بزووتنەوەکانی ژنانی ئەفغانستان داوای کۆتاییهێنان بە دەستدرێژیکردن دەکەن

لە پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، بزووتنەوەکانی ژنانی ئەفغانستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەجیا ڕاگەیاندراوییان بڵاوکردەوە و سەرنجیان بۆدەستدرێژیی سیستماتیکیانە دژی ژنان ڕاکێشا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە پێنجەمین ساڵیادی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، زۆرێک لە بزووتنەوەکانی ژنانی ئەفغانستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین دوو ڕاگەیاندراوی جیاوازیان بڵاوکردەوە. لەم لێدوانانەدا داواکاری کۆتاییهێنان بە کۆت و بەند و ئاستەنگەکانی سەر ژنان و دەستەبەرکردنی ئازادی بیرکردنەوە و بەهێزکردنی یەکسانی جێندەری خرایەڕوو.

 

١٥ی ئاب سەرەتای پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانە

لە ڕاگەیاندنەکاندا ١٥ی ئاب بە سەرەتای سەردەمێکی تاریک پێناسە کرا و باس لەوە کرا کە ماف و ئازادی ژنان و منداڵان بە هەموو شێوەیەک پێشێل کران و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و یونامی کرد کە ڕێوشوێنی دەستبەجێ و کردەیی بگرنەبەر بۆ کۆتایی هێنان بە "هەڵاواردنی ڕەگەزی" و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی ژنان.

 

بەرپرسیارێتی و داواکاری تاڵیبان بۆ بەشداریکردن لە بڕیارەکاندا

چالاکوانانی ژنان هەروەها جەختیان لەوە کردەوە کە تاڵیبان بەرپرسە لە گرتن و ئەشکەنجەدان و تۆقاندن و سەرکوتکردنی ژنانی ناڕازی و داوایان کرد کە ژنان و بەتایبەت ژنانی ناڕازی و بەرگریکاران بەشداری لە پرۆسەکانی بڕیاردان سەبارەت بە داهاتووی ئەفغانستان بکەن، هەروەها جەختیان لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی مافی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەفغانستان لە بەرامبەر گەڕانەوەی زۆرەملێیان بۆ ئەفغانستان کردەوە.

 

بانگەواز بۆ ڕاگەیاندن و هێمای بەرخۆدان

هەروەها بزووتنەوەکان داوایان لە میدیاکان کردووە دەنگی ژنانی ئەفغانستان بگەیەنن و ڕێگە نەدەن دۆخەکەیان لەبیر بکرێت. ١٥ی ئاب نەک وەک ڕۆژی رادەستبوون، بەڵکو وەک ڕۆژی دەستپێکی بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان و هەنگاوێکی نوێ بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی پێناسە کرا.