"گەل بە خوێنی خۆی جیهانی پاراست و دەبێت هەڵوێستی جددی پیشان بدرێت"
ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بێدەنگی جیهانی لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر حەلەب، شێخ مەقسوود، شەهبا و ئەشرەفییە شەرمەزار کرد و جەختی لەوە کردەوە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دیمۆگرافیا بگۆڕێت و گەلی ناوچەکە لەناو ببات.
عەبیر محەمەد
قامیشلۆ- هێرشە قورسەکانی چەتەکانی تەحریر شامی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر شارەکانی حەلەب، حەما و حومسی سووریا لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بەردەوامە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا هێرشەکان گەیشتە تل ڕەفعەت و شەهبا و شێخ مەقسود و ئەشرەفییە کە زۆربەی خەڵکی کوردن، لەم ڕۆژانەدا هێزەکانی ڕزگاری عەفرین و هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگە بەرخۆدانێکی بێوێنەیان بۆ پاراستن نیشانداوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆ و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی گەلی ناوچەکە، ئەنجومەنی گەلی عەفرین و شەهبا بڕیاریاندا ئەو ناوچەیەی کە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دەورە دراوە، بەجێبهێڵن، نزیکەی ٢٠٠ هەزار کۆچبەری عەفرینی کە لە شەهبا نیشتەجێ بوون و دانیشتووانی عەرەب بۆ سەلامەتی شەهبایان بەرەو هەرێمەکانی دیکەی خۆبەڕێوەبەری بەجێهێشت.
"ساڵانێک هەوڵی جینۆساید"
لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕیحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەرنجی ڕاکێشا بۆ ئەو قەیرانە جۆراوجۆرانەی کە لە جیهان و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن و ئاماژەی بەوەکرد، شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان دەنگدانەوەیەکی جیهانی بوو کە بووە ئامانجی سیستمە دەسەڵاتدارەکان و وتی: شۆڕش ١٢ ساڵ لەمەوبەر بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان و تەواوی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد، ئەو سیستمە دیموکراسییەی لەسەر ئەم خاکە بونیاد نرابوو، نموونەیەک بوو بۆ هەموو جیهان، هەر بۆیە چەند ساڵێکە سیاسەتی داگیرکاری و لەناوبردن لەسەری بەڕێوەدەچێت.
ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی ئەو چەتانەی کە لە ئێستادا لە باکووری سووریا ئەنجام دەدرێن بە سەرپەرشتی و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دەدرێن و وتی: ماوەی چەند ساڵێکە هەوڵی لەناوبردنی گەلی ناوچەکە و بەتایبەت گەلی کورد دەدات، کاتێک هێرشەکە هاتە حەلەب، ئێستا دەزانین کە پلانەکە بۆ لەناوبردنی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی دەوڵەتی تورک و بەئامانجکردنی گەل و شەڕڤانانمان چەند ساڵێکە بەبێ پچڕان بەردەوامە، ئەم چەتانە بۆ ئەم لەشکرکێشییە پەروەردە کراون.
"خۆبەڕێوەبەری و یەکگرتنی ژنان و گەل دەکرێتە ئامانج"
ڕيحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەشکرد، مێژووی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی جارێکی تر خۆیان دووبارە دەکەنەوەو وتی: ئەمڕۆ ئەم سیناریۆیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووبارە دەبێتەوە، ئەو گەلەی بۆ ماوەی ٦ ساڵ ناچار بوون کۆچ بکەن، ئەمڕۆ ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی کۆچ بوونەتەوە، ئامانجی سەرەکییان تێکدانی سیستمی خۆبەڕێوەبەری و تەبایی و یەکڕیزی ژنان و گەلە، لە هەمانکاتدا دەیانەوێت قەیرانی سووریا درێژ بکەنەوە، هەروەها داگیرکردنی خاکی سووریا فراوانتر بکات و پاساو بدات.
"دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنانی کورد"
ڕیحان لۆقۆ باسی لەوەشکرد، گەلی شەهباو تل ڕەفعەت و شێخ مەقسود ماوەی دوو ڕۆژە گەمارۆ دراون بەبێ خواردن و ئاو لە شەقامەکاندان، وتی: بە فڕۆکەی جەنگی و هێرشەوە، گەل بەزۆر ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، چەتەکان وێنەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان بڵاودەکەنەوە، لە هەمانکاتدا توندوتیژی بەرامبەر هاووڵاتیان ئەنجام دەدەن، بێدەنگی جیهان لە بەرامبەر ئەم تاوانانە شەرمەزار دەکەین، ئێستا پێویستە جیهان دەستی بخاتە سەر ویژدانی و دەنگی بەرز بکاتەوە.
"گەلەکەمان بەرخۆدان دەکات و پێویستە جیهان پشتیوانمان بکات"
ڕیحان لۆقۆ ئاماژەی بەوەدا، نابێت جیهان قوربانیدان و بەرخۆدانی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەبیر بکات کە بە خوێنی خۆیان دەیپارێزن و لە کۆتاییدا وتی: گەلەکەمان بەرخۆدان دەکات و پێویستە جیهان پشتیوانی و هاوکاری بکات بۆ ئەوەی چەتەکان دادگایی بکرێن، کچ و کوڕەکانمان دونیایان لە تیرۆر پاککردەوە، ئێمە لەسەر بنەمای پارادایم و فەلسەفەی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕ هەڵدەستین و خۆمان دەپارێزین، ئەگەر سەختییش هەبێت، ئێمە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.