دلیشان ئیبیش... نۆ ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی دەنگی لەبیرنەکراوی ڕاستیدا تێپەڕی

دلیشان ئیبیش بۆ ماوەی شەش ساڵ لە کاری ڕۆژنامەوانی خۆی تەرخان کرد بۆ گەیاندنی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەو ئازارەکانی، هەروەها بەڵگەنامەکردنی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان، بوو بە چاوێک بۆ ڕاستی و دەنگێک بۆ هەموو ژنێک.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ– نۆیەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دلیشان ئیبیش، ڕۆژنامەنووس لە ١٢ی تشرینی یەکەم تێدەپەڕێت، کە شەش ساڵی تەمەنی خۆی بۆ ڕۆژنامەگەری تەرخان کرد، کامێراکەی وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی ڕاستی کۆمەڵگەکان بەکارهێنا و ڕۆشنایی خستە سەر ئازار و کارەساتەکانیان، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە بەرگەی ترسناکییەکانی شەڕ و ململانێکانیان گرت، بۆ ئەو کامێرا تەنها ئامرازێک نەبوو بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان، بەڵکو پەنجەرەیەک بوو بۆ گەورەکردنی دەنگی پەراوێزخراو و چەوساوەکان بۆ جیهان، ئاشکراکردنی ئەو ڕاستیانەی کە شەڕ هەوڵی شاردنەوەی دەدا.

 

شەش ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و خەبات

دلیشان ئیبیش لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر کە بە خۆشەویستی بۆ زێدی خۆیان و پابەندبوونیان بە دۆزی کورد ناسراون، هەروەها سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لە ساڵی ٢٠١٢، وەرچەرخانێکی بەرچاوی لە ژیانیدا بوو، بەو پێیەی بەشداریکردنی لە پەکەکەدا هەڵبژارد، لە ساڵی ٢٠١٣ گەشتەکەی لە بواری ڕاگەیاندن دەستپێکرد، وەک پەخشکەرێک بۆ ڕادیۆی "دەنگی کۆبانێ" کاردەکات، کە هاوبەشی دامەزراندنی بووە.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٤ بەشداری کرد لە ڕووماڵکردنی بەرخۆدان و ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکان، بەڵام بارودۆخی سەختی سەر زەوی ناچاری کرد شار بەجێبهێڵێت، لە ماوەی گەشتەکەیدا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراوە و لەگەڵ ژمارەیەک لە هاو ڕۆژنامەنووسەکانیدا ١٨ ڕۆژی لە زینداندا بەسەر بردووە.

 

دوای ئازادبوونی، ڕووی لە قامیشلۆ کرد و لەوێ لە ڕادیۆی "دەنگی جودی" درێژە بە کاری میدیایی دەدات، لەگەڵ ئازادکردنی کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥، گەڕایەوە شارەکەی و لە ڕادیۆی “دەنگی کۆبانێ” دەستی بە کارەکانی کردەوە، پێش ئەوەی بۆ ماوەی دوو مانگ لە کەناڵی ڕۆناهی کار بکات، پاشان لە ساڵی ٢٠١٦دا ڕووی لە ئاژانسی هاوار نیوز کرد، کە لە ڕێگەیەوە بەردەوام بوو لە ڕووماڵکردنی ڕووداوە مەیدانییەکان و بەڵگەنامەکردنی ڕاستی کۆمەڵگە لە ژێر شەڕدا.

 

دلیشان ئیبیش بەدرێژایی ژیانی، ڕووماڵی ئەو هەڵمەتە سەربازییانەی کرد کە قەسەدە دژی داعش لە سەرین، مەنبەج، تەبقا و ڕەققە دەستیپێکرد، کە بە ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە لە دێرەزور گەیشتە لوتکە، کە دوا شەڕی بوو، ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، دلیشان ئیبیش لەگەڵ هاوکارەکانی، هاوکار محەمەد و ڕزگار دەنیز، لەکاتی ڕووماڵکردنی هەڵمەتی ڕزگاریی دێرەزوور شەهید بوون.

 

"دلیشان لە ڕێگەی کارەکانییەوە بووە دەنگ و چاوی ڕاستی"

لە نۆیەمین ساڵڕۆژی شەهیدبوونی دلیشان ئیبیشدا، شیلان محەمەد پەیامنێری کەناڵی جننیوز (کەناڵی ژننیواز) لە کۆبانێ باسی لە ژیانی پیشەیی دلیشان و کەسایەتییەکەی و ئەو میراسە ڕۆژنامەوانی و مرۆییە کرد کە لە دوای خۆی بەجێی هێشتووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ ئێمە لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە کۆبانێ، شوێنێک کە واتا و گرنگییەکی تایبەتی بۆ خەڵکی ئەم شارە هەیە، هەر شەهیدێک لێرە نێژرابێت، چیرۆک و داستانێکی پڕ لە ئازاری هەیە، لەنێویاندا دلیشان هەیە، کە ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ گەیاندنی ڕاستی کۆمەڵگەکەمان بۆ جیهان.

 

ڕوونیشیکردەوە، دلیشان وەک ژنێکی گەنجی کۆبانێ ویستویەتی ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە شۆڕش، بۆیە ڕۆژنامەگەری هەڵبژارد و تواناکانی تەرخانکرد بۆ گەیاندنی ڕاستی کۆمەڵگاکەی، وتی: کەسایەتی کاریگەر و کاری ماندوو نەناسانەی دلیشان بەشداری کردووە لە جێهێشتنی جێپەنجەیەکی ڕوون و میراسێکی گرنگ لە میدیاکاندا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دلیشان بە ڕۆحی مامۆستایەک مامەڵەی لەگەڵ هاوکارەکانی کردووە، ئەمەش لە باوەڕی بە گرنگی ڕادیۆی "دەنگی کۆبانێ" و ڕۆڵی ڕادیۆی "دەنگی کۆبانێ" و ڕۆڵی لە شۆڕشدا سەرچاوەی گرتووە، بەتایبەتی کە یەکێک بووە لە دامەزراوە پێشەنگەکانی ڕاگەیاندن لە ناوچەکەدا، بۆیە هەوڵێکی زۆری خستەگەڕ بۆ پەرەپێدانی کاری میدیایی و بەرزکردنەوەی تواناکانی کارمەندەکانی، پێیوابوو بونیادنانی میدیایەکی بەهێز لە ئامادەکردنی کارمەندانی شارەزا دەستپێدەکات کە توانای ئەنجامدانی ئەرکەکەیان بە شێوەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە هەبێت.

 

سەبارەت بە کەسایەتی دلیشان و ئەو یادگاریانەی لەگەڵیدا بەشکردووە، شیلان محەمەد زەردەخەنەی بەردەوام و ڕۆحی ئەرێنی خۆی بیرهێنایەوە و وتی: لە هەر کوێیەک بووبێت، خۆشی و شادی هەوای پڕکردووە، ڕووخسارێکی دڵخۆش و کەسایەتییەکی بەهێزی هەبوو، مۆڕاڵ و متمانەی بەخۆی لە دەوروبەریدا چاند.

 

کامێرایەک کە ئازارەکان بەڵگە دەکات و هیوا دەبەخشێت

ڕۆڵی دلیشان ئیبیش تەنها لە کارکردن لە ناو دامەزراوە میدیاییەکاندا سنووردار نەبوو، ئەو ڕۆژنامەنووسێکی مەیدانی بوو کە ڕووماڵی چەندین هەڵمەتە سەربازییەکانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە، بارودۆخ و ئازارەکانی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنانی ئاوارە لە نێوان ململانێکاندا بەڵگەدار کردووە.

 

سەبارەت بە ڕۆڵی دلیشان لە مەیدانەکەدا، شیلان محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە هێزی تایبەتی لە هاوکارەکانی و شەڕڤانانی دەوروبەریدا ڕەنگدانەوەی هەبووە، لە سەختترین بارودۆخدا هەوڵیدا ورە بەرز بکاتەوە و هەرگیز ڕێگەی نەدەدا ترس ڕێگری لە توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکەی بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دلیشان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پەرەپێدانی کاری میدیایی، بەتایبەتی میدیای ژنان، لەڕێگەی پێداگرییەوە لەسەر گەیاندنی ڕاستی ژنان و ئازارەکانیان،  تیشک خستنە سەر ڕۆڵی ئەوان لە بەرخۆدان و بونیادنانی کۆمەڵگەدا، کامێراکەی بوو بە ئامرازێک بۆ بەڵگەنامەکردنی ڕووداوەکان و ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە ڕاستییەکان و ڕێگەیەک بۆ گەورەکردنی دەنگی ژنان بۆ جیهان.

 

دووپاتی کردەوە کە تشرینی یەکەم یادی ژمارەیەک شەهیدی میدیایی دەکاتەوە کە گیانیان بەخت کرد بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان، لەنێویاندا دلیشان ئیبیش، هەروەها پاراستنی میراسەکەیان بەرپرسیارێتییەکە کە دەکەوێتە سەر شانی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بەردەوامن لە کارکردن لەو بوارەدا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شیلان محەمەد ڕایگەیاند، کە یادکردنەوەی دلیشان تەنها ڕێزگرتن لە یادەوەرییەکەی نییە، بەڵکو درێژەدان بە ئەرکە ڕۆژنامەوانییەکەی و گەورەکردنی دەنگی کۆمەڵگە بۆ جیهان و تیشک خستنە سەر ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێتەوە و ڕۆڵی ئەوان لە شۆڕش و بونیادنانی کۆمەڵگەدا.

 

دوای نۆ ساڵ لە شەهیدبوونی، دلیشان ئیبیش لە یادەوەریی هاوکارەکانیدا ئامادەیی دەمێنێتەوە، ئەمەش بەهۆی هەڵوێست و یادەوەری و ئەزموونی پیشەیی و مرۆڤدۆستییەوە، ئەو ژنە بە کامێرای خۆی لە مەیدانەکەدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام میراسێکی بەجێهێشتووە کە ئەوەمان بیردەخاتەوە ڕۆژنامەگەری تەنها ڕاپۆرتکردنی ڕووداوەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە کۆمەڵگە، شایەتحاڵی ئازارەکانی خەڵکە، هەوڵێکی بەردەوامە بۆ پێدانی دەنگ و وێنەیەک بە ڕاستی کە لەگەڵ کۆچی دوایی ئەوانەی خاوەندارێتی دەکەن، کاڵ نابێتەوە.