ناوەندی هەواڵ
دەزگای گشتیی كاروباری مینی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، لە شارەكانەوە زۆرێك لە هاوڵاتییان، گەشت بۆ ناوچە شاخاویەكان و نزیك ڕووبار و چەمەكان دەكەن، بۆیە هاوڵاتییان ئاگادار دەكەینەوە نزیكی ئەو شوێنانە نەبنەوە، كە تابلۆ و نیشانەكانی مینڕێژ كردنیان لێ داندراوە یان ئاماژەیەك هەبێت بۆ ئەوەی ناوچەكە مەترسیدارە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر شارەزای ناوچەكان نین باشترە لە خەڵكی شارەزای ناوچەكە پرسیار بكەن، ڕەنگە ڕووبار و چەمەكانیش مەترسیدار بن بەهۆی غلۆربوونەوەی مین بۆ ناو ڕووبارەكان.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەر كەسێك مین یان پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی یان هەر شتێكی نامۆی بینی دەستكاری نەكات و پەیوەندی بە ژمارە ١٨٢ی هێڵی گەرمی دەزگای مین بكات.




