بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان زیاتر لە ٧٦ هەزار کەس لە یەمەن ئاوارە بوون
قەیرانی مرۆیی لە یەمەن لەگەڵ توندتربوونی شەڕ و پێکدادانەکان خراپتر بووە و دەیان هەزار کەسی ناچار کردووە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، هۆشدارییەکان زیاد دەبن کە شەپۆلی ئاوارەبوون بەردەوام دەبێت و هەوڵەکانی فریاگوزاری لە ژێر فشاری زیاتردا دەبن.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ڕایگەیاند، لە مانگی تەمووزەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەمەن ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، ٧٦ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە تایبەتی لە ناوچەکانی کەناراوی ڕۆژئاوا و باشووری تەعز پەرەی سەندووە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ١٢ی ئەیلوول ڕایگەیاند، کە دوایین زانیارییەکانی بەدواداچوونی ئاوارەبوون کە بە هاوکاری لەگەڵ هاوبەشەکانی کۆکراونەتەوە، ئاماژەیە بۆ خێرابوونی بەرچاو لە کۆچکردنی ئاوارەکان، ڕێکخراوەکە پێشبینی دەکات لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەکان بەردەوام بەرزببنەوە ئەگەر شەڕەکان بەردەوام بن لە پەرەسەندن.
تەعز لە پێشەنگی لیستی زۆرترین ناوچە زیانلێکەوتووەکاندایە، نزیکەی هەشت هەزار و ٣٠٠ خێزان کە یەکسانە بە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس، کە لە چەند پارێزگایەکەوە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە، لەوانە شاخی حەبەش، مەعفەر، مەقبەنە، مەوزە و ئەلوەزییە.
لە شاری لەحج، دووهەزار و ٨١٩ خێزان کە کۆی گشتی نزیکەی ١٧ هەزار کەس بوون، ئاوارە بوون و زۆرینەیان لە پارێزگای موزارەبا چڕبوونەتەوە، هەروەها حودەیدە ئاوارەبوونی هەزارو ٣٧٤ خێزانی تۆمارکردووە، کە زیاتر لە هەشت هەزارو ١٠٠ کەس پێکهاتوون، لە ناوچە کەناراوییەکان، بە پلەی یەکەم حەیس و خەوخا. هەروەها ئاوارەبوون کاریگەری لەسەر عەدەن هەبووە، لەوێ ١٩١ خێزان کە کۆی گشتی زیاتر لە هەزارو ١٠٠کەس بوون، ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.
ئیمی بۆب، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، هۆشداریدا لە تێکچوونی بارودۆخی ئەو خێزانانەی کە لە ماوەی ساڵانی شەڕ و پێکدادانەکاندا چەندین جار ئاوارە بوون، وتی: بۆ جاری دووەم یان سێیەم هەندێک خێزان ئاوارە بوون و ئێستا سەرچاوە و تواناکانیان لەڕادەبەدەر سنووردارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، فراوانبوونی شەڕەکان بەربەستی زیاتر لەبەردەم ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاریدا دروست دەکات و گەیشتن بە هاوڵاتیانی مەدەنی قورستر دەکات، کە پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ داوای کرد، کە ڕێڕەوی پارێزراو دابنرێت بۆ ئەوەی ڕێگە بدرێت بە دەستڕاگەیشتنێکی بێ بەربەست بۆ یارمەتییە مرۆییەکان، لەگەڵ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی، کرێکارانی مرۆیی، دامەزراوەکان و ئۆتۆمبێلەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی ڕۆیشتنی پێداویستییە سەرەکییەکان، هەروەها پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن و داخستنی ڕێگاوبان لەو ناوچانەی ڕووبەڕووی پێکدادان دەبنەوە، ڕێگرن لە گەیشتن بە ئاوارەکان، هاوکات ئەستەمە بۆ ژماردنی وردی ژمارەیان و دیاریکردنی پێداویستییەکانیان.
سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە، گروپەکانی ڕێکخراوەکە بەردەوامن لە دابەشکردنی کەرەستەی پەناگە و پێداویستی پاکوخاوێنی و شتومەکی سەرەکی دیکە بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا قەبارەی پێداویستییە مرۆییەکان لە سەرچاوە و توانا بەردەستەکان زیاترە.
کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون لە ماوەیەکی کورتدا.، ڕۆژی هەینی حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە، ئاوارەبوونی دوو هەزار و ٣٩٨ خێزانی دیکەی لە یەک ڕۆژدا ڕاگەیاند، کە ٨٢٣ بنەماڵە لە تەعز و هەزار و ٥٧٥ بنەماڵە لە لەحج، لە ئەنجامی پێکهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییە.