ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ١٦ی ئاب، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند کرا.
پارتی یەکسانیی و دیموکراتیکی گەلان “دەم پارتی” سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئێمە لە بەرانبەر پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و کرێکاران، لە لایەن ڕژێمی ئێران بەرخۆدان دەکەین.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر هێرشێک لە جیهاندا بۆ سەر ژنان ئەنجام بدرێت وەک هێرشێک بۆ سەر جەستەی خۆمانی دەزانین و دژی ئەو هێرشانە بەرخۆدانەکانمان فراوان دەکەین، ڕژێمی ئێران، کە ژیان و بەرخۆدانی ژنانیان کردووەتە ئامانج و جارێکی دیکە لەپێناو بەردەوامبوونی دەسەڵاتی پیاوسالار تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و ژنانی تۆمارکردەوە.
باس لەوەشکراوە، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی، کە پەیوەندیدارە بە توندوتیژیی، تاوانی مافی مرۆڤ، ستەم و داگیرکاری، جگە لەوەی بەرهەمێکی سیستەمێکی دادپەروەر نییە، بەڵکو بەرهەمێکی سیستەمێکە، کە دەسەڵاتی پیاوسالاری پەروەردە دەکات و مافی ژیانی ژنان پێشێل دەکات، هەروەها سەدان ژن، کە بۆ ئازادی ژنان بەرخۆدان دەکەن لە لایەن ڕژێمی دژە ژن کراونەتە ئامانج.
دەشڵێن: ئێمە لە بەرانبەر ئەو سیستەمە و دەسەڵاتەی خۆی لە پشت یاسا و دادگا خۆی حەشارداوە بێدەنگ نابین، داوا لە سەرجەم ژنان دەکەین بە ناونیشانی”هەر تاڵە قژی ژینا ئەمینی، بەرخۆدانی ئێمەیە” بە یەکگرتوویی دەنگەکان بەرز بکەنەوە و ئەوەش بە مانای بەگژداچوونەوەی دژی یەکسانی و ئازادی دژ بە سیستەمی پیاوسالاری لە هەر کۆمەڵگەیەک دادەنرێت، هەروەها بە درووشمی”ژن ژیان ئازادیی” دەبینە دەنگ و هەناسەی شەریفە محەمەدی.




