٢١ ڕۆژە گەمارۆیەکی خنکێنەر دەوری کۆبانێی داوە

ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیەکی توند دراوە، بەو هۆیەشەوە بەتەواوی دابڕاوەو دانیشتووان و کۆچبەران ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ترسناک دەبنەوە.

٢١ ڕۆژە گەمارۆیەکی خنکێنەر دەوری کۆبانێی داوە

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی ٢١ ڕۆژە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەموو لایەکەوە گەمارۆیەکی توندی گرتووە، کە لەلایەن جیهادیەکانی هەتەشە و چەتەکانی داگیرکەری تورکیاوە سەپێنراوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە تەواوی داببڕێت و پێداویستییەکانی خۆراک لە بازاڕەکاندا لە تەواوبوون، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تەنها سێ باری سنووردار لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە هاتوونەتە ناوەوە، کە لە کەلوپەلی پاککەرەوە و بەتانی پێکهاتوون، بەبێ خواردن و دەرمان.

 

خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە تەواوی داڕماون، لە ١٨ی کانوونی دووەمەوە کارەبا پچڕاوە، نەخۆشخانەکانیش بە مۆلیدەکان کاردەکەن کە بەهۆی کەمی سووتەمەنیەوە لە لێواری لەکارکەوتندان، هەروەها ئاوی فورات وەستاوە و دانیشتووانەکەی ناچار کردووە پشت بە ژمارەیەکی سنووردار لە بیرەکان ببەستن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان.

 

دەوترێت دەرمانەکان نزیکن لە نەمان، بەتایبەتی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و شەکرە و بەرزی فشاری خوێن، نەخۆشخانەکان شیر و ئۆکسجینیان بۆ منداڵان تەواو بووە و ژنانی دووگیان و نەخۆشەکان بەدەست کەمی پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنن، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس، جگە لە نزیکەی ٤٠٠ هەزار کۆچبەر، لە ناو شارەکەدا لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین.

 

جگە لەوەش گەمارۆی ئەلیکترۆنی سەپێنراوەو ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان پچڕاوە، ئەمەش زیاتر دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی لە کەسوکارەکانیان دابڕاندووە و خێزانەکانیشی خستۆتە حاڵەتێکی دڵەڕاوکێی زۆرەوە، سەرەڕای ڕێککەوتنێک کە لە ٢٩ی کانوونی دووەم لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی کاتی سووریادا ئەنجامدرا و تێیدا مەرجی کشانەوەی توخمە چەکدارەکانی بۆ دووری ١٠ کیلۆمەتر دیاریکرابوو، بەڵام ڕێگاکانی بەرەو کۆبانێ بە داخراویی ماونەتەوە.