دەم پارتی بە داوای "پەروەردە بە زمانی کوردی" داوایەک ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا دەکات

کۆمیسیۆنی زمان، کولتوور و هونەری دەم پارتی ڕایگەیاند کە خوێندن بە زمانی دایک هەوێنی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە و بانگەوازی لە هەموو دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان بەتایبەتی پەرلەمان کرد کە بۆ داننان بە مافی خوێندندا بە زمانی دایک بە 'بەرپرسیارێتی' خۆیان هەستن.

دەم پارتی بە داوای "پەروەردە بە زمانی کوردی" داوایەک ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا دەکات

ناوەندی هەواڵ

 

پەیوەست بە خوێندن و پەرەوەردە بە 'زمانی کوردی' لە تورکیا و باکووری کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمیسیۆنی دەم پارتی ڕایگەیاند: "لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، سیستەمی پەروەردەی تورکیا، لە هەژاریی منداڵان و سنووردارکردنی بودجەوە تاوەکو بازرگانیکردن بە خوێندن، کارکردنی منداڵان و تەنانەت سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکان، لەگەڵ زۆر قەیرانی فرەلایەندا ڕووبەڕوویە. یەکێک لە مانادارترین هەنگاوەکان لە چارەسەرکردنی ئەم قەیرانانەدا ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنە بە زمانی دایک بۆ ملیۆنان منداڵ.

 

لە بەردەوامی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ، ملیۆنان منداڵ بەتایبەتی منداڵانی کورد، بەبێ ئەم دەرفەتە دەست بە خوێندن دەکەن. هەرچەندە خوێندن بە زمانی دایک گەرەنتیی بەرەوپێشچوونی منداڵانە تاوەکو وەکو تاکەکەسێکی ئازاد بە ناسنامە، زمان و کەلتووری خۆیانەوە گەورە ببن.

 

تورکیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە پرۆسەیەکی گرنگدا تێدەپەڕێت. ئامانج لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بنیادنانی سیستەمێکی دیموکراتیکە کە هەموو کەس و کۆمەڵگەیەک تێیدا لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان و شکۆدار بە تەواوی مافەکانیانەوە پێکەوە بژین. کەشێکی دیموکراتیکی کۆمەڵایەتی، فرەلایەن و یەکسان تەنها بە گەرەنتیکردنی مافەکانی زمان و کەلتوور دەڕەخسێت. لەبەرئەوە، گەرەنتیکردنی خوێندن بە زمانی دایک لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، یەکێکە لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان بەرەو ئاشتی و گۆڕانکاریی دیموکراتیک.

 

مسۆگەرکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی منداڵان بۆ خوێندنێکی ئاستبەرز و ئاشتیی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە. مافی هەنووکەیی "وانەی بژاردە" بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستکەوتێکی گرنگە کە لە ئەنجامی تێکۆشانی چەندین ساڵە و پاراستنی زمانی دایک هاتووەتە کایەوە. هەنگاوێکی ڕاستەقینە بۆ بنیادنان لەسەر ئەم دەستکەوتە ئەوەیە کە زمانی دایک ببێتە زمانی خوێندن و گەرەنتی بکرێت.

 

فشار و هێرشەکانی ئەم دواییە دژی ڕێکخراوەکانی زمانی کوردی و تەنانەت تاکەکەسیش بێت، هێرش بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بە زمانی کوردی قسە دەکەن، زەمینەیەک بۆ ئاژاوەگێڕی دەڕەخسێنن. پشتیوانیکردن لەم بابەتە و بەهێزکردنی یەکێتیی دیموکراتیک تەنها بە مسۆگەرکردنی یەکسانیی ڕاستەقینە لەنێوان زمانەکاندا دێتە دی.

 

مافی زمانی دایک ئێمە لە یەکتر دانابڕێت، بە پێچەوانەوە دەمانکاتە یەک. ئەم مافە بنەمای ئاشتیی کۆمەڵایەتییە و مافێکە زەوت ناکرێت.

 

لە سەرەتادا پەرلەمانی تورکیا، بانگەواز لە دامەزراوە ئیداری و مەدەنییەکان و تەواوی کۆمەڵگە دەکەین کە لە داننان بە مافی خوێندن بە زمانی دایکدا بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەئەستۆ بگرن.