چلەی ماتەمینی شەهیدان هێڤا عەرەبۆ و دلاوەر عەرەبۆ لە لایەن هاوڕێ و هاوخەباتانیەوە بەرز ڕاگیرا

لە لایەن هاوڕێ و بنەماڵەی شەهیدان، لە مەڕاسیمێکی شکۆمەندانەدا، چلەی شەهیدان هێڤا عەرەبۆ و دلاوەر عەرەبۆ بەڕێوەچوو، بەڵێنی درێژەدان بە خەباتی شەهیدان دوپاتکرایەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ ١١ی ئادار، لە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی چەندین هاوڕێ و هاوخەبات و دایکانی شەهید، مەڕاسیمی چلەی هەردوو شەهید هێڤا عەرەبۆ و دلاوەر عەرەبۆ ، کە لە بۆردوومانی ٢٧ی کانوونی دووەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە سنووری ڕانییەدا کرانە ئامانج بەڕێوەچوو، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و داگیرساندنی مۆم لە لایەن دایکانی شەهیدەوە، یادیان کرایەوە.

 

وەهاب ئەحمەد، لە کۆمیتەی بنەماڵەی شەهیدان، وتارێکی پێشکەشکردو وتی: شەهید هێڤا لەگەڵ هاتنی بۆ باشووری کوردستان خەبات و تێکۆشانەکانی بەرامبەر دوژمنی داگیرکەر هێنایە بوون، بەردەوام لە خەبات و چالاکییەکانی دژ بە داگیرکەری تورک تێکۆشانی دەکرد، لە ڕێگەی پەروەردەکردنی تاکەوە باشووری کوردستانی هەردەم بە چالاکی دەهێشتەوە، هەروەها شەهید دلاوەر وەک گەنجێکی ئەم تێکۆشانە بەردەوام لە خەبات و تێکۆشاندا دژ بە دەسەڵاتانی داگیرکەر تێدەکۆشآ، شەهیدکردنی ئەم کەسایەتییانە کەلێنێکی گەورە لە خەباتماندا دروست دەکات، بەڵام لە ئاست فکرو تێکۆشانیاندا بەردەوام دەبێت لە خەبات و تێکۆشاندابین.

 

ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شکۆمەندییەی بۆ خەباتی کورد دەمێنێتەوە لە پاش تێکۆشانەکانی کورد شەهیدکردنی تێکۆشەرانە، وتی: کورد بە درێژای خەباتی شانازی بە شەهیدانیەوە دەکات، بەداخەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک نەیهێشت شەهید هێڤا و دلاوەر پەیامی ئاشتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان ببیستن، هەڤاڵ هێڤا عەرەبۆ لە پێناو خەباتی ژنان لە پارچەکانی کوردستان و بە تایبەت لە باشووری کوردستان ڕەنجێکی زۆری دەدا، دەوڵەتی داگیرکری تورکیا لە دەسەڵاتی ژنان دەترسێت، بۆیە زۆرێک لە ژنانی خەباتگێڕ بە درۆنی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەکرێنە ئامانج، هەروەها شەهید دلاوەر هاوفکر و خەباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بووە، توانیویەتی چەندین خەبات و تێکۆشان بەرامبەر دوژمن بکات، ئەو دەستکەوتەی لە رۆژئاوای کوردستاندا هەیە بەشێکن لەو خەرمانەی ئەم شەهیدانە کە کۆکراوەتەوە.

 

هەروەها سارا ڕەزا بە ناوی ژنانی باشووری کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، شەهید هێڤا هەموو ژیانی بە ژنان و تێکۆشان بەخشیوە، وتی: شەهید هێڤا ژنێکی هاو خەبات و تێکۆشەر بوو، ژنێک کە هەموو ژیانی بە ئازادی خاک و نەتەوەی کورد بەخشیوە، هەڤاڵ هێڤا یەکێک بوو لە ژنانی تێکۆشەر کە هەموو ژیانی نوێنەرایەتی ژنانی باشووری کوردستانی دەکرد، هەموو ژیانی خۆی پێشکەش بە خەبات و تێکۆشان کرد، ئێمە ڕێ و ڕێبازی ئەو شەهیدانە بەرنادەین، هەڤاڵ هێڤا عەرەبۆ یەکێکە لە تێکۆشەرەکانی باشووری کوردستان.

 

بەیان فەرەج مینە، هاوژینی شەهید بەکر وەک بنەماڵەی شەهید ئاماژەی بەوەکرد، هەڤاڵ هێڤا عەرەبۆ یەکێکە لە تێکۆشەرەکانی باشووری کوردستان وتی: هەڤاڵ هێڤا هیچ زمانێک ناتوانێت باس لە خەبات و باشی بکات، لە مێژە هاوڕێیەتی و هاو خەباتیمان هەیە، لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠دا لە باشووری کوردستاندا خەبات و چالاکی هەبووە، هەر لە ڕێگەی پەروەردەکانیەوە ئێمە شەهید هێڤامان ناسیووە و بەرکەوتەی بووین، کۆتا جار کە هاتەوە بۆ باشووری کوردستان بۆ چەندین کاری ژنانی باشوور هاتەوە، بەڵام لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بە درۆن شەهید کرا.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: ئێمە ڕێگەو ڕێبازی شەهیدان و شەهید هێڤا عەرەبۆ بەرنادەین، لە باشووری کوردستاندا جێ دەستی خەباتی دیارە، ئێمە ناهێڵین خەباتەکەی بەردەوام نەبێت، درێژەدەری خەباتی دەبین.