بەرامبەر بە دانپێدانانی ڕووسیا بە تاڵیبان ژنانی چالاکوانانی ئەفغانستان ناڕەزایەتیان دەربڕی
ژنانی چالاکوانانی ئەفغانستان بە توندی بڕیارەکەی ڕووسیایان بۆ دانپێدانان بە حکومەتی تاڵیبان شەرمەزار کردو بە یاسادانان بە ڕژێمێکی ژنکوژ و پاوانخواز پێناسەیان کرد.

ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ٣ی تەمووز، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ناساندنی فەرمی خۆی بە "میرنشینی ئیسلامی ئەفغانستان" وەک حکومەتی دەسەڵاتدار ڕاگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕوانامەی ئەو باڵیۆزەی کە لەلایەن تاڵیبانەوە کاندیدکرابوو، ئەمە یەکەمجارە کە ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی دان بە حکومەتی تاڵیباندا بنێت.
ئەم بڕیارەی مۆسکۆ لە کاتێکدایە کە تاڵیبان بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەی بەرفراوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بەهۆی سنووردارکردنی توندی ژنان و سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان و بێبەشکردنی بەرفراوانی لە خوێندن و بەشداری کۆمەڵایەتی.
هاوکات چین پێشوازی لە بڕیارەکەی ڕووسیا کرد بۆ قبوڵکردنی بڕوانامەی نوێنەری تاڵیبان لە مۆسکۆ، بە هەنگاوێک بۆ بەشداریکردنی ناوچەیی پێناسەی کرد.
ژنانی چالاکوانانی ئەفغانستان بە توندی ڕەخنەیان لە بڕیارەکەی ئەم دواییەی حکومەتی ڕووسیا گرت، بۆ دانپێدانانی حکومەتی تاڵیبان و هۆشدارییان دا لە بەردەوامی سەرکوتکردن و هەڵاواردن و دوورخستنەوەی سیستماتیکی ژنان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا کە لەلایەن تۆڕی بەشداری سیاسی ژنانی ئەفغانستانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەم هەنگاوەی مۆسکۆ بە "یاسادانان بە ڕژێمێکی تاکڕەوی ژنکوژ" پێناسە کراوە کە مافە سەرەتایی و مەدەنییەکانی گەلی ئەفغانستان بەتایبەتی مافەکانی ژنان تێکدەدات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە تۆماری مێژوویی داگیرکاری سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان کراوە، پشتیوانیی ئێستای ڕووسیا بۆ تاڵیبان بە درێژەی هەمان سیاسەتی تێکدەرانە پێناسە کردووە، هۆشداریشی داوە کە ئەم پشتیوانییە ڕێگا خۆش دەکات بۆ بەردەوامی سەرکوتکردن و هەڵاواردن و وەدەرنانی سیستماتیکی ژنان.
ئەم تۆڕە مەدەنییە کە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٢١ پێکهاتووە، لە ژنە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێکهاتووە کە لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک لێدوان و ناڕەزایەتی شەقام و هەڵمەتی ڕاگەیاندییەوە هەوڵ دەدەن دەنگی ژنانی ئەفغانستان بگەیەننە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.