سلێمانی
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، کۆبوونەوەی ساڵانەی پلاتفۆرمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد، بە بەشداریی نوێنەرانی ژنان لە هەر چوار بەشی کوردستان و ژنانی تاراوگە بەڕێوەچوو، کۆبوونەوەکە کەمێک پێش ئێستا کۆتایی هات و بڕیارە سبەینێ دەرئەنجامەکانی بە شێوەیەکی فەرمی بڵاوبکرێنەوە.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دۆخی سیاسیی ناوچەکە و کوردستان و پێشهاتە سیاسییەکانی تاوتوێ کران، هەروەها ئاستەنگەکانی بەردەم دۆزی کورد و کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر ماف و پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا خرانە بەرباس. ئەم تەوەرەش ئامانجی گەیشتن بە خوێندنەوەیەکی هاوبەش و گرتنەبەری هەڵوێستێکی نەتەوەیی لەسەر بابەتە هەستیارەکانی پەیوەست بە دۆزی کوردی هەبوو.
لە تەوەری دووەمدا، پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەگرانە و بەرپرسیارانە بە چالاکی و کارکردنی ڕێکخراوەکە لە ماوەی ڕابردوودا کرا، هەروەها ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ پلاتفۆرمی گشتی هەڵسەنگێندرا و خاڵە بەهێزەکان، دەستکەوتەکان و کەموکوڕییەکان دیاریکران؛ بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو و بەهێزکردنی خەبات و کارکردنی داهاتوو.
لە کۆتا تەوەری کۆبوونەوەکەشدا، ئامادەکارییەکانی بەستنی کۆنفرانسی سێیەمی یەکێتی نەتەوەیی ژنی کورد خرانە بەرباس، لەگەڵ داڕشتنی نەخشەڕێگا و دیاریکردنی میکانیزمە کردارییەکان بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە؛ بە ئامانجی نوێکردنەوەی کاری ڕێکخراوەیی، فراوانکردنی بازنەی چالاکییەکان و یەکخستنی تواناکانی ژنان لە هەر چوار بەشی کوردستان.
بەپێی ئەوەی ڕاگەیانراوە، دەرئەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆبوونەوەیە سبەینێ بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێنەوە.




