چالاکوانێک: ژنان پێویستیان بە یاسایەک هەیە کە مافەکانیان لە دوای جیابوونەوە مسۆگەر بکات

زاهیرە هیدان، چالاکوانی دەستەی مەغریب جەختی لەسەر پێویستی هەبوونی یاسایەک کردەوە بۆ پاراستنی ژنان لەو نادادپەروەرییەی کە دوای جیابوونەوە، لە پشکی خۆیان لەو ماڵ و موڵکەی لە کاتی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەستیان هێناوە، بێبەشیان دەکات.

ڕەجا خەیرات

 

مەغریب- هاوبەشکردنی موڵک و ماڵ یەکێکە لەو کێشانەی کە لە هەموارکردنەوەی داهاتووی یاسای خێزان لە مەغریبدا هاتووەتە ئاراوە، چونکە ژنان زۆرترین زیانبەرکەوتووی ئەو یاسایەن دوای ئەوەی لە هاوژینەکانیان جیا دەبنەوە.

 

دوای تەواوبوونی کاری ئەو دەستەیەی، کە ئەرکی پێداچوونەوەی یاسای خێزان و پێشکەشکردنی بە شای وڵاتەکەی پێ سپێردرابوو، یاسای خێزان ڕەوانەی ئەنجومەنی باڵای زانستی کرا، لەناو ئەو ماددانەی کە کێشەی گەورە دروست دەکەن، ماددەی ٤٩ هەیە کە دەڵێت: "هەر یەکێک لە هاوژینەکان بەرپرسیارێتی دارایی سەربەخۆیان هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی ئەو پارانەی کە لە کاتی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەست دەهێنرێن، لەوانەیە ڕێکبکەون لەسەر وەبەرهێنان و دابەشکردنی، بەو پێیەی ئەم ڕێککەوتنە لە بەڵگەنامەیەکی سەربەخۆ لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا هاتووە".

 

"ماندووبوون و هەوڵدان" نۆرمێکن کە مافی سامانی بە دەستهێندراو بە ژنان دەبەخشن

زاهیرە هیدان، چالاکوانی مافی مرۆڤ و پارێزەر لە دەستەی مەغریب، وتی: ژنان بەشدارن لە پەرەپێدانی سامانی پەیوەندیدار بە خێزان، هەرچەندە لە هەندێک ناوچەی مەغریب ئەم بەشدارییە بە وردی پێناسە کراوە بۆ نموونە لە ناوچەی سوس لە باشووری مەغریب پێی دەوترێت “ماندووبوون و هەوڵدان"، لە کاتێکدا لە باکووری مەغریب پێی دەوترێت "مافی نەهامەتی" "ئەرکەکانی ماڵەوە"، هەرچەندە ناوەکان بەپێی ناوچەکان جیاوازن، بەڵام بنەماکە وەک یەکە.

 

بە ئاماژەدان بە سروشتی ئەو ناوچانە ڕوونی کردەوە، ژنان لە بوارە جیاجیاکان لە ناوچە شاخاوییەکان فێربوون، وەک فەرش و بەرگی پشمی و قوماشی تری دەستی دروستبکەن، هەروەها لە کێڵگەکاندا کاریان دەکرد، لە کاتێکدا پیاوەکان لە شارەکانی دوور لە گوندەکانیان کاردەکەن، ئەمەش وادەخوازێت کە ژنان مافی خۆیان لەو سامانە پێبدرێت کە لە کاتی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەستیان هێناوە، دوای دەرچوونی یاسای خێزان، کە لە ماددەی ٤٩دا دابەشکردنی موڵک و ماڵی دیاریکردووە لە نێوان هاوژینەکان دوای جیابوونەوە، بەڵام بە مەرجێک کە مافی ژنەکان مسۆگەر نەکات.

