غوربەت ئیشلەک: گەڕانەوەمان بۆ باکووری کوردستان دەبێت بە کۆمەڵ و کۆمیناڵ بێت
غوربەت ئیشلەک هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور ڕایگەیاند کە یاسای چوارچێوە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، هەنگاوێکی مێژووییەو جێگیرکردنیان لە چوارچێوەی ئەم یاسایە و گەڕانەوەیان بۆ وڵات بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەبێت.
ئاسیا دەنیز
ڕەشنووسی یاسای بەناونیشانی "بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و ئەنتیگراسیۆنی کۆمەڵایەتی" کە دوای بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئامادەکرابوو، بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجومەنی گشتیی پەرلەمان پەسەندکرا. گفتوگۆکان لەسەر یاسای چوارچێوە هێشتا بەردەوامن. گەلی کورد و دۆستەکانی ئەو یاسا پێشنیار کراوە سەرەڕای کەموکوڕی و زمانە دژبەیەکەکەی، بە هەنگاوێکی مێژوویی دەزانن.
لە گفتوگۆکانی گەڕانەوەی گەلی مەخمووردا، هەڵوێستی گەلی مەخموور بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان بەکۆمەڵ و کۆمیناڵ دەبێت، هەروەها بە بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەبێت.
غوربەت ئیشلەک، هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور لە بارەی یاسای چوارچێوە و گفتوگۆکانی گەڕانەوەی گەلی مەخموور بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: بە بەرخۆدان و خەباتێکی گەورەوە ٣٠ ساڵمان لە دەربەدەریدا بەسەر برد، گەیشتوینەتە ئاستێکی گرنگ، پێمانوایە ئەم پرۆسەیە بە هاوکاری ڕێبەر سەرکەوتوو دەبێت.
"یاسای چوارچێوە سەرەتایەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان"
غوربەت ئیشلەک ڕایگەیاند، ساڵ و نیوێک بەسەر بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتدا تێپەڕیوە، دوای ئەوە چەندین هەنگاوی مێژوویی لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەری ئازادییەوە نراوە، وتی: لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا، بانگەوازێک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە جگە لەوەش، زۆر بانگەواز و هەنگاوی مێژوویی لە دوای ئەوە نرا بۆ ئەوەی جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێبهێڵن، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا، ئەو یاسای چوارچێوەیەی کە دەرچووە، ڕەنگە خاڵێکی دیاریکراوی نەبێت بۆ گەلی کورد، بەڵام دەستپێکێکی گرنگە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بگات بە ئامانجەکەی بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ ناساندنی گەلی کورد، کە پێشتر بە کورد ناویان نەدەهات بەرخۆدانی تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد، گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە بە هەوڵی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەم پرۆسەیە، نزیکەی دوو ساڵە خەڵک نەکوژراون.
"دەوڵەتی تورکیا بە زمانێکی دوژمنکارانە گەلەکەی دژی پرۆسەکە هاندەدات"
غوربەت ئیشلەک درێژەی بە هەڵسەنگاندنەکەی دا بە ڕاکێشانی سەرنج بۆ ئەو زمانە دوژمنکارانەی کە دەوڵەتی تورک بەکاری دەهێنێت و ڕایگەیاند کە ئەو زمانە لەگەڵ پرۆسەکەدا ناگونجێت وتی: کاتێک سەیر دەکەیت، دەبینیت دەوڵەتی تورک هێشتا زمانێک بەکاردەهێنێت کە دژی پرۆسەکە بێت و هەروەها وشەی وەک تیرۆر بەکاردەهێنێت، هەرچەندە تەڤگەری ئازادی و گەلی کورد، بە بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ، ویستوویەتی لەگەڵ پرۆسەکە نزیک بێتەوە، زۆرێک لە ڕێکخراو و لایەنە جیاوازەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا لە میدیاکان و لە گفتوگۆکانیاندا زمانی دوژمنکارانە بەرامبەر بە گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی ڕێگری لە پێشکەوتنی پرۆسەکە بکەن بەم شێوەیە گەلەکەیان دژی پرۆسەکە دەگۆڕن و ئەمەش وایکردووە پرۆسەکە قورس بێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بە مافەکانمان بگەین، هەندێک بابەتی وەک زمان و کولتوورمان پێویستە وەک خاڵی سەرەکی بخرێنە ناوەوە، ئەم یاسای چوارچێوەیە بۆ دەستپێکردن دەتوانین بڵێین هەوڵەکان هەیە و دەتوانرێت ئەمە تا ڕادەیەک وەک سەرکەوتوو سەیر بکرێت.
"ڕێبەر بوونی کوردی پیشانی جیهان داوە"
غوربەت ئیشلەک ڕایگەیاند کە ڕۆڵ و ئەرکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەم پرۆسەیەدا حاشا هەڵنەگرەو وتی: لە دوایین کۆبوونەوەکانیشدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێکهاتە کورد و تورکەکان تەنیا لە ڕێگەی سیاسەتەوە دەتوانن ئامانجەکانیان بگەن، پرسی سەد ساڵەی کورد کە کەس نەیتوانی ناوی بێنێت، ئەم پێشهاتانەی ئەمڕۆ هەمووی لە سایەی ڕێبەر و شەهیدانمان و تەڤگەری ئازادی و ئیرادەی گەلەکەمان و دۆستانی کوردە، ڕێبەر بە جیهانی ناساند کە کورد بوونی هەیە. ئەوان دەیانویست کورد بەبێ زمان و بێ ناسنامە و بێ کولتوور دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئێمە بگەینە ئەم ئاستە سەدان هەزار شەهید لە پێناو ئەو مەبەستەدا گیانیان لەدەستداوە، پێمانوایە ئەم پرۆسەیە بە دەستی ڕێبەر سەرکەوتوو دەبێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا غوربەت ئیشلەک ئاماژەی بەوەکرد، تا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن و وتی: ئێمە ساڵانێکی زۆرە خەباتێکی گەورەمان ئەنجامداوە، لێرە ماوینەتەوە، بەبێ ئەوەی دەوڵەت بەڕێوەمان ببات، لەڕێگەی ڕێکخستن و ئەنجومەن و دامەزراوە و لیژنەکانمانەوە خۆمان لەسەر پێی خۆمان ڕاگرتووە، هەر بۆیە دەڵێین ئەگەر گەڕانەوەیەک هەبێت ئەوا بەکۆمەڵ و کۆمیناڵ دەبێت، ئێمەش بەردەوام دەبین لە خەبات و بەرخۆدانمان، هەروەک گەلی کامپەکە لە باکووری کوردستان بەردەوام دەبین لە تێکۆشان تا گەیشتن بە ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ ئێمە هێڵی سوورە.