شلێر کۆیی
کۆیە_ ڕۆژی پێنجشەممە، دووەمین فێستیڤاڵی زەیتوون لەژێر ناونیشانی (زەیتوون بۆ پێکەوە ژیان) بە بەشداری زیاتر لە ١٠٠ کەپر لە گوندی هەرمۆتەی سەر بە قەزای کۆیە بەڕێوەچوو و بڕیارە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت و ئەمڕۆ کۆتای دێت.
جگە لە نمایشکردنی بەرهەمە جۆراوجۆرەکانی زەیتوون، فێستیڤاڵەکە چەندین بڕگە و بەشی دیکەی لەخۆگرتبوو، لەوانە؛ کاری دەستیی ژنان، خواردنە کوردەوارییە ڕەسەنەکان و چەندین کەلوپەل و بەرهەمی ناوخۆیی دیکە، و خەڵکێکی زۆر لە ناو کۆیەو شارەکانی دیکەی کوردستان بەشداریان کردبوو.
هەرچەندە گوندی هەرمۆتە زۆربەی دانیشتوانی کریستیانن و ئەوان خاوەن زۆرترین بەرهەمی زەیتونن، بەڵام وەک ناو نیشانەکەی زەیتون بۆ پێکەوە ژیان ، بەتەواوی ئەوە بەدی دەکرا مسوڵمان و کریستیانەکان لەتەک یەکەوە دڵخۆشیان دەر دەبڕی بەو فێستیڤاڵە.
رەندە جەمال ئەندراوس، یەکێک لەو ژنە گەنجانەی کە بە هاوکاری کەسوکار و خێزانەکەی بە فرۆشتنی بەرهەمی زەیتوون بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کردبوو، تیشکی خستە سەر مێژووی دێرینی زەیتوون لە هەرمۆتە و گرنگییەکەی بۆ ناوچەکە. ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی کارا و ئازایەتیی ژنانی گوندەکە کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان شانبەشانی خێزانەکانیان لە ناو باخەکاندا کار دەکەن و بەرهەمی زەیتوون دەچننەوە.
وتیشی: ئەوان لە باب و باپیارنیانەوە کاری بەرهەم هێنانی زەیتون ، رەندە وتیشی: شانازی بەکارەکەم دەکەم ، و هیواخوازم بەشێکی زۆری لێ بفرۆشم.
لەیلا محەمەد لە گوندی قەیسەریەوە هاتبوو بۆ بەشداری کردن بە زەیتونەکانی وتی: بۆخۆمان باخمان هەیە زەیتونەکان لێ دەکەینەوە دوایی دەی نێرین بۆ بازاڕ بۆ فرۆشتن.
شنۆ تاها، فرۆشیارێکی دیکەی زەیتونە وتی: لە گوندی شیواشۆکەوە هاتووم، زەتونەکە هی خۆمانە خۆمان خۆشمان کردووە زۆر تەندرووستە چونکە هیچ دەرمانێکی بۆ بەکار ناهێنین، و هەر خۆشمان کاری بە بازار کردنی دەکەین و لە فێستیڤاڵەکان بەشدار دەبین،
شنۆ وتیشی: هەرچەندە ئەرکی ماڵەوەشم لەسەرە و قوتابیم هەیە ، کاری زەیتونیش دەکەین و جگە لە زەیتون زەیتی زەیتونیش درووست دەکەین، ئەوەش تارادەیەک باشە بۆمان.
رەیان ڕزگار، بە کاری دیزاین بەشداری کردووە وتی: من لەناو کۆیە دوکانم هەیە لەگەڵ خوشکەکەم بانگراوند و دیکۆرات درووست دەژەین بۆ بۆنەکان ، و ئەمڕۆ تەنیا لۆگۆکانی کوردستان دە فرۆشم.
نەجمە عەلوش، یەک لە میوانانی فێستیڤاڵەکە سەبارەت بەکاری ژنان و ئەو بۆنانەی دەکرێتەوە تا بەرهەمەکانیان ساغ کەنەوە وتی: من لەسەر بانگ هێشت کردن هاتوم بۆ ئەو فێستیڤاڵە و ئەوە یەکەم جارە بەشداری فێستیڤاڵ بکەم لە کۆیە زۆر خۆشحاڵم کەهاتووم ، بەراستی فێستیڤاڵەکە جوانە بەرهەمی جوانی لێیە، بەتایبەت بەرهەمەکانی ژنان.
نەجمە عەلوش وتیشی: ئێستا ئێمە دەچینە ناو ٢٥ی نۆڤەمبەر بۆ روو بەڕو بوونەوەی توندوو تیژی دژ بە ژنان ، و بینینی ئەو هەموکارەی دەستی ژنان ئیسپات کردنی توانای ژنانە لە هەموو چالاکیەکان، بۆیە زۆر خۆشحاڵبوین هیوادارم بەردەوام بن لەسەر ئیشی دەستی لە فێستیڤاڵەکان و لەهەمو شارەکان بەشداربن.