 

یاسای نادادپەروەرانە بۆ ژنان

ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسادانەری مەغریب بڕیاریداوە لەڕێگەی ئەم ماددەیەوە بنەمای "ماندووبوون و هەوڵدان" بەکاربهێنێت، بەو پێیەی تێیدا هاتووە "هاوژینەکان دەتوانن ڕێکبکەون لەسەر هاوبەشکردنی ئەو موڵکە کە لە کاتی بوونی پەیوەندی هاوسەرگیرییەکەدا کۆکراوەتەوە"، ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە بنەماکە سەربەخۆیی بەرپرسیارێتی دارایی هەر لایەنێکە، ئەمە کارا نابێت مەگەر لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا ڕێککەوتن نەکرێت کە ئەوەی لە کاتی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بە دەستهاتووە مافێکە بۆ هەردوو لایەن.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەمە تەنها بە پێویستی گرێبەستێک لە نێوان ئەو دووانەدا دەکرێت کە گرێبەستی هاوسەرگیری لەخۆ بگرێت، بەو پێیەی مەرجی ئەوە هاتووە ئەوەی لە ماوەی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەست هاتووە مافە بۆ هەردوولا، لە نەبوونیشیدا لەم گرێبەستەدا، پەنا بۆ ڕێسا گشتیەکانی سەلماندن دەبرێت، واتە هەردوو لایەن پێویستە لە ڕێگەی بەڵگەنامەی ماددییەوە بیسەلمێنن.

 

سەبارەت بەم بەڵگانەش ئاماژەی بەوەدا، زۆربەی ئەو ژنانەی کە لە پیشەی نافەرمیدا کاردەکەن، یان ژنی ماڵەوەن، هیچ بەڵگەیەکیان نییە بۆ ئەوەی بیخەنە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەوەی بەشداریی خۆیان لە بونیادنانی ئەم سامانەدا نیشان بدەن، ئەمەش چەندین کێشە لەو بارەوە دەوروژێنێت، بەو پێیەی بەڵگە پەیوەستە لەسەر پێشکەشکردنی بەڵگەنامەکان بۆ دادگا و ڕوونکردنەوە دەدات کە پارە گواستراوەتەوە بۆ نموونە بۆ سوودی پیاوەکە، یان بەدەستهێنانی هەندێک پێداویستی ماڵەوە، یان بەشداریکردن لە دروستکردنی ماڵەکەدا، ئەگەر ژنەکە نەیتوانی ئەم بەڵگانە دابین بکات، ئەوا بە دەستی بەتاڵ دەڕوات.

 

یاسایەک پێویستە کە مافی ژنان دوای جیابوونەوە مسۆگەر بکات

زاهیرە هیدان ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەو ژنەی بەڵگەنامەکان بهێڵێتەوە کە دەیسەلمێنێت بەشداری کردووە لە بونیادنانی ئەو پارەیەی کە لە کاتی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەستی هێناوە، ئەمەش نیەتێکی شاراوە لەلای ئەوەوە دەسەپێنێت کە ئەم پەیوەندییە هاوسەرگیرییە بەردەوام نابێت، هەر بۆیە دەبێت بەڵگە پێشکەش بکات بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.

 

سەبارەت بە گرنگی بەستنی گرێبەست لە کاتی هاوسەرگیریدا، وەک لە یاسادانەردا هاتووە، دووپاتی کردەوە کە زۆربەی ژنان بەبێ گوێدانە ئەو کارە یان پۆستانەی کە دەتوانن هەڵیبگرن "چ پزیشک بن، ژنی ماڵەوە بن، یان کەسانی دیکە"، ڕەتیدەکەنەوە ئەم گرێبەستە لە کاتی هاوسەرگیریدا ئەنجام بدەن، چونکە بێمتمانەیی لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا دروست دەکات وادەزان نیەتێکی شاراوە هەیە بۆ تەواو نەکردنی پەیوەندی هاوسەرگیری، بۆ دوورکەوتنەوە لەم شەرمەزارییە، زۆربەی ژنان گرێبەستی هاوسەرگیری ئەنجام نادەن، ئەمەش دوای ڕوودانی جیابوونەوەکە مافەکانی لێ زەوت دەکات.

 

هەروەها دووپاتی کردەوە کە هەندێک دادگا هەن دادپەروەرییان کردووە بەرامبەر هەندێک لە ژنەکان بە بڕیاری دادوەری کە پشکی خۆیان لەو پارەیەی لە ماوەی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەستیان هێناوە، بەڵام ئەوان وەک دۆسیەی گۆشەگیر دەمێننەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆسیانەی کە خراوەتە بەردەم دەسەڵاتی دادوەری خێزان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێویستی هەبوونی یاسایەکی ڕوون کردەوە کە ژنان لەو نادادپەروەرییە بپارێزێت، بەهۆی لێسەندنەوەی پشکی خۆیان لەو موڵکانەی کە لە ماوەی پەیوەندی هاوسەرگیریدا بەدەستیان هێناوە.