویانە لە هاوژینەکەیان جیاببنەوە کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە لەو ١٨ ژنە ١١یان لەلایەن هاوژینەکەیانەوە کوژراون، سیانیان لەلایەن دایک و باوکیانەوە کوژراون، جگە لەمانە یەکێکیان لەلایەن هاوژینەکەی پێشوتری کوژراوە.
حاڵەتەکانی دەستدرێژی و کوشتنی ژنان لە تورکیا تا دێت زیاد دەکات، هەرچەندە ژنان وتویانە کە بەردەوام توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و پێویستیان بە پارێزگارییە بەڵام تورکیا گوێی بەو دۆخە نەدا بۆیە تا دێت حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیاد دەکات.
بە پێی ئامارەکان، لە ساڵی ٢٠٠٢دا ٢٢ ژن کوژراون، لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٤٠٤ ژن کوژراون هەروەها ٤٧٣ ژن لە ساڵی ٢٠١٩دا کوژراون و لە ساڵی ڕابردوودا ٣٠٠ ژن کوژراون.