ناوەندی هەواڵ- یەكشەممەی ڕابردوو لافاو تەواوی گەڕەكەكانی شاری دەرنەی لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا گرتەوە و بووە هۆی داڕمانی دوو بەنداو، دواتر چەند شوێنێك ژێر ئاو كەوتن و تا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار كەس گیانی لەدەستدا و ١٠ هەزارو ١٠٠ کەسی دیكەش بێسەروشوێن بوون.
كازونۆبو كۆجیما، كارمەندی پزیشكی لە فریاگوزاریی تەندرووستی ڕێكخراوی تەندرووستی جیهانی لە بەیاننامەیەكدا وتی: زیاتر لە هەزار كەس لە قوربانیانی لافاوەكەی لیبیا لە گۆڕی بە كۆمەڵدا نێژراون، بۆیە داوای باشتركردنی پڕۆسەی ناشتنی ئەو قوربانییانە لە گۆڕستانەكان دەكەین.
ئاماژە بەوەشكراوە، پڕۆسەی ناشتنی بەپەلە و بەكۆمەڵ دەبێتە هۆی كێشەی دەروونی درێژخایەن بۆ كەسوكاری قوربانییەكان، ئەمە جگە لەوەی كێشەی كۆمەڵایەتی و یاسایی لێدەكەوێتەوە.




