ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا (مەکەگە) ڕاپۆرتی مانگی ئاداری ٢٠٢٥ی پێشلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسانی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، پێشلکاریی مافی ڕۆژنامەوانان تەنها لە پێشلکاری جەستەیی و یاسادا نەماوەتەوە و هاتووە: "سیاسەتێکی مەترسیداری جددی سانسۆرکردن و ئاستەنگکردن لەسەر میدیای دیجیتاڵیش لە ئارادایە.
لە ڕاپۆرتەکەدا مەکەگە پشتیوانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەوانان دووپات کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە لەبەرانبەر ئەم پێشلکارییانەی دەوڵەتی تورکدا بێدەنگ نابن.
لە بەردەوامی ڕاپۆرتەکەدا دەستنیشان کراوە لە ئێستادا ٩ ڕۆژنامەوانی ژن خراونەتە زیندانەوە و داوای بەردانی ئەو ڕۆژنامەوانانە کراوە و هاتووە: "ڕۆژنامەوانی تاوان نییە. ڕۆژنامەوانانی ژن بێدەنگ نابن و بەردەوام دەبن لە ڕووماڵی ڕاستییەکان. ئەم تێکۆشانە بە تەنها بۆ ئازادی ڕاگەیاندن نییە، هاوکات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری درووستە بۆ ڕای گشتی.
مەکەگە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەم بانگەوازیانەی کردووە:
- ئازادی ڕاگەیاندن، دەربڕینی مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە؛ پێویستە بپارێزرێت و پەرەی پێبدرێت.
- دەبێت دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو فشار و هەڕەشە ڕەگەزیانە بکرێت کە لە دژی ڕۆژنامەوانانی ژن ئەنجام دراون و کۆتایی بە سیاسەتی سزانەدان بهێندرێت.
- دەبێت کۆتایی بە سانسۆرکردنی دیجیتاڵ میدیا بهێندرێت و کۆتایی بە ڕێگریکردن ڕێگە بە دەستگەیشتنی ڕۆژنامەوانان بە زانیاریی بدرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ناوی ڕۆژنامەوانە زیندانکراوەکان بەم شێوەیە:
ئەلیف ئاکگول – ڕۆژنامەوان
ئەلیف ئەرسۆی – بەرێوەبەری کاری نوسینی گۆڤاری یوریویشێ
خەدیجە دومان – بەڕێوەبەری کاری نوسین و خوێندنەوەی ڕۆژنامەی ئاتلمە
نەجلە دەمیر ئارڤاس – ڕۆژنامەوان
ئۆزەدەن کنک – کارمەندی پێشووی تەرەتە
ئۆزنور دەگەر – بەڕێوەبەریی هەواڵیی ژن نیوز
ڕەحمە کارڤار – ڕۆژنامەوان
ڕەیحان حاجی ئۆغلو – ڕۆژنامەوانی یەنی یاشام
زوڵەیخا مولدور – ڕۆژنامەوانی ئاژانسی هەوڵی ئەتکین.




