لە دەستپێکی ساڵی نوێدا دووبارە هەوڵی خۆکوشتنی ژنان بە هۆکارە جیاوازەکان بەردەوامە
ناوەندی هەواڵ
لە ئێوارەی ١_١_٢٠٢١ لە شاری سلێمانی لەسەر پردی پەڕینەوەی چوارچرا، لەسەر شەقامی شەست مەتری نزیک فامیلی مۆڵ ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ هەوڵی خۆکوشتن دەدات و خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و لە ئاکامدا دەکەوێتە سەر سەیارەیەک، ڕاستەوخۆ فریاکەوتنی خێرا دەگاتە شوێنی ڕووداوەکە و دەیگوازنەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئاژانسی ژنها کەوتووە ژنەکە ناوی شلێر-ە و خەڵکی شاری کامێران-ی رۆژهەڵاتی کوردستانە، هاوسەرگیری کردووە و ژنی ماڵەوەیە، لەگەڵ خێزانەکەیدا پەنابەری سیاسیین لە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی دەژین، هۆکاری هەوڵی خۆکوژنی ئەو ژنە دیار نییە و دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
تا کاتی وەرگرتنی زانیارییەکان دۆخی تەندروستی ژنەکە ناجێگیرە و زۆربەی بەشەکانی جەستەی شینبونەوەی پێوە دیارە، هەردوو قاچی شکاون، بە هەمان شێوە دانەکانی بەهۆی زەبری زۆرەوە وردبوون و هەڵوەریون، لە ژێر ئۆکسجین و چاودێری چڕدایە و سەر لە بەیانی ئەمڕۆ نەشتەرگەری بۆ کراوە.
پردی پەڕینەوەی چوارچرا تایبەتە بە هاتوچۆی هاوڵاتیان بەسەر شەقامە سەرەکیەکەدا و بۆ پەڕینەوە بەکاری دەهێنن لە نێوان گەڕەکەکانی چوارچرا و قالاوەدایە.
ت.پ




