بارانی بەخوڕ و تەرزە زیانی بەچەند شوێنێکی هەولێر و سلێمانی گەیاند

بەهۆی ئەو شەپۆلە باران و تەرزەیەی دوێنێ شەممە شارو شارۆچکەکانی هەولێر و سلێمانی گرتەوە و بووە هۆی دروستبوونی لافا و زیانی بە ماڵان و ڕێگەوبانەکان گەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەم، باران بارینی بەخوڕ و تەرزە زۆربەی شوێنەکانی سنوری هەولێر و سلێمانی گرتەوەو بەهۆی بەرز بوونەوەی ئاو لە زۆربەی گەڕەک و شەقامەکان زیان بەر ماڵان و هەروەها ڕێگەو بانەکان کەوت.

لە هەولێر لە چەند شوێنێك لافاو هه‌ستا و هاتووچۆى هاوڵاتییان په‌كی كه‌وت، بەمەبەستى پاککردنەوەى ڕێگاکان و ئاساییکردنەوەى هاتووچۆى هاوڵاتییان، ئەمڕۆ ٣١ی تشرینی یەکەم لەسەرجەم دامودەزگا و فەرمانگەکانى حکومى و قوتابخانە ئەهلى و حکومییەکان لە سنوورى پارێزگای هەولێر پشووى فەرمییە، تەنها فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان نەبێت کە لە ئەرکدا دەبن بۆ ڕاماڵینى و پاککردنەوەى ئەو شەقام و شوێنانەى کە بەهۆى لافاوەوە دووچارى گرفتى هاتووچۆ هاتوون، لەبەرئەوى لە چەند گەڕەک و شەقامێکی گشتیى بەهۆى پاشماوەى لافاو ئاستەنگ لەبەردەم هاتووچۆى هاوڵاتییان دروست بووە و ڕێگاى هاتووچۆ نەماوە.

لە سلێمانیش بەهەمان شێوە ئاو چووە چەند ماڵێکەوە و وەزارەتی کارەبای هەرێمیش ڕایگەیاند، لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی توندی باو بارانێکی بەخوڕ، هێڵێکی ١٣٢کەی ڤی لە پارێزگای سلێمانی کەوت و چەند زیانێکی دیکەش بەر هێڵەکانی ١١ و ٣٣ کەوت و شۆڕتی کارەباش لە ٤١ فیدەری کارەبا لە ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی دروست بوو.

بۆ پاراستنی گیانی تیمەکان و هاووڵاتیان و خێرا چارەسەرکردنی گرفتەکان، کارەبای گشتی بۆ چەند کاتژمێرێک لە چەند شوێنێک کوژێنرایەوە.

بەشی کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان و تیمەکانی چاککردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دابەشکردنی کارەبا گرفتەکانیان چارەسەر کرد و کارەبا لە ماوەیەکی کەمدا ئاسایی بووەوە.

هاوکات داوا لە هاووڵاتیان کراوە لەکاتی بارانبارین و هەورە تریشقە خۆیان لە تاوەرەکانی کارەبا بە دوور بگرن کە مەترسی بۆ سەر گیانیان دروست دەکات.