دوای ویرانکردنی تەواوی، هێزەکانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی شیفا کشانەوە

دوای ١٤ ڕۆژ لە گەمارۆدان، کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵکوژی یەنجامدراو دەیان و سەدان کەس بریندارکران، هێزەکانی ئیسرائیل لە کۆمەڵەی پزیشکی شیفا و ناوچەکانی دەوروبەری کشانەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراو و برینداران بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ١٧٨ەمین ڕۆژی لەسەر یەک بەردەوامە، لە کاتێکدا جەنگ بەردەوامە زەحمەتە بە وردی ڕێژەی زیانە مرۆیی و ماددییەکان ڕابگەیەنرێت.

 

دوای ١٤ ڕۆژ لە هێرشکردن و گەمارۆدان ئەمڕۆ ١ی نیسان، هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە کۆمەڵەی پزیشکی شیفا و ناوچەکانی دەوروبەری کشانەوە و دەیان تەرم لە ناو و دەوروبەری نەخۆشخانەکە دۆزرانەوە.

 

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستینی ڕایگەیاند هێزەکانی ئیسرائیل پێش ئەوەی بکشێنەوە هەموو باڵەخانەکانی بیناکەیان سووتاند، ئەمەش بووە هۆی لەناوچوونی تەواوی بیناکە، هەروەها نهۆمەکانی بینای نەشتەرگەری تایبەتیان وێران کرد و تەواوی بیناکەیان سووتاند.

 

وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ ڕایگەیاند، لە ماوەی شەوی شەممەدا لە ٦ کۆمەڵکوژی دژ بە خێزانەکان لە غەززە ٦٣ کەس کوژراون و ٩٣ کەسی دیکە برینداربوون، بەمەش ژمارەی کوژراوان گەیشتە ٣٢ هەزارو ٨٤٥ کەس، هەروەها ژمارەی برینداران بووە ٧٥ هەزارو ٣٩٢ کەس.