یاسا لە بەرامبەر کوشتنی ژنان ئەرکەکانی جێبەجێ ناکات

ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت و ژنان ڕووبەڕووی کوشتن دەکاتەوە، چلاکوانانی ژنان و پارێزەران هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ جێبەجێنەکردنی یاسا بەسەر تاوانباران و پێشێلکردنی مافی ژنان لە کاتی جیابوونەوەی هاوژیناندا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕووداوەکانی ژن کوشتن لە مانگانەوە بووەتە ڕۆژانە، بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نوژنها لە پێنج مانگی ئەمساڵدا کۆیکردووەتەوە، زیاتر لە ٣٠ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون، هەندێک لە ژێر ناوەی شەرەف، هەندێکی دیکە کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بەشێکی دیکەیان لەوکاتەی لەگەڵ هاوژینەکەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و داوای جیابوونەوە دەکەن، ڕووبەڕووی کوشتن و پەلاماردان دەبنەوە، لەکاتێکدا جیابوونەوە لە پای هەبوونی ژیانێکی پڕ توندوتیژی دژی ژنان مافی ژنە.

 

"دۆخی ژنان گەڕاوەتەوە بۆ ئەو سەردەمەی یاسایەک نەبوو تایبەت بە پرسی ژنان"

ئەوەی لەم دواییانەدا بەدی دەکرێت کوشتنی ئەو ژنانەیە کە لە هاوژینەکەیان جیابوونەتەوە، یاخود کێشەی خێزانیان هەیە، شەددە بەشیر، ئەندامی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان، دەربارەی دۆخی ژنان لە ئێستای باشووری کوردستان بۆ نوژنهای ڕوونکردەوە، کە دۆخەکە گەڕاوەتە بۆ سەردەمی نەبوونی یاسا، کە هیچ لایەن و ڕێکخراوێکیش نەبوو پاڵپشتی بکات، بەڵام ئێستا سەرەڕای بوونی هۆشیاری، ڕێکخراوەکان و یاسا کەچی ژنان ڕۆژانە دەکوژرێن و  توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

 

"پێویستە لە بوونی هەر حاڵەتێک پۆلیس و لایەنی جێبەجێکار بە شێوەیەکی ورد چاودێری کێشەکان بکەن و ئەو کەسانەی داوا کراون لەلایەن دادگاکانەوە ڕاستەوخۆ دەستگیربکرێن، بەڵام نەبوونی ئەم هەڵوێستە جدیانە و گوێنەدان بە کەیسەکانی ژنان وای کردووە ڕووداوەکانی کوشتنی ژنان زیاتر و زیاتر بن و پیاوان دووبارەی بکەنەوە"، هەروەها هەبوونی چەک هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژنانە، لە ئێستادا زۆرینەی ماڵەکانی باشووری کوردستان چەک هەیە و هیچ کەسێکیش لێپرسینەوە لە بەکارهێنەرانی ناکات".

 

بەرپرسەکان خۆیان ڕێگە بۆ زیادبوونی کێشەکانی ژنان خۆشدەکەن

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکدا لەسەر کوشتنی ژنان دەڵێت: "لە هەموو جیهاندا کوشتنی ژنان هەیە"، شەدە بەشیر لەوبارەیەوە وتی: "وەک ژنانی چالاکوان و ڕێکخراوەکان ئەو بێ هیواییەی دەیبینین ئەوەیە کە ئەو کەسانەی بەرپرسن لەسەر ئاستی هەرێم بڕوای تەواویان بە پرسەکانی ژنان نییە، کێشەی ژنان نەبووەتە کێشەی کۆمەڵگاکەیان و پرسی ژنان نەبووتە پرسی کۆمەڵایەتی لەلایەن".

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە بڕوانەبوون بە پرسی ژن، وای کردووە تۆمەتباران لەلایەن سەرۆک عەشیرەتەکان و کەسانی باڵادەستی ناو حیزبە سیاسییەکانەوە داڵدەبدرێن.

 

"کامێراکانی چاودێری ڕێگەیان ئاسانکردووە بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن"

هاوژین ئەحمەد، پارێزەری ڕاوێژکار، لە ڕووی یاساییەوە دۆخی ژنانی ئێستای خستەڕوو، هاوڕا بوو لەگەڵ شەدە بەشیردا و هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژنانی گەڕاندەوە بۆ بوونی چەک لە ماڵەکاندا و دەستکەوتنی چەک بە ئاسانترین شێوە، لەکاتێکدا هەڵگرتن و فرۆشتنی چەک قەدەغەیە، وتیشی ئەو کەسەی کوشتن ئەنجامدەدات بەپێی یاسای سزادانی عێراقی سزای لەسێدارەدانی هەیە، بەڵام ئەم ماددەیە لە ئێستادا جێبەجێناکرێت.

 

ئەو پارێزەرە هەبوونی کامێرای چاودێری کردە هۆکارێکی ئاسان بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن، چونکە پێیوایە لەو کامێرای چاودێریانەوە کەسی بکوژ دەتوانێت بە ئاسانی چاودێری کەسی ئامانج بکات و لە درفەتێکدا بیکوژێت.

 

"نەبوونی سەروەری یاسا ڕووداوەکانی زیاد کردووە"

لە وڵاتێکدا یاسا سەروەر بوو، تاوان و کوشتن کەم دەبێتەوە بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی یاسا سەروەر نییە، تاوانەکان زیادیکردووە و ترسی لەلای ژنان دروستکردووە، هاوژین ئەحمەد وتی: "کەیسم هەبووە ژنەکە ویستوویەتی جیابێتەوە، بەڵام لە ترسا نەیوێراوە، بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەوڵمانداوە سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین بەرامبەر کەسی تۆمەتبار، بەڵام ئەم کەسانە دەستگیرناکرێن، یاخود کەیس هەیە تۆمەتبارەکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە بەڵام دەستگیر ناکرێن و فرسەتێکیان بۆ دەڕەخستێت هاوژینەکەی بکوژێت، چونکە سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە یاخود داوای جیابوونەوەی بەرز کردووەتەوە".

 

"بەپێی یاسا ئەنجامدانی توندوتیژی لە پاش جیابوونەوە سزای لەسەرە"

ئەو پارێزەرە دەربارەی جیابوونەوەی هاوژینان زانیاری دەدات کە بەپێی یاسا جیابوونەوە مافی هاوژینانە، سێ جۆر جیابوونەوەش هەیە، پیاوێک بیەوێت لە ژنەکەی جیابێتەوە، لەوکاتەدا هیچ کێشەیەک دروست نابێت، دووەمیان لە بوونی کێشەیەکدا هەر لایەنێک بێت داوای جیابوونەوە دەکات، لەم کاتەدا هەردوولا مافی بەرزکردنەوەی داوای جیابوونەوەیان هەیە، سێیەمیان جیابوونەوەیەک هەیە بە ڕێککەوتنە، زۆرکات پیاوان لە پاش ئەم ڕێککەوتنەش کێشە دەنێنەوە و توندوتیژی دەکەن بەرامبەر هاوژینەکانیان.

 

"هەرچەندە ژنان مافی جیابوونەوەیان هەیە، بەڵام ئەم مافەیان لێسەندراوەتەوە و هاوژینەکانیان ڕێگەیان لێدەگرن لە دادگا باس لە خراپەکاری و توندوتیژیەکانی بکات کە بەرامبەری ئەنجامیداوە، بێگومان توندوتیژی لە دوای جیابوونەوە یاخود لە کاتی پڕۆسەکەدا نایاساییە و سزای بۆ دیاری کراوە بە جۆرێک هەر پیاوێک توندوتیژی بکات لە پاش جیابوونەوە بەپێی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ی توندوتیژی خێزان، ئەوا ڕووبەرووی سزا دەبێتەوە".

 

ئەگەر دۆخی باشووری کوردستان بەم جۆرە بڕوات بەرەو داهاتوویەکی خراپ دەچێت، بۆیە وەک پارێزەرێک، هاوژین ئەحمەد پێی باشە پارێزەران، ڕێکخراوەکان، پەرلەمانتار و ژنانی نێو کایە سیاسییەکان و ژنانی چالاکوانان هەوڵبدەن بە باشترین شێوە ڕووبەڕووی ئەم توندوتیژیانە ببنەوە پەرلەمان خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە ئاست بوونی کێشەکانی ژنان و لیژنە یاساییەکان وردبینی بکەن بۆ کەموکورتییەکانی یاساکان.