هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵات: هێرشەکانی ڕژێم هەنگاوی تێکۆشانمان پێ شل ناکات

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ڕایگەیاند، بۆردوومانکردنی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەک هەنگاوی تێکۆشان و بەردەوامیمان پێ شل ناکات، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ تێکۆشان و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.

هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵات: هێرشەکانی ڕژێم هەنگاوی تێکۆشانمان پێ شل ناکات

ناوەندی هەواڵ

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە بۆردوومانەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: خەڵکی خەباتکار و تێکۆشەری کوردستان! لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەردەوامی بە مووشەک و دڕۆن بنکەکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئامانج گرتووە. ئەم هێرشانە شەهیدبوونی جه‌لال ڕه‌شیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەکی دیکەی ئەم حزبە و هەروەها چەند پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوخۆی کوردستانیش و لە چەند شارێک، بەهۆی بۆڕدوومانەکانەوە کۆمەڵێک کەسی مەدەنی شەهید و بریندار بوون.

 

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید جەلال ڕەشیدی و پارتی ئازادیی کوردستان، هەروەها سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەو شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا هەڵیگیرساندووە، دەکات و 

وتی: هێرشەکانی ڕژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نیشانەی زەبوونی و ترسی گەوەرەی کاربەدەستانی ڕژێم لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد لە ئێرانە، نەک هەنگاوی تێکۆشان و بەردەوامیمان پێ شل ناکات، بەڵکوو ئیرادەمان بۆ خەبات و لەپێناو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ڕزگاریی کوردستان بەهێزتر دەکات.

 

هەروەها جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە کاتێکدا ڕژێم هێزەکانی خۆی لە مزگەوت و قوتابخانەکان مۆڵ داوە و کۆبوونەوە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە ناوەندە ئیدارییەکاندا بەڕێوە دەبات، پێویستە بە زووترین کات لە بنکە سەربازی و ناوەندە ئەمنییەتی و ئیدارییەکانی ڕژێم و هەروەها لە شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانیان دوور بکەونەوە.